به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌ی سیده‌كان: 130 گوند له‌ سنووری‌ هه‌ولێر چۆڵ کران

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌ی سیده‌كان ئاشكرای ده‌كات که‌ شه‌ڕ و پێكدادانی ناوچه‌ سنوورییه‌كانی نێوان هه‌رێم به‌هۆی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌كانی گه‌ریلاكانی په‌كه‌كه‌ و سوپای توركیا زیاتر بوووه‌ و به‌و بۆنه‌وه‌ 115 گوند چۆڵ كراون و 15 گوندی‌ دیكه‌ش چۆڵ ده‌كرێن‌.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 8ی کانوونی یه‌که‌می 2018 ئیحسان عه‌بدولقادر به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌ی سیده‌كان به ‌SNNی گوت: "له‌ 24ی 12ی ساڵی 2017وه‌ سوپای توركیا هاتنه‌ ناو هه‌رێم و له‌ ڕۆژی (23-24)ی 9ی ئه‌مساڵیش ژماره‌یێک له‌ هێزه‌كانی له‌ سنووری دێلکی سه‌ر به‌ ‌گوندی لیلكان زیاد كرد به‌ڵام ئۆپه‌راسیۆنی به‌رده‌وامیان هه‌یه ‌و شه‌ڕ و پێكدادانیش له ‌سنووره‌كه‌مان درێژه‌ی هه‌یه‌".

ناوبراو سه‌باره‌ت به ‌ڕه‌وشی كه‌شوهه‌وا و زیادبوونی شه‌ڕ و پێكدادانه‌كان گوتیشی: "به‌هۆی ناله‌باری كه‌شوهه‌وا له‌ زستان و پاییز و هه‌ڵم و ته‌مێكی زۆر له‌سه‌ر شاخه‌كان و به‌فر و بارانبارین بۆردومانی ناوچه‌ سنوورییه‌كان كه‌م ده‌كات چوونكه‌ ناتوانێت له ‌ئاسمانه‌وه‌ بنكه ‌و باره‌گاكانی په‌كه‌كه‌ ببینێت".

ئه‌وه‌شی‌ ڕوون كرده‌وه‌: "له ‌به‌رامبه‌ریشدا گه‌ریلاكانی په‌كه‌كه‌ ئه‌و كه‌شوهه‌وایه‌ به ‌ده‌رفه‌ت ده‌زانن هێرش ده‌كه‌نه‌ سه‌ر بنكه‌ و باره‌گاكانی توركیا و ئه‌وه‌ش وای كردوووه‌ له ‌ڕێگه‌ی هێلیكۆپته‌ر و تۆپخانه‌كانی توركیاوه‌ زیاتر ناوچه‌كه‌ تۆپباران بكرێت".

قائیمقامی سیده‌كان جه‌ختیشی كرده‌وه‌: "به‌رده‌وام پێكدادان له ‌سنووری سیده‌كان هه‌یه‌ و له ‌ڕابردوشدا 115 گوند چۆڵ كراون به‌ڵام ئه‌گه‌ر به‌مشێوه‌یه‌ دۆخه‌كه‌ به‌رده‌وام بێت 15 گوندی دیكه‌ی سنووری ناحیه‌ی سیده‌كان به‌هۆی زیادبوونی مه‌ترسییه‌كانه‌وه‌ چۆڵ ده‌كرێن".

هۆشداریشی له‌ دروست بوونی كاریگه‌ریی تۆپبارانه‌كان له ‌سنووری سیده‌كان دا و وتی:"ئه‌و گوندانه‌ی تۆپبارانیان له‌سه‌ره‌، زۆر نزیكن له‌و گوندانه‌ی هاووڵاتییان تێیدا نیشته‌جێن و مه‌ترسیی گه‌وره‌شیان له‌سه‌ر دروست كردوون".

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 50094

Your Comment

You are replying to: .
captcha