کوردپرێس:
محەمەد باقر نەوبەخت جێگری سەرۆککۆمار و سەرۆکی بودجە و پلاندانای ئێران لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند: ڕەشنووسی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی ساڵی 1398 تەواو کراوە و بەپێی پەیڕەوی ناوخۆ ڕۆژی پێنجشەمە 15ی سەرماوەز ئاراستەی پەرلەمان دەکرێت.
لە ڕەشنووسی پڕۆژەیاسای بودجەی 98دا بڕی 14 ملیار دۆلار بۆ هاوردەکردنی کاڵای زەرووری و سەرەتایی تەرخان کراوە و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان باس لەوە کرابوو کە نرخی دراوی دۆلار لەو بودجەیەدا 8000 تمەن پێشبینی کراوە بەڵام لایەنی فەرمی ئەو دەنگۆیانەی ڕەت کردەوە و تا ئەم کاتە هەواڵێکی فەرمی لە بەرپرسانی حکوومییەوە لەو بارەیەوە نەدرکێندراوە.
هەر لەو بارەیەوە ئاژانسی تەسنیمی ئێرانی لە زاری وتەبێژی دەستەی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئێرانەوە وتوویەتی نرخی دراوی دۆلار لە ڕەشنووسی پڕۆژەیاسای بودجەدا 5700 تمەن و نرخی نەوتیش بە گوێرەی بەرمیلی 54 دۆلار داڕێژراوە.
بەهرۆز نێعمەتی ئەوەشی زیاد کردووە کە ڕێژەی نەوتی هەناردەکراویش لە بودجەی 98دا ڕۆژانە یەک ملوێن و 500 هەزار بەرمیل لەبەرچاو گیراوە.
ڕەشنووسی پڕۆژەیاسای بودجە لە کاتێکدا ئامادە کراوە کە کەرتی ئابووری لە ئێران کەشێکی قەیراناوی تێدەپەڕێنێت و بە هۆی سزا ئابوورییەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران، کێشەی دراو و داهاتی نەوت و دابین­کردنی کاڵای زەرووری بۆ بژێوی ژیانی هاووڵاتییان و بەگشتی هاوردە و هەناردەکاری لە ئێران تووشی گرفت بووە.
Your Comment