وڵاتانی جیهانی گەمارۆکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران بە هیچ نازانن

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- سەرکونسووڵی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە هەولێر لە دیمانەیێک لەگەڵ کوردپرێسدا وتوویەتی گەمارۆکانی ئەمریکا دژ بە ئێران شوێندانەریی لە عیلاقات و پێوەندیی بازرگانیی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان نابێت و بەرپرسان و کەسایەتییەکانی هەرێمی کوردستان ئامادە نیین گەمارۆکان جێبەجێ بکەن لەبەر ئەوەی گەمارۆکان بە گەمارۆی سەر خەڵکی هەرێم دەزانن.

کوردپرێس:

قۆناغی دووهەمی گەمارۆکانی سەر ئێران دەستی پێکرد و ئەمریکا هیوای بە قۆناغی دووهەمی گەمارۆکان بوو کە کەرتی ئابووریی ئێرانی پێ پەک بخات و ئاڵوگۆڕی بازرگانیی ئێران لەگەڵ وڵاتانی هەرێمی و جیهانی بوەستێنێت بەڵام بەوەشەوە پێوەندی و ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان ئێران و وڵاتانی هەرێمی و جیهانی بەردەوامە و هەرێمی کوردستانیش ئامادە نەبووە پێوەندییە بازرگانی و ئابووری و سیاسییەکانی خۆی لەگەڵ ئێران پەک بخات.

مورتەزا عەبادی سەرکونسووڵی ئێران لە هەولێر گفتوگۆیێکی تایبەتی لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی کوردپرێس کردووە و لەو بارەیەوە وەڵامی چەند پرسیارێکی داوەتەوە و دەڵێت: پێوەندی و ئاڵوگۆڕی بازرگانی و هاوبەشیی کەلتووری و مێژوویی و سیاسیی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان لە ئاستێکی بەرزدایە و ئەمریکا نەیتوانیوە خەلەل لە عیلاقاتی نێوان ئەو دوولایەنەدا دروست بکات.

دەقی دیمانەکە لێرەوە بخوێنەوە:

کوردپرێس: ئێستا ئاستی پێوەندی و ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان چۆنە؟

مورتەزا عەبادی: پێوەندیی بازرگانیی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان سەرچاوەی لە هاوبەشیی فەرهەنگی و مێژوویی گرتووە و لەگەڵ بەرژەوەندی و قازانجی ژیانی هاووڵاتییان یەک دەگرێتەوە.

چالاکانی کەرتی ئابووریی هەرێمی کوردستان، ناوەندەکانی بەرهەمهێنان و کاڵا ئێرانییەکان باش دەناسن و کاڵا ئێرانییەکان بە گونجاو دەزانن بۆ تەشکی بەکارهێنەران لە هەرێمی کوردستان و کوالێتیی باش و نرخی نزمی کاڵاکان و گواستنەوەی ئاسان چەند خاڵی گرینگن بۆ مانەوەی تەعامولی دوولایەنە. بەو پێیەش بازرگانانی هەرێمی کوردستان بەگوێرەی بەرژەوەندیی خۆیان کار بۆ دەوڵەمەندکردنی پێوەندیی ئابوورییان لەگەڵ ئێران دەکەن و ئەوەش کە دەبینین لە 7 مانگی یەکەمی ساڵی 97دا ئاستی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان دوو لایەن بە ڕێژەی 25 لە سەد زیادی کردووە دەلالەتە لە سەر ڕوانینی ئیجابیی دوولایەنە بۆ مەسەلەی پێوەندیی ئابووری.

کوردپرێس: ئایا دەست­پێکردنی گەمارۆکانی ئەمریکا دژبە ئێران، کارتێکەریی بووە لەسەر پێوەندیی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان؟

مورتەزا عەبادی: گەمارۆکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران تەنانەت داودەرمانی نەخۆشانیشی کردۆتە ئامانج و مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ پێش 40 ساڵ بەڵام جیاوازیی ئەم جارەیان ئەوەیە کە قۆناغی نوێی گەمارۆکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران لەلایەن هیچ وڵاتێکەوە قبووڵ نەکراوە و وڵاتانی جیهانی بە هیچی نازانن؛ بۆیە هەرێمی کوردستانیش ڕاست وەکوو دەوڵەتی ناوەندیی بەغدا بڕوای وایە ئێستا بە ئاراستەیێکدا تێپەڕ نابن کە پێوەندیی ئابووریی خۆیان لەگەڵ ئێران بپچڕێنن و گەمارۆ بخەنە سەر خەڵکەکەی خۆیان. هەر بەو پێیەش کۆمەڵگەی دەولی گەمارۆی بێدادانەی ئەمریکا بۆ سەر ئێران بە هیچ نازانێت و گەمارۆکان شوێندانەرییان نابێت.

هەڵبەت جێگەی داخە کە نەبوونی هەماهەنگی لە دایرە چالاکەکانی دەروازە سنوورییەکانی ئێران بەتایبەت گومرگ و پەساپۆرت و دەزگای سووتەمەنی و پۆلیسی سەرسنوور، گەلێک زیاتر لە گەمارۆکانی ئەمریکا کارتێکەریی نەرێنیی بووە لە پێوەندییە ئابوورییەکانی نێوان دوو لایەندا.

کوردپرێس: لە دیدارەکانتاندا هەڵوێست و ڕوانگەی بەرپرسانی فەرمیی هەرێمی کوردستان لەبارەی گەمارۆکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران چی بووە؟

مورتەزا عەبادی: ئەمریکییەکان چەندین جار لەبارەی مەسەلەی گەمارۆکانەوە قسەیان لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی کوردستان کردووە بەڵام نەیانتوانیوە قەناعەت بە وڵامەکان بهێنن و هەڵوێست و وەڵامی بەرپرسانی هەرێمی کوردستان شەفاف و ئاشکرا و عەقڵانی بووە و وتوویانە هەڵپەساردن یان سڕکردنی پێوەندیی ئابووریی ئێران و هەرێمی کوردستان مومکین نییە و باجی لە سەر حکوومەتیش و خەڵکی هەرێمی کوردستانیش قورس دەبێت.

بەرپرسان و چالاکانی ئابووریی کوردستانی عێراق لە دیدارە دووقۆڵییەکان و لە کونفڕانسە ڕۆژنامەوانییەکانیاندا وتوویانە پێبەندبوون بە گەمارۆکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران بەوان جێبەجێ ناکرێت و بڕوایان وایە ئەگەر گەمارۆکانی دژبە ئێران قبووڵ بکەن ئەوا گەمارۆیان دژ بە خۆیان پەسەند کردووە و کارتێکەریی نەرێنیی لە سەر بژێوی ژیانی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان دەبێت. کەسایەتی و بەرپرسانی هەرێمی کوردستان لەوەش دڵنیان کە کۆماری ئیسلامیی ئێران توانای ئەوەی هەیە کە ئەم دۆخە قەیراناوییە تێپەڕێنێت لەو قەیرانانە دەرفەت بهێنێت و کەرتی ئابووری پێش بخات.

کوردپرێس: کونسووڵخانەی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە هەولێر بۆ بەهرەوەرگرتن لە دەرفەتی سنوورە هاوبەشەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان و پەرەپێدانی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و سوودمەندکردنی سنوورنشینەکان چیی کردووە ؟

مورتەزا عەبادی: لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا سنوور و بازاڕچە سنوورییەکان ڕووداوی زۆریان بەسەردا هات بەڵام مانگی ئەیلوولی ساڵی پار بە ڕاوێژ و تەگبیر و بەدواداچوونی بەردەوام ڕێگری کرا لە هەڵپەساردنی دەروازە نێودەوڵەتییە فەرمییەکان و داخرانی بازاڕچە سنوورییەکان ئەوەش لەو کاتەدا کە گرفتی نێوان هەولێر و بەغدا قووڵ بووبوویەوە.

نزیکەی سەدا 40ی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان ئێران و عێراق لە 7 دەروازەی سنووری نێوان ئێران و هەرێمی کوردستانەوە ئەنجام دەبێت و ئەوەش کارتێکەریی ئیجابیی دەبێت لەسەر دەوڵەمەند کردنی ناوچەکانی دەوروبەری سنوور و پێشخستنی بژێوی ژیانی سنوورنشینەکان لە هەردوو دیوی سنوورەوە. هەر بەو بۆنەیەشەوە دەبێت هەوڵ بدرێت خوێندنەوەی ئیجابی بۆ دەرفەتەکان بکرێت و ئەو سنوورانە کە ئێستا سەردەمی شەڕی سەپێندراوی سەدام دژ بە ئێرانیان تێپەڕاندووە وەکوو نیعمەتێک بۆ ئاشتەوایی و دۆستایەتی بەکار بهێنرێن.

هەر لەو ڕووەشەوە نوێنەرایەتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە پەرەپێدان و دەوڵەمەندکردنی ئەو سنوورانە دەفکرێت و بە تەعامولی سازندە و ئیجابی لەگەڵ بەرپرسان و بازرگانانی هەرێمی کوردستان و ئێران، بەدواداچوون بۆ بابەتەکە دەکات.

بەرپرسانی هەرێمی کوردستانیش پێداگرن لەسەر دەوڵەمەندکردنی پێوەندیی ئابووری و بە شەوانەڕۆژی­کردنی ترانزیت و دەروازە فەرمییە پیلەوەرییەکان و هەروەها بازاڕچە مەرزییەکانیش لە مەرزە لاوەکییەکان.

کوردپرێس: هاوکاریی زانکۆ و کۆلیژەکانیش یەک لە ڕەهەندە گرینگەکانە لە پەرەپێدانی پێوەندیی دوولایەنە. ئێستا هاوکاری و پێوەندیی زانکۆکانی ئێران و هەرێمی کوردستان لە بواری گۆڕینەوەی مامۆستا و خوێندکار لە چ ئاستێکدایە؟

مورتەزا عەبادی: 48 زانکۆی ئێران، بڕوانامەکانیان لە وەزارەتی خوێندنی باڵای کۆماری عێراقدا بڕواپێکراوە و دەڕوات و ئەو ڕەقەمەش لە هەرێمی کوردستان دەگاتە 80 زانکۆ لە قۆناغی بەکالریۆس و 30 زانکۆ تا قۆناغی پاش دوکتۆرا. لە لایێکی دیکەشەوە سێ هۆکاری سەرەکی هەن کە وای کردووە بەرپرسانی خوێندنی باڵا و خەڵکی هەرێمیش سەرنجی تایبەت بخەنە سەر سەنتەر و پەیمانگا زانستییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران. ئەو سێ خاڵەش بریتین لەمانە: ئێران لەباری زانستییەوە لە ناوچەکەدا پێشکەوتووترە و پلەی بەرزترە، تێچوو و زەمالەی خوێندن لە ئێران کەمترە، هاتوچۆی خوازیاران لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ ئێران ئاسانترە و فێربوونی زمانی فارسی بۆ هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستانیش ئاسانترە.

ئەو هاوکاری و پێوەندییانەش ئێستا لە نێوان زانکۆکانی هەرێمی کوردستان و زانکۆ ئێرانییەکاندا بەردەوامە بریتین لەمانەی خوارەوە:

گۆڕینەوەی مامۆستا و خوێندکاری زانکۆ، کۆنفڕانس و کۆڕبەندی زانستیی هاوبەش، بەڕێوەبردنی چەندین خولی پێشخستنی زانستی، ئاڵوگۆڕی شاندە ئاکادیمییەکان، شەراکەت کردنی مامۆستایان لە ڕێنموونی کردنی پڕۆژە و تێزەکانی خوێندکاران لە قۆناغی ماستەر و دوکتۆری و ...

کوردپرێس: کەرتی گەشتیاری یەک لەو دەرفەتانەیە کە لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا نوێنەرایەتیی ئێران لە هەرێمی کوردستان هەوڵی داوە سەرنجی بخاتە سەر، لەو بارەیەوە چیتان کردووە و چ ئاسانکارییێک کراوە بۆ ئەو هاووڵاتییانەی هەرێم کە بۆ عیلاج سەردانی نەخۆشخانە و پزیشکانی ئێران دەکەن؟

مورتەزا عەبادی: زۆرینەی خەڵکی هەولێر و سلێمانی و شارەکانی سنووری هەرێم، قۆناغێکی جیاوازی ژیانیان لە کۆماری ئیسلامیی ئێران ئەزموون کردووە و بیرەوەریی خۆشیان پێیە و لە دیمەن و تواناکانی ئێران بەتایبەت شوێنە پیرۆزەکان، شوێنە گەشتیارییەکان و سەنتەرە پزیشکی و تەندروستییەکان ئاگادارن هەر بۆیەش زۆرینەیان، وڵاتی ئێران وەکوو وڵاتی ئامانج بۆ سەردانی گەشتیاریی خۆیان هەڵدەبژێرن. ئێستا ڕۆژانە نزیکەی 3000 کەس لە کونسووڵخانەکانی ئێران ڤیزە وەردەگرن ئەوەش لە کاتێکدایە وەرزی هاوین ئەو ڕێژەیە دەگەیشتە 6000 کەس لە ڕۆژدا.

خەڵکی هەرێمی کوردستان بەباشی ئاگاداری توانای پزیشکی و تەندروستیی سەنتەرە پزیشکییەکانی ئێرانن و هەر بەو بۆنەیەشەوە نزیکەی سەدا 70ی گەشتیاران بۆ چارەسەری پزیشکی سەردانی ئێران دەکەن.

کۆمەڵێک لەو ئاسانکاری و خۆمەتگوزارییانەی بۆ نەخۆشانی خەڵکی هەرێمی کوردستان کراوە بریتین لەمانەی خوارەوە:

ئاسانکاری کردن بۆ پێدانی ڤیزە، بە ئەلەکترۆنی کردنی داواکارییەکان بۆ ڤیزە، ئاسانیی دەستپێڕاگەیستنی هاووڵاتییان بە کونسووڵخانەکان و کۆمپانیا ڕێگەپێدراوەکان بۆ دەرکردنی ڤیزە، پێدانی ڤیزە لە هەمان ڕۆژی داواکردنی، داشکاندنی نرخی ڤیزە بۆ نەخۆشان بەپێی ئاراستەکردنی بەڵگە، پێدانی ڤیزەی درێژمەودا بەو نەخۆشانەی لە ژێر چاودێریی بەردەوامی پزیشکە ئێرانییەکاندان و دەبێت بەردەوام هاتوچۆ بکەن.

دیمانە: حەسەن ساڵحی

وەرگێڕان و داڕستنەوە: بەشی کوردی ئاژانسی هەواڵی کوردپرێس

News Code 49914

Your Comment

You are replying to: .
captcha