له‌ سلێمانی ئاماده‌باشی بۆ كاره‌ساتی سروشتی و لافاو کراوە

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- لێپرسراوی به‌شی خزمه‌تگوزارییه‌كان له‌ سه‌رۆكایه‌تیی شاره‌وانی سلێمانی ڕایده‌گه‌یه‌نێت: سلێمانی له‌ ئاستێكی باشدایه‌ بۆ ڕووبه‌ڕووبونه‌وه‌ی كاره‌ساتی سروشتی و لافاو و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان سه‌رجه‌میان له‌ حاڵه‌تی ئاماده‌باشیدان بۆ هه‌ر ئه‌گه‌رێكی نه‌خوازراو.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ڕزگار ئه‌حمه‌د لێپرسراوی به‌شی خزمه‌تگوزارییه‌كان له ‌سه‌رۆكایه‌تیی شاره‌وانی سلێمانی گوتی: بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی لافاو سلێمانی له‌ ئاستێكی باشدایه‌ و ته‌واوی تیمی فریاگوزاری خێرا، هه‌موو كه‌ره‌سته‌ و پێداویستییێكی بۆ ئاماده ‌كراوه‌ و له‌ چه‌ند ڕۆژی ڕابردوودا كۆبوونه‌وه‌یێک كرا بۆ ده‌سته‌به‌ركردنی ته‌واوی پێداویستییه‌كان.

ناوبراو وتیشی: "له ‌ماوه‌ی ڕابردوودا بۆ ڕێگری له‌ دروست بوونی لافاو شاره‌وانی سلێمانی له‌ ڕێگه‌ی كۆمپانیاكانه‌وه‌ ته‌واوی مه‌نهۆڵ و ئاوه‌ڕۆكانی ناو شاری پاک كرده‌وه‌ و له‌ ئێستاشدا به‌رده‌وامی هه‌یه‌ و چه‌ند ڕۆژێكی ماوه‌ بۆ كۆتایی هاتن به‌و كاره‌ كه‌ كاریگه‌ریی ڕاسته‌وخۆی هه‌بوووه‌ له‌ دروست نه‌بوونی لافاو."

ڕزگار ئه‌حمه‌د ڕاشیگه‌یاند: سلێمانی به‌ هۆی ئه‌و جوگرافیایه‌ی هه‌یه‌تی له‌ بوونی به‌رز و نزمی و ئه‌و ڕێنماییانه‌ی كه‌ له‌لایه‌ن به‌رگریی شارستانی سلێمانی و شاره‌وانی سلێمانی له‌ ڕێگه‌ی (JCC)یه‌وه‌ ده‌ركراون له‌ دروست كردنی بینا و باڵه‌خانه‌كان و ڕێگا و بانه‌كان، هه‌روه‌ها هه‌ڵسوكه‌وتی هاووڵاتییان له ‌كاتی بوونی بارانێكی زۆر كاریگه‌ری هه‌بوووه‌ له‌ كه‌م كردنه‌وه‌ی لافاو.

ناوبراو ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ش كرد: پێویسته‌ هاووڵاتییان مامه‌ڵه‌ی باش بكه‌ن له‌گه‌ڵ خۆڵ و خاشاک و كه‌ره‌سته‌ی زیاده‌ی بیناسازی و چه‌ندین جۆری دیكه‌ی خاشاک له‌ نزیک مه‌نهۆڵ و ڕۆخی شه‌قامه‌كان فرێ نه‌ده‌ن تا نه‌بێته‌ هۆی گیرانی مه‌نهۆڵه‌كان، به‌ شێوه‌یێكی گشتی سلێمانی به‌و هۆكارانه‌ی باس كران كه‌متر مه‌ترسیی لافاوی له‌سه‌ره‌ وه‌ک شوێنه‌كانی دیكه‌.

سه‌رچاوه‌: خه‌ڵک

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 49912

Your Comment

You are replying to: .
captcha