نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ شاندێكی به‌ریتانی کۆ بووەوە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- سه‌رله‌به‌یانیی ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆک وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، پێشوازی له‌ برۆنیس ئێما نیكلسۆن نێردراوی تایبه‌تی سه‌رۆک وه‌زیرانی به‌ریتانیا بۆ كاروباری بازرگانیی ده‌ره‌وه‌ و جۆن ویكلس باڵیۆزی به‌ریتانیا له‌ عێراق و مارتن وار كونسوڵی به‌ریتانیا له‌ هه‌ولێر كرد.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، له‌ دیدارەكەدا نیكلسۆن خۆشحاڵیی خۆی به‌ پێشكه‌وتنه‌كانی هه‌رێمی كوردستان دوای تێپه‌ڕاندنی دۆخێكی سه‌خت له‌ عێراق و هه‌رێمی كوردستان ده‌ربڕی‌ و ده‌ستخۆشی له‌ حكوومه‌ت كرد بۆ هه‌نگاوه‌كانی دیالۆگ و په‌یوه‌ندیی هه‌ولێر ـ به‌غدا و چاره‌سه‌ركردنی به‌شێک له‌ كێشه‌كانی نێوانیان.

ناوبراو لە درێژەدا ئاماده‌ییی وڵاته‌كه‌ی‌ بۆ هاندانی سه‌رمایه‌دارانی به‌ریتانیا بۆ كاركردن له‌ هه‌رێمى كوردستان، به‌شدارى له‌ به‌ره‌وپێش بردنی بواری ئابووریی عێراق و هه‌رێمی كوردستان، پێشكه‌ش كردنی پسپۆڕی و به‌سه‌رده‌میانه‌ كرنی كه‌رته‌ جیاكانى هه‌رێم، نیشان دا.

لە بەرانبەردا نێچیرڤان بارزانى سوپاسی هاوكارییه‌ مرۆیی و سه‌ربازییه‌كانی به‌ریتانیای بۆ هه‌رێمی كوردستان و پێشوازی له‌ پێشنیاره‌كانی شاندی میوان‌ كرد و تیشكى خسته‌ سه‌ر په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌ولێر ـ به‌غدا و دووپاتی كرده‌وه‌ كه‌ حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پشتگیرى له‌ حكوومه‌تی عادل عه‌بدولمه‌هدی ده‌كات و هه‌وڵ ده‌دات حكوومه‌تێكی سه‌ركه‌وتوو بێت و سه‌قامگیریی ئابووری و سیاسی و ئه‌منی بگه‌ڕێنێته‌وه‌ عێراق، هه‌رێمی كوردستانیش به‌ سوود وه‌رگرتن له‌و كه‌شه‌ به‌رده‌وام بێت بۆ باشتر كردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ به‌غدا‌.

سەرچاوە: میدیاکانی هەرێمی کوردستان

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 49853

Your Comment

You are replying to: .
captcha