فیلمی سینه‌ماکارێکی کورد له‌ هه‌ولێر نمایش کرا

به‌شی فه‌رهه‌نگ و هونه‌ر- نوێترین فیلمی سینه‌ماییی "کێ خانم وێنزڵی کوشت" که‌ ماوه‌که‌ی ٩٠ خوله‌که‌ و له‌ ده‌رهێنانی سینه‌ماکاری کورد هونه‌ر سه‌لیمه‌ له‌ سینه‌ماکانی ئیمپایه‌ر له‌ هه‌ولێر به‌ به‌شداریی ژماره‌یێک که‌سایه‌تیی کورد و بیانی نمایش كرا.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، فیلمه‌که‌ی هونه‌ر سه‌لیم فیلمێکی جیهانییه‌ و به‌رهه‌می به‌لجیکا و فه‌ڕه‌نسایه و له‌ سه‌ره‌تای ساڵی داهاتوودا له‌ سینه‌ماکانی ئه‌وروپا و چینیش نمایش ده‌کرێت.

له‌ سینه‌ماکانی ئیمپایه‌ر له‌ هه‌ولێر فیلمێکی سینه‌مایی ژماره‌یێک که‌سایه‌تیی کورد و بیانی له‌ توێژی جیاواز کۆ کردوووه‌ته‌وه‌ و هه‌موو هاتوون بۆ ئه‌وه‌ی له‌ یه‌که‌م که‌سه‌کانی دونیا بن که‌ فیلمی سینه‌ماییی "کێ خانم وێنزڵ-ی کوشت" ببینن که‌ فیلمێکی جیهانییه ‌و له‌ ده‌رهێنانی سینه‌ماکاری کورد هونه‌ر سه‌لیمه‌.

فیلمه‌که‌ له‌ سه‌ره‌تای ساڵی داهاتوودا له‌ سینه‌ماکانی ئه‌ورووپا و ته‌نانه‌ت چینیش نمایش ده‌کرێت و ئه‌م نمایشه‌ش له‌ هه‌ولێر تایبه‌ته ‌و له‌لایه‌ن ئه‌نستیوتی فه‌ڕه‌نسی بۆ چه‌ند که‌سایه‌تییێک و سینه‌ماکارێک ئاماده‌ کراوه‌.

هونه‌ر سه‌لیم ده‌رهێنه‌ری فیلمه‌که‌ له‌مبارییه‌وه‌ گوتی: "Who Killed Lady Winsley" فیلمێکی پۆلیسی درامییه‌ و به‌رهه‌می ساڵی ٢٠١٨یه‌، به‌لجیکا و فه‌ڕه‌نسا بودجه‌ی به‌رهه‌مهێنانیان دابین کردوووه ‌و ده‌رهێنه‌ری فیلمه‌که دوورگه‌یێکی نزیک ئیسته‌نبووڵی بۆ وێنه‌گرتنی فیلمه‌که‌ی هه‌ڵبژاردوووه‌، چیرۆکی فیلمه‌که‌ش باس له‌ ڕۆماننووسێکی ئه‌مه‌ریکی ده‌کات که‌ له‌و دوورگه‌یه‌ ده‌کوژرێت، به‌هۆی ئه‌وه‌ی که‌ خه‌ریکی نووسینی ڕۆمانێکه‌ له‌سه‌ر کوردێک که‌ له‌ ده‌یه‌کانی ڕابردوودا له‌ لایه‌ن که‌سێکی تورک له‌و دوورگه‌یه‌ کوژراوه‌.

سیاسییه‌کان که‌متر له‌ سینه‌ما ده‌بیندرێن به‌ڵام به‌شێک له‌ که‌سایه‌تییه‌ سیاسییه‌کانیش بۆ بینینی فیلمه‌که‌ هاتوون و عه‌دنان موفتی ده‌ڵێت: یه‌که‌م جارییه‌تی له‌ کوردستان بێته‌ سینه‌ما، بینه‌رانی دیکه‌ی فیلمه‌که‌ش سه‌رسامی خۆیان پیشان دا.

سه‌رۆکی ئه‌نیستویتی فه‌ڕه‌نسی له‌ هه‌ولێر به ڕووداوی گوت: "زۆر خۆشحاڵم که‌ ئێمه‌ توانیمان ئه‌م نمایشه‌ تایبه‌ته‌ بۆ فیلمه‌که‌ی ده‌رهێنه‌ری کوردی فه‌ڕه‌نسی جیهانی هونه‌ر سه‌لیم رێکبخه‌ین، هونه‌ر سه‌لیم داهێنه‌ره‌، به ڕاستی فیلمه‌که‌ی زۆر سه‌رنجراکێش و تایبه‌ت بوو له‌ هه‌موو ڕوویێکه‌وه‌".

هونه‌ر سه‌لیم سینه‌ماکاری کورد، هه‌ڵگری ڕه‌گه‌زنامه‌ی فه‌ڕه‌نسییه‌، له‌ ساڵی ١٩٦٤ له‌ دایک بوووه‌، خاوه‌نی چه‌ندین فیلمی سینه‌مایییه ‌و فیلمه‌کانی له‌ به‌ناوبانگترین فێستیڤاڵه‌کانی دونیا، وه‌کوو فێستیڤاڵی کان، ڤینیس و فێستیڤاڵه‌کانی دیکه‌ پیشان دراون و ده‌یان خه‌ڵاتی سینه‌ماییی جیهانی به‌هۆی فیلمه‌کانی به‌ده‌ستهێناوه‌.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 49813

Your Comment

You are replying to: .
captcha