بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ماڵپەڕی فەرمیی نەتەوەیەکگرتووەکان بڵاوی کردەوە: ڕیچارد میڵز جێگری نوێنەری ئەمریکا لە نەتەوەیەکگرتووەکان لە لێدوانێکیدا لە ئەنجومەنی ئاسایش سیاسەتەکانی وڵاتەکەی لەبارەی ئامادەبوون لە سووریا و هێرشی داعش بۆسەر گرتووخانەی حەسەکە، شی کردۆتەوە.
نابراو لەبارەی هۆکارەکانی ئامادەبوونی ئەمریکا لە سووریا دەڵێت: ئامانجی یەکەم درێژەدانi بە کەمپینی هاوبەشی ئەمریکا و هاوپەیمانانی دژ بە داعش بۆ ڕێگری کردن لە گەڕانەوەی ئەو گرووپە تیرۆریستەیە کە بەشی هەرەگرینگی سیاسەتی "بەرەنگار بوونەوەی تیرۆرریزم"ی ئەمریکایە لە ناوچەکە.
ناوبراو دەشڵێت: هێرشی داعش بۆسەر گرتووخانەی حەسەکە دەریدەخات کە داعش هێشتا هەڕەشەیێکی جیدییە.
ئەم بەرپرسە ئەمریکییە دەڵێت یەکێکیتر لە ئامانجەکانی مانەوەی ئەمریکا لە سووریا هەوڵدانە بۆ جێگیر کردنی ئاگربەست لەو وڵاتە ئەوەش بۆ کەم کردنەوەی پێکدادانەکان.
ڕیچارد میڵز هەروەها دەڵێت دەستپێڕاگەیشتنی باشتری خەڵکی سووریا بە یارمەتییە نێونەتەوەییەکان ئامانجێکی دیکەی ئەمریکایە و بۆ ئەمەش وڵاتەکەی هەوڵ دەدات دەروازەی ژێر دەسەڵاتی کوردانی سووریا لە یەعرووبیە لەنێون عێراق و سووریا بکاتەوە.
جێگری نوێنەری ئەمریکا لە نەتەوەیەکگرتووەکان هەروەها جەختی کردەوە وڵاتەکەی پشتگیری دەکات لە پڕۆسەی سیاسی لە سووریا بەپێی بڕیارنامەی نەتەوەیەکگرتووەکان.
Your Comment