پەرتەوازەیی کورد لە بەغدا، دەرگای مەترسی گەورەتر بە رووی ھەرێمی کوردستان دەکاتەوە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- لەسەر پۆستی سەرۆک کۆمار و  یەک هەڵوێستیی کورد لە بەغدا بزووتنەوەی گۆڕان ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند، جەخت لەسەر کارکردن بۆ جێبەجێ کردنی ستراتیجێکی نیشتیمانی کوردستانی لە بەغدا دەکەین.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لە سەرەتای ڕاگەیەندراوەکەی بزووتنەوەی گۆڕاندا هاتووە: دوابەدوای پرۆسەی ھەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق، پرسی دیاری کردنی کەسایەتیەک بۆ سەرۆکایەتی کۆمار کە پشکی کوردە؛ بووەتە مژارێکی گەرم و ململانێی توندی حیزبی بەدوای خۆیدا ھێناوە.

ئێمە لە بزوتنەوەی گۆڕان جەخت لەسەر کارکردن بۆ جێبەجێ کردنی ستراتیجێکی نیشتیمانی کوردستانی لە بەغدا دەکەین، کە لەبری ململانێ بۆ بەدەستھێنانی پۆست و ھێنانەدی خواستی حیزبی؛ کار بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی خاک و دەسەڵات و سامان و پێشمەرگە بۆ چوار ساڵی داھاتوو بکرێت.

لە بارەی یەک هەڵوێستیی لایەنە کوردییەکانەوە ئاماژە بەوە کراوە، بەرپرسیارێتی نەتەوەیی و نیشتیمانی کورد لەناو ھاوکێشەی نوێی عێراق و دۆخی سیاسیی و ئیداری و ئابووری و ئاسایشی ئەم وڵاتە وادەخوازێت؛ بە یەک گوتاری کوردستانی لەسەر بنچینەی پاراستنی دەستکەوتە دەستورییەکان بەیەکەوە کاربکەین، نەک سەنگەر لەیەک بگرین، چوونکە سەنگەر لەیەک گرتن و پەرتەوازەیی لە بەغدا کاریگەری راستەوخۆی لەسەر پرۆسەی سیاسی ھەرێم دەبێت و دەرگای مەترسی گەورەتر بە رووی ھەرێمی کوردستان و ناوچە کوردستانیە دابڕێندراوەکان دەکاتەوە.

گۆڕان بە پێویستی دەزانێت، بۆ ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکانی حکوومەتی هەرێم و حکوومەتی ئیتحادی بە ئامانجی دەستەبەر کردنی شایستە داراییەکانی ھەرێم و بەپیرەوەچوونی داخوازییەکانی هاوڵاتیان، بۆ رەخساندنی ھاوبەشییەکی سیاسیی راستەقینەی کورد لە دەزگای بڕیاردانی سیاسیی عێراق، بۆ جێبەجێ کردنی مادە دەستورییەکان و چارەسەرکردنی کێشەی خاک و مادەی ١٤٠، بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی پێشمەرگە و بودجە و دابین کردنی مووچە بۆ فەرمانبەرانی ھەرێم، بۆ پێداگیری لەسەر دروست کردنی ئەنجومەنی ئتیحادی و کارکردن بە پرەنسیپەکانی سازان و هاوسەنگی بۆ حوکمڕانی، ئەولەویەتی ئەم قۆناغەی خەباتی سیاسیی لە بەغدا، پێکەوە کارکردن بێت.

News Code 4853

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha