وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ هێرشه‌که‌ی داعشی بۆسه‌ر سوپای عێراق سه‌رکۆنه‌ی کرد

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ی حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان، سه‌رکۆنه‌ی هێرشه‌ که‌ی چه‌کدارانی داعشی له‌ناحیه‌ی عوزێم بۆسه‌ر سوپای عێراق کرد.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ له‌ راگه‌یاندراوێکدا بڵاویکرده‌وه‌، "به‌توندی سه‌رکۆنه‌ی ئه‌و کرده‌وه‌ تیرۆرستییه‌ی چه‌کدارانی داعش بۆ سه‌ر سوپای عێراق ده‌که‌ین، که‌ به‌هۆیه‌وه‌ کۆمه‌ڵێک له‌ جه‌نگاوه‌رانی فیرقه‌ی یه‌کی سوپای عێراق له‌ناحییه‌ی عوزێم له‌ پارێزگای دیاله‌ شه‌هید بوون، به‌رده‌وامی ئه‌م کرده‌وانه‌، ئه‌رکمان له‌پێکه‌وه‌یی و به‌رده‌وامی هه‌مه‌هانگی و هاوکارییه‌کان له‌ راوه‌دونانی تیرۆریستان زیاتر ده‌کات".

راشیگه‌یاندووه‌، "دۆخی ئێستای ناوچه‌که‌ و ده‌رکه‌وتنه‌وه‌ی چالاکییه‌ تیرۆریستیه‌کان و زیندووبوونه‌وه‌ی شانه‌ نووستووه‌کان مه‌ترسیه‌کی هه‌ستپێکراوه‌، هه‌ماهه‌نگی و ڕۆڵبینینی سوپای عێراق و هێزه‌کانی پێشمه‌رگه‌ به‌دیاریکراوی له‌و ناوچانه‌ی بۆشایی ئه‌منیان هه‌یه‌، پێویستیه‌کی هه‌نوکه‌یه‌".

وەزارەتی پێشمەرگە ئاماژه‌ی به‌وه‌ش کردووه‌، "دووپاتیده‌که‌ینه‌وه‌، ئێمه‌ له‌ وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌، وێڕای سه‌رکۆنه ‌کردنی ئه‌و کاره‌ تیرۆریستییه‌، داوا ده‌که‌ین پێداچوونه‌وه ‌و رێوشوێنی جددی بگرێته‌به‌ر بۆ چڕکردنه‌وه‌ی هه‌وڵه‌کان و کۆکردنه‌وه‌ی زانیاری زیاتر له‌پێناو ڕاوه‌دونان و تێکشکاندنی ته‌واوه‌تی شانه‌ نووستووه‌کانی تیرۆریستان".

News Code 4806

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha