بەپێی هەواڵی کوردپرێس، مونا قەهوەچی، سکرتێری پەرلەمانی کوردستان، بە ماڵپەڕی رەسمی پارتی راگەیاندووە: "لە کۆتا کۆبوونەوەی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان لەگەڵ سەرۆکی فراکسیۆنەکان، داوامان کرد هەموو حزبەکان ڕا و سەرنجی خۆیان بنێرن بۆ پەرلەمان لەسەر پرسی هەموار و هەڵبژاردنی ئایندە، هەموویان وەڵامیان داوینەتەوە لەڕێگای فراکسیۆنەکانەوە، بەڵام ڕای جیاواز هەیە، بەشێکیان سەرنجیان لەسەر هەمواری یاسای هەڵبژاردن هەیە".
مونا قەهوەچی، کە لە پێکهاتەی تورکمانە، وتیشی "ئەگەر بمانەوێت هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا بکرێت، یەکەم کار، کاراکردنەوەی ئەنجومەنی کۆمیسیارانە و ئێمە وەک دەستەی سەرۆکایەتی لەگەڵ ئەوەین پرسی کاراکردنەوەی کۆمسیۆن و یاسای هەڵبژاردن و ڕێفراندۆم لەسەر دەستوور یەک پاکێج بێت وەک پڕۆژەیەکی نیشتمانی".
بە قسەی سکرتێری پەرلەمانی کوردستان: "بەشێک لە حزبەکان دەزانن لە بەرژەوەندییان دەدرێت، دێن و وەک بیانوو پرسی کورسی پێکهاتەکان دەهێننە ناو بابەتەکەوە و داوا دەکرێت کورسیی کۆتاکان کەم بکرێتەوە و شێوازی دەنگدانیش وابێت تورکمان دەنگ بە تورکمان بدات مەسیحییەکانیش هەروەها، من لە کۆبوونەوە وتوومە چۆن شتی وا دەبێت، ئەوە لای ئێمە ڕەفزە، چۆن لە کاتی دەنگدان جیا دەکرێتەوە، ئەوە تورکمانە و ئەوەش کوردە، نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆنسوڵخانەکانیش دژین و دوورە لە بنەمای دیموکراسی، جیاوازیی نەژادی و ئایینی دروست دەکات، هیچ حزبێک ناتوانێت بێ وەرگرتنی ڕا و بۆچوونی تورکمان یاسای کۆمسیۆن هەموار بکاتەوە."
مونا قەهوەچی باسی لەوەش کردووە کە "لەوەدا تەنها پارتی پشتیوانمان بووە و ئێمە دەزانین سەرۆک بارزانی پارێزەری مافەکانی پێکهاتەکانە و ئەم جارەش ڕێز لە بۆچوونی مافی پێکهاتەکان دەگرێت".
ئەوەشی خستۆتەڕوو "قسەمان لەسەر ئەوە کردووە یاسای کۆمسیۆن هەموار بکرێتەوە، نوێنەری پێکهاتەکان لە کۆمسیۆن هەبێت، ئەگەر نیازیشمان هەبوایە یاسای هەڵبژاردنەکان هەموار بکرێتەوە، دەبوو سەرەتای ئەم خولە هەموار بکرایەتەوە، لە ڕێگەی پڕۆژەیەکەوە تاکوو هەموو هێزەکان لەسەری ڕێک بکەوتنایە، بەڵام ماوەی چەند مانگێک ماوە بۆ هەڵبژاردن و داوای هەمواری یاسای هەڵبژاردن بکەین ناتوانین بگەین بە ڕێککەوتن و دۆخەکە لەبار نییە بۆ یاسای هەڵبژاردن، وەک سەرۆکایەتیی پەرلەمان چاوەڕێی ڕێککەوتنی لایەنە سیاسییەکانین تاکو نەکەوینە ئاڵۆزی و ململانێوە".
ناوبراو هەروەها وتووشیەتی "ئێمە وەک پێکهاتەکان لەگەڵ یەک بازنەی هەڵبژاردنداین، ئەزمونمان لەگەڵ ئەوەی عێراق هەیە، فرەبازنەیی بەشێکی زۆری دەنگەکان دەفەوتێنێت، نادادپەروەری لە فرەبازنەیی دروست دەبێت، دەکرێت بۆ هەڵبژاردنی خولی حەوتەم یاسای هەڵبژاردن هەموار بکرێت و ئاماددەکاریی بۆ بکرێت".
هەروەها وتووشیەتی: "لایەنەکان لە کاتی کۆبوونەوەکان لە دەستەی سەرۆکایەتی دەڵێن، لەگەڵ ئەوەین کۆمسیۆن کارا بکرێتەوە و هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا بکرێت لەگەڵ دەستوور، بەڵام لە پێشکەش کردنی پڕۆژەکانیان لای ئێمە، نەمانتوانیوە بگەینە ڕێککەوتنێک و پڕۆژەیەکی نیشتمانی، نەخێر بۆچوونیان جیایە".
Your Comment