١٦ کانوونی دووەم ٢٠٢٢ - ١٠:٤٨
بارەگاکانی پارتی لە مووسڵ دەکرێنەوە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- بەرپرسی لقی ١٤ی پارتی لە مووسڵ ڕایگەیاند بڕیارە دوای پێکھێنانی حکوومەتی نوێی عێراق، پارتی بارەگاکانی لە مووسڵ بکاتەوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، عەلی خەلیل، بەرپرسی لقی ١٤ی پارتی لە مووسڵ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "پێش پڕۆسەی ھەڵبژاردن پارتی بارەگای لیژنەی ناوچەی مووسڵی گواستەوە بۆ ناو شاری مووسڵ و ئێستا کار بۆ ئەوە دەکەین بارەگای لق و ھەموو بارەگاکانی دیکەی سەر بە حزب بگوازینەوە بۆ نێو شاری مووسڵ، چوونکە لە دوای داگیرکاریی مووسڵ لەلایەن داعشەوە ئێمە بارەگامان لە نێو شاری مووسڵ نەماوە.''

بەرپرسەکەی پارتی دەڵێت: "چاوەرێی پڕۆسەی پێکھێنانی حکوومەتی نوێی عێراق دەکەین و دوای پێکھێنانی حکوومەتی نوێ، بارەگای لق و ئۆرگانەکانی دیکە دەبەینە سەنتەری شاری مووسڵ.''

عەلی خەلیل ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "گەڕانەوەی پارتی کاریگەریی لەسەر گەڕانەوەی خەڵکی شارەکە دەبێت، بەتایبەتی گەڕانەوەی کوردانی مووسڵ، چوونکە بە گەڕانەوەی پارتی، خەڵکی زیاتر دڵنیا دەبێت لە ژیانی لەبەر ئەوەی پارتی لە دوای دامەزراندنییەوە پێگەیەکی بەھێزی لە مووسڵ ھەبووە".

News Code 4737

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha