بەپێی هەواڵی کوردپرێس، کونسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر، لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، نوێنەرانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و کەنەدا و یەکێتی ئەورووپا و وڵاتانی ئەندام لە یەکێتیەکەدا لە هەولێر پێشوازیی لەو ڕاپۆرتە دەکەن کە نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاریکاری عێراق لە 22ی کانوونی یەکەمی 2021دا لەسەر دۆخی ئازادیی رادەربڕین و دادگایی کردنی دادپەروەرانە لە هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە.
یونامی رەخنەی زۆری لە شێوازی دەستگیرکردن و لێکۆڵینەوەو دادگاییکردن و سزادانی ئەو دەستگیرکراوانە گرتبو.
هەروەها نوێنەرانی یەکێتی ئەورووپا و کەنەدا لە هەولێر لە نامەیەکدا کە ئاڕاستەی وەزیری ناوخۆ و وەزیری دادو ئەنجومەنی باڵای دادوەری هەرێمیان کردوە، نیگەرانی خۆیان بەرامبەر دادگاییکردنی دەستگیرکراوانی بادینان خستۆتەڕوو.
نوێنەرانی وڵاتانی یەکێتی ئەورووپا و کەنەدا لەنامەکەیاندا ئاماژەیان بەوەداوە کە نیگەرانن لەوەی گوێبیستی ئەوەبون کە سەرجەم دەستگیرکراوانی بادینان باسیان لەوە کردوە لەکاتی لێکۆڵینەوەدا چاویان بە پارێزەر نەکەوتوەو ناچارکراون بە دانپێدانان و بەشێکیشیان لەدوای هەڕەشەو ئەشکەنجە، دانپێدانانیان لێ وەرگیراوە.
هەروەک ئاماژەیشیان بەوەداوە کە نیگەرانن لەوەی لە دادگاییکردنەکاندا هیچ بەڵگەیەک نەخراوەتەڕو تەنها پشت بە شایەتحاڵی سڕی و وتەی ئاسایش بەستراوە.
هەروەک نیگەرانی خۆیشیان دەربڕیوە لەبارەی ئەوەی کە لانیکەم 22 کس لەوانەی لەنێوان مانگی 5ی 2019 تا مانگی 12ی 2020 دەستگیرکراون هێشتا دادگایی نەکراون.
Your Comment