هەشت ئه‌ندامی سه‌رکردایه‌تیی یه‌کێتی تا ئێستا دەستگیر یان دەرکراون

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- چه‌ند ئه‌ندامێکی سه‌رکردایه‌تیی یه‌کێتیی نیشتمانیی کوردستان، چاره‌نووسیان له‌ناو حزبه‌که‌ی خۆیان نادیاره‌، به‌شێکیان هه‌وڵی چاره‌سه‌رکردنی گرفته‌کانیان دراوه‌ و به‌شێکیشیان که‌یسه‌کانیان به‌نادیاری ماوه‌ته‌وه‌.

کوردپرێس: به‌پێی زانیاریی باسنیوز که‌ له‌ سه‌رچاوه‌یه‌کی ناو یه‌کێتی ده‌ستی که‌وتووه‌، ئەو ئەندامانەی سەرکردایەتیی یەکێتی چارەنووسیان نادیارە:

- ژینۆ محه‌مه‌د، ئه‌ندامی سه‌رکردایه‌تیی یه‌کێتی، به‌ هۆکاری تێکدانی یه‌کڕیزیی ناو حزبەکە و په‌لاماردانی ئه‌ندامێکی مه‌کته‌بی سیاسیی یه‌کێتی و نزیک بوونه‌وه‌ی له‌ لاهوور جه‌نگی بورهان، له‌ناو یه‌کێتی ده‌رکراوه‌.

- شادومان مه‌لا حه‌سه‌ن، ئه‌ندامی سه‌رکردایه‌تیی یه‌کێتی، به‌ هۆکاری ده‌رچوون له‌ ریزه‌کانی حزبەکە و کارکردن بۆ شه‌خس له‌ناو یه‌کێتی ده‌رکراوه‌.

- ئاڵا تاڵه‌بانی، ئه‌ندامی سه‌رکردایه‌تیی یه‌کێتی، به‌ هۆکاری لادان له‌ پره‌نسیبی یه‌کێتی و کارکردن بۆ لیستی دەرەوەی حزبەکەی، لە یەکێتی ده‌رکراوه‌.

- ئاراس جەنگی، برای لاهوور، بەهۆی ئەو کارانەی کە لە چوارچێوەی تاقمەکەی لاهوور کردوویەتی، لە نیو یەکێتی سڕکراوە، هەرچەندە براکەی کە هاوسەرۆکی یەکێتیش بوو، دەرکراوە.

- عه‌تا سه‌راوی، ئه‌ندامی سه‌رکردایه‌تیی یه‌کێتی، به ‌هۆکاری بڵاوکردنه‌وه‌ی درۆ و بوختان رێکاری له‌ دژ وه‌رگیراوه‌ و خۆیشی به‌ره‌و ده‌ره‌وه‌ی وڵات رایکردووه‌.

- غازی که‌رکووکی، ئه‌ندامی سه‌رکردایه‌تیی یه‌کێتی، دوایین کەسە کە شەوی رابردوو به‌ هۆکاری تێوه‌گلان له‌ که‌یسی ترسناک، به‌ فه‌رمانی هاوسه‌رۆکی یه‌کێتی ده‌ستگیر کرا.

- فێنک ئه‌حمه‌د به‌ تۆمه‌تی پابه‌ند نه‌بوون به‌ بڕیاره‌کانی مه‌کته‌بی سیاسی دوورخراوه‌ته‌وه‌ و لێژنه‌ی لێکۆڵینه‌وه‌ی له‌سه‌ر پێکهێنراوه‌.

- ئارام قادر خه‌بات، ئه‌ندامی سه‌رکردایه‌تیی یه‌کێتی و که‌سێکی نزیک له‌ لاهوور جه‌نگی، به‌ تۆمه‌تی کارکردن بۆ شه‌خس له‌ناو یه‌کێتی و کۆکردنه‌وه‌ی خه‌ڵک بۆ بۆنه‌کانی لاهوور جه‌نگی، لێژنه‌ی له‌سه‌ر پێکهێنراوه‌.

لەمبارەیەوە محه‌مه‌د ره‌فعه‌ت، به‌رپرسی پێشووی په‌یوه‌ندییه‌کانی یه‌کێتیی نیشتمانیی کوردستان له‌ تاران، بۆ باسنیوز گوتی: "ئه‌و ئه‌ندامانه‌ی سه‌رکردایه‌تیی یەکێتی، هه‌ر یه‌که‌یان به‌ هۆکارێک له‌ حزبەکە دوور خراونه‌ته‌وه‌، به‌شێکیان پێڕه‌ویان بۆ به‌کارهێنراوه‌ و به‌شێکیان به ‌فه‌رمانی راسته‌وخۆی بافڵ تاڵەبانی دوورخراونه‌ته‌وه‌".

ناوبراو ڕوونیشی کردەوە: "له‌دوای رووداوه‌کانی 10ی ته‌مووز، پرسی یەکلاکردنەوەی ناوخۆیی له‌ناو یه‌کێتیدا هه‌یه‌، به‌شێک له‌وانه‌ خۆیان یه‌کلا کردووه‌ته‌وه‌، که‌ له‌ناو یه‌کێتیدا کار بۆ شه‌خس بکه‌ن، له‌به‌رامبه‌ردا ئه‌و ده‌سته‌ نوێیه‌ی یه‌کێتی ئه‌مه‌ی پێی قبووڵ ناکرێت، هه‌ر جۆرێک بێت ده‌بێت ئه‌و هەشت که‌سه‌، که‌ خه‌ڵکی دیکه‌شیان له‌گه‌ڵدایە، چاره‌نووسیان یه‌کلا بکرێته‌وه‌ و بشزانرێت چۆن و به‌ چ شێوه‌یه‌ک کەیسەکانیان یه‌کلایی ده‌که‌نه‌وه‌".

محه‌مه‌د ره‌فعه‌ت، ئه‌وه‌شی خسته‌ روو: "به‌داخه‌وه‌ به‌هۆی نه‌بوونی پره‌نسیب و شێوه‌ی کارکردنی حزبیی له‌ناو یه‌کێتی، جۆرێک له‌ سه‌رلێشێوان دروست بووه‌ و هه‌ر که‌سێک بۆ خۆی کار ده‌کات، ئه‌مه‌ گرفته‌کانی قووڵتر کردووه‌ته‌وه،‌ به‌شێکیان هەر باوه‌ڕیان به‌ حزب نه‌ماوه‌ و هه‌رچی بێتە سه‌ر زمانیان نایگێڕنه‌وه‌، ئه‌وه‌ گرفتی‌ بۆ یه‌کێتی و په‌یوه‌ندیی یه‌کێتی له‌گه‌ڵ حزبه‌کان دروست کردووه، بۆیە ئەگەر ئه‌م دۆخه‌ی ناو یه‌کێتی چاک نه‌کرێت، سه‌ر بۆ شتی دیکه‌ ده‌کێشێت".

News Code 4650

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha