هەرێمی کوردستان تووشبوونی 5 کەسی بە ئۆمیکرۆن  راگەیاند

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- وەزیری تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، دوای ئەوەی لە چەند رۆژی رابردوودا پشکنین بۆ چەند گومانلێکراوێک کرا، پشتڕاستکراوەتەوە کە 5 کەس لە پارێزگای دهۆک هەڵگری گۆڕاوی نوێی کۆرۆنا (ئۆمیکرۆن) بوونە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان روونیکردەوە، تووشبووەکان ئەندامی یەک خێزانن و یەکێکیان لە دەرەوە گەڕاوەتەوە و ئەوانی دیکەشی تووش کردووە.

ناوبراو راشیگەیاند: "ئێستا ڤایرۆسی ئۆمیکرۆن لەناو کۆمەڵگەکەمان هەیە و سەرچاوەی سەرەکی ئەوانەن کە لە دەرەوەی وڵات دەگەڕێنەوە، پێویستە هاووڵاتییان رێکار و رێنماییەکان لەبەرچاو بگرن".

سامان بەرزنجی، ئاماژەی بەوە شکرد: "بەداخەوە ئەو کەسانەی لە دهۆک تووشی ئۆمیکرۆن بوونە ڤاکسینیان وەرنەگرتووە، خۆشبەختانە باری تەندروستییان جێگیرە هەموو رێکارەکانی چارەسەریان لەلایەن تیمەکانی تەندروستی بۆ گیراوەتە بەر".

بەرزنجی جەختی کردەوە: "پێویستە هاووڵاتییان پابەندی رێکار و رێنماییەکانی خۆپارێزی بن، کە لە سەرووی هەموویانەوە وەرگرتنی ڤاکسینە".

News Code 4625

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha