موقتەدا سەدر: به‌زویی حكوومه‌تی زۆرینه‌ی نیشتمانی پێكبهێنرێت

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- له‌دوای په‌سه‌ند كردنی ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراق، رێبه‌ری ره‌وتی سه‌در كه‌ خاوه‌نی 73 كورسی په‌رله‌مانیه‌ داوای كرد، به‌زوویی حكوومه‌تی زۆرینه‌ی نیشتمانی لە عێراق پێكبهێنرێت.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، موقته‌دا سه‌در له‌ تویتێكدا له‌ هه‌ژماری تایبه‌تی خۆی نووسیویه‌تی: "سوپاسی هه‌موو ئه‌وانه‌ ده‌كه‌م كه‌ به‌شداربوون له ‌ئاهه‌نگی دیموكراسی نیشتمانیدا، به‌تایبه‌ت دادگای باڵا و به‌ تایبه‌تر فایه‌ق زێدان و دادگای فیدڕاڵی و كۆمسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌كان، جینین بلاسخارت نێرده‌ی تایبه‌تی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان و هه‌موو ئه‌و هاوبه‌شانه‌ی به‌شداریان كرد".

موقته‌دا سه‌در هه‌ر له‌په‌یامه‌كه‌یدا رایگه‌یاندوه‌،: "سوپاس بۆ گه‌لی عێراق كه‌ دانیان به‌خۆیاندا گرت، هه‌روه‌ها سوپاسی مه‌رجه‌عی باڵا ده‌كه‌م كه‌ سه‌رپه‌رشتیكار و رێنماییكاری كه‌رنه‌ڤاڵی هه‌ڵبژاردن بووه‌".

رێبه‌ری ره‌وتی سه‌در باسی له‌وه‌ش كردووه‌، "داوا ده‌كه‌ین، بۆ پاراستنی ئاسایش و هێمنیی نیشتمان كه‌ ئه‌مانه‌تێكه‌ له‌ گه‌ردنیانماندایه‌، به‌خێرایی حكوومه‌تی زۆرینه‌ی نیشتمانی پێكبهێنرێت كه‌ نه‌ رۆژهه‌ڵاتی و نه‌ رۆژئاوایی بێت، رووناكیه‌كه‌ی خاكی نیشتمان رۆشن بكاته‌وه‌ بۆ گه‌لی عێراق له‌دابین كردنی خزمه‌تگوزاری و ئاسایش".

شایانی باسە دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراق ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ سکاڵا تۆمارکراوەکانی لە ئەنجامی هەڵبژاردنی پێشوه‌ختی پەرلەمانی 10ی تشرینی یەکەمی 2021ی هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌ و ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كانی په‌سه‌ند كرد.

News Code 4512

Your Comment

You are replying to: .
captcha