پارێزگاری هەولێر ئەو بڕەپارەیەی حکوومەتی عێراق بۆ قەرەبووکردنەوەی لافاوەکەی هەولێر تەرخانی کرد ڕەت دەکاتەوە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- دوای ئەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری دا دوو ملیار دینار بۆ رووبەڕووبوونەوەی لافاو رەوانەی هەرێمی کوردستان بکات،  پارێزگارى هەولێر بڕی ئەو هاوکاریەی رەتکردەوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر لە راگەیەنراوێکدا باسی لەوە کردووە، "دواى ئەوەى ئەو کارەساتەى لە ڕۆژى هەینى 2021.12.17 بەهۆى لافاوەوە بەسەر شارەکەماندا هات، کە سەرەڕاى زیانى گیانى قەبارەى زیانە مادیەکانیشى زۆر گەورە بوون ئەوە جگە لە زیانەکانى کەرتى گشتیى کە تەنها زیانى هاوڵاتییانى زەرەمەند بەبڕى 20 تاوەکوو 21 ملیار دینار خەمڵێندراوە، بۆیە بۆ بەهاناوەچوونى زیانلێکەوتوان وەک مافێکى یاسایی خۆمان داواکاریمان پێشکەش بە حکوومەتى عێراقی فیدراڵ کرد تاوەکوو لە بوودجەى فریاکەوتن کە مانگانە لە بوودجەى دیاریکراوى هەرێمى کوردستان دەبڕدرێت ئەو بەشەى کەمافى هەرێمى کوردستانە بۆمان بیگەڕێنەوە".

ئەوەش هاتووە، "بەڵام بەداخەوە ئەمڕۆ 2021.12.21 لە کۆبوونەوەى ئەنجومەنى وەزیرانى عێراقی فیدرال بڕیاردراوە بڕى 2 ملیار دینار بۆ هەولێر بنێردرێت، کە ئەمەش بەهیچ شێوەیەک لە چاوەڕوانى ئێمەدا نەبوو لەبەرامبەر قەبارەى ئەو زیانە گەورەیەى بەهۆى کارەساتێکى سروشتییەوە بەسەر شارەکەمان داهاتووە.

ناوبراو ڕاشیگەیاند: بۆیە وێڕاى ئەوەى ئەوپەڕى ناڕەزایەتی خۆمان بەرامبەر بەم بڕیارەى ئەنجومەنى وەزیرانى عێراقى فیدراڵ دەردەبڕین، پێمان وایە ئەو بڕیارە بەهیچ شێوەیەک لە ئاستى چاوەڕوانى و قەبارەى زیانەکان نییە، سەرەڕاى ڕەتکردنەوەى ئەو بڕەى بۆمان دیاریکراوە کە بەهیچ شێوەیەک وەریناگرین، بێ هیوابوونى خۆمان لەهاوکاری کردنى حکوومەتى عێراقی فیدراڵ نیشان دەدەین و ئەو بڕە پارەیەش قەبووڵ ناکەین".

پارێزگاری هەولێر داوا دەکات ئەنجومەنى وەزیرانى عێراق چاو بە بڕیارەکەیان بخشێننەوە و دەڵێت، "ئەوەى داوامان کردوە مافێکى یاسایی ئێمەیە و بەخێر پێمان نادرێتن کە مانگانە بەناوى خەرجی سیادى لە بودجەى هەرێمى کوردستان دەبڕدرێت و ئێستاش لەوکاتەى کە پێویستمان پێیەتى دەبێت بۆمان بگەڕێننەوە."

ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لەکۆبونەوەی ئەمڕۆ سێشەممەدا بڕیاریدا دو ملیار دینار بۆ رووبەڕووبوونەوەی لافاو رەوانەی هەرێمی کوردستان بکات، هەروەها بوودجەیەکی دیکەش بۆ پێداویستی کەمپەکانی ئاوارەکان رەوانەی هەولێر دەکرێت.

News Code 4466

Your Comment

You are replying to: .
captcha