بەپێی هەواڵی کوردپرێس، سینەم محەمەد نوێنەی مەسەدە لە واشنتۆن ڕایگەیاندووە، "داوایان لە بەرپرسانی ئەمریکا کردووە ناوچەکانی کوردستانی سووریا بەتەواوەتیی لەسزاکانی سەر حکوومەتی ناوەندیی سووریا کە ناسراو بە یاسای قەیسەر، ببەخشرێن، بەتایبەتی کە ناوچەکە جگە لە دەروازەیەکی بچووک و نافەرمی وەک دەروازەی سێماڵکا، هیچ دەروزەیەکی نێودەوڵەتیی بەدەستەوە نییە".
ئاماژەی بەوەشکردووە، واشنتۆن یاسایەکی دەرکردووە کە بەپێى ئەوە ڕێگە بەڕێکخراوە مرۆییەکان دەدرێت لەهەموو ناوچەکانی سووریادا کاربکەن، لەناویاندا ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی دیمەشق، بێئەوەی مەترسیی سزاکانیان لەسەربێت.
محەمەد دەڵێت: لەلایەن بەرپرسانی ئەمریکاوە بەڵێنیان پێدراوە کە وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا سزا سەپێنراوەکانی سەر حکوومەتی سووریا لەسەر کوردستانی سووریا سووک دەکات و هەوڵی باش کردنی گوزەرانی هاوڵاتیانی سووری دەدەن، بێئەوەی لەوەدا حکوومەتی ناوەندیی سووریا سوود لەو سووکردنی سزایانە وەربگرێت.
ئەوەشی وتووە، تائێستا گرنگترین دەروازە نێودەوڵەتییەکان کە یارمەتییە مرۆییەکانی پێدا داخڵی سووریا دەکرێت لەژێر کۆنترۆڵی حکوومەتی ناوەندیی سووریادان، لەکاتێکدا ڕێگەنادات هیچ هاوکارییەکی مرۆیی نێودەوڵەتیی بگاتە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی ئیدارەی خۆسەر.
Your Comment