کوردپرێس:
ڕۆژی چوارشەممە 23ی کانونی یەکەمی 2020 ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم بە سەرۆكایەتیی مەسروور بارزانی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران كۆ بووەوە، بەپێی راگەیەنراوی حكوومەتی هەرێم، لە سەرەتای كۆبوونەوەكەدا، سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران ستایشی هەوڵ و كۆششەكانی شاندی دانوستانكاری حكوومەتی هەرێمی كوردستانی لەگەڵ حكوومەتی فیدراڵی كرد، كە بۆ ماوەی دوو هەفتە لە بەغدا بوون و چەندین دیدار و كۆبوونەوەیان لە گەڵ بەرپرسانی باڵای حکوومەتی فیدراڵی ئەنجامدا.
سەرۆك وەزیران ئاماژەی بەوەداوە، حکوومەتی هەرێم هیچ بیانویەكی بۆ حکوومەتی فیدراڵی نەهێشتووەتەوە و لە چوارچێوەی دەستوردا هەموو پابەندبوونەكانی خۆی جێبەجێ كردووە لەپێناو چارەسەكردنی كێشەكان و گەیشتن بە ڕێككەوتنێكی دادپەروەرانە، كە ماف و شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان دابین بكات، جەختیشی لەوە كردەوە كە هەرگیز دەستبەرداری مافە دەستورییەكان نابێت، "بەداخەوە بابەتی مووچە و شایستە داراییەكان، كراوەتە كارتێكی فشاری سیاسیی لە دژی خەڵكی هەرێمی كوردستان".
بەپێی راگەیەندراوەكەی حکوومەتی هەرێم، مەسرور بارزانی داوایكردوە نەتەوە یەكگرتووەكان، وەك لایەنی سێیەم، لەمەودوا بەشدار بێت لە دانوستانەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حکوومەتی فیدراڵی، بۆ ئەوەی ماف و ئەركەكانی هەر لایەك دیاربێت.
هەر لەكۆبوونەوەكەدا شاندی دانوستانكار دەرئەنجامی سەردانەكەیان بۆ بەغدا خستەڕو و رایانگەیاند "هۆكاری سەردانەكەیان لەپێناو بەدەستهێنانی شایستە داراییەكانی خەڵكی هەرێمی كوردستان و موچەخۆران بوو، ھەروەھا باسیان لەچۆنییەتی رێككەوتن لەسەر پشكی ھەرێمی كوردستان لە پڕۆژە یاسای بودجەی 2021 كرد، كە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق دواتر پەسەندی كرد، ئاماژەیان بە ناوەڕۆكی گفتوگۆكانیان كرد لەسەر جێبەجێكردنی یاسای پڕكردنەوەی كورتهێنانی دارایی، شاندەكە ئەوەیان دووپاتكردەووە، كە سەردانیان بۆ بەغدا بەمەبەستی جێبەجێكردنی یاساكە بوو نەك دانوستاندن لەسەر یاساكە، ئەو مەرجانەی لەسەر ھەرێمی كوردستان بوون لەلایەن ھەرێمەوە جێبەجێ كراون و ھیچ ھۆكارێك نەماوە بۆ تەمویلنەكردنی ھەرێمی كوردستان، بۆیە ئەنجومەنی وەزیران، جەختی كردەوە، كە پێویستە حکوومەتی فیدراڵ، بەزووترین كات پشكی ھەرێم بەپێی یاساكە بنێرێت".
لە بڕگەی دووەمی كۆبوونەوەدا ، ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری و دارا ڕەشید وەزیری پلاندانان ، پێشبینی و بەرچاوڕوونیی پێویستیان سەبارەت بە داهات و خەرجی و كورتهێنان لە هەرێمی كوردستان بۆ ساڵی دارایی 2021 و ئامادەكارییەكانی وەزارەتە پەیوەندیدارەكان بۆ گەڵاڵەكردنی پڕۆژە یاسای بودجەی گشتی هەرێمی كوردستان بۆ ساڵی 2021 خستەڕوو، دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە، چەندین پێشنیار و ڕاسپاردەی پێویست بۆ ڕێكخستنەوەی خەرجی و باج و داهاتەكانی هەرێمی كوردستان خرانەڕوو.
لە بارەی بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار بەرامبەر دیناری عێراقی، ئەنجومەنی وەزیران، وەزارەتە پەیوەندیدارەكانی ڕاسپارد، بەوردی چاودێری بازاڕەكان بكەن و سنورێك بۆ گرانكردنی نرخەكان دابنرێت، كە هەندێك كەس دەیانەوێت ئەم دۆخە بۆ بەرژەوەندی تایبەتی خۆیان و زیادكردنی بارگرانی لەسەر هاووڵاتییان بقۆزنەوە .
Your Comment