بەپێی هەواڵی کوردپرێس، سیروان بارزانی، سەرپەرشتیاری میحوەری مەخموور - گوێڕی پێشمەرگە بە ڕووداوی وت: داعش شەڕی پارتیزانی دەکات و ئەوەش وایکردووە هاوپەیمانان ئۆپەراسیۆنەکانیان کەم بکەنەوە. "ئەگەر بشبیندرێن، تاوەکو فڕۆکە دێت جارێکی دیکە خۆیان دەشارنەوە و دەچنەوە نێو توونێل و ئەشکەوتەکان. پێشتر کە شەڕ بوو، ئاسانتر بوو و دەکرانە ئامانج، بەڵام ئێستا تیمی بچووکی گەڕۆکن و شەڕی پارتیزانی دەکەن."
هێزی پێشمەرگە لەگەڵ سوپای عێراق ئۆپەراسیۆنی هاوبەش لە سنووری مەخموور دەکات، بە گوتەی سیروان بارزانی، دوایین هێرش و ئۆپەراسیۆن لە مانگی رابردوو بووە کە هێزەکانی هاوپەیمانانیش تێیدا بەشداربوون.
سیروان بارزانی گوتی، "بەڵام شتێکی وا نەبیندرا، بەداخەوە زۆرجار زانیاری پێش ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنەکە دەردەچێت. زۆربەی کاتەکان کە هێزەکانی عێراق دەست دەکەن بە جووڵە، زانیاری بۆ داعش دەچێت."
سیروان بارزانی باسی لەوەشکرد کە ژمارەی چەکدارانی داعش لە چیاکە و ناوچەکە جێگیر نییە، بەڵام لایەنیکەم 100 چەکداری داعش لە سنووری قەرەچووخ هەن و هەندێک جار ژمارەیان دەگاتە نزیکەی 250 کەس.
لەبارەی دزەکردنی نزیکەی 200 چەکداری داعش لە سووریاوە بۆ عێراق، سیروان بارزانی گوتی، "بەڵێ زانیاری هەیە کە زیاتر لە سێ مانگە چەکداری بیانیی داعش گەڕاونەتەوە و لە سنووری سووریاوە دزە دەکەن، بەڵام بەتەواوی ژمارەکەیان نازانین."
سیروان بارزانی لەبارەی پێویستییەکانی پێشمەرگەش گوتی، "پێشمەرگە پێویستیان بە هەموو شتێکە" لە جلوبەرگ، چەک، دووربین و درۆن. گوتیشی، تەکنەلۆژیای پێویست بۆ خاڵەکانی پێشەوەی هێزی پێشمەرگە لە سنوورەکە دادەنێین.
Your Comment