تورکیا وەک مەیدانی شەڕ دەڕوانێتە کوردستانی سووریا و هەرێمی کوردستان

بەشی سووریا- چاودێری سیاسی و ڕۆژنامەنووسی کوردی سووری لە لێدوانێکدا دەڵێت لە سووریا ئیرادەیێک هەیە کە دەیەوێت بابەتەکان بە ڕێگاچاری سەربازی چارەسەر بکرێت بەڵام ئەوە نە لای ئیدارەی خۆسەر قبووڵکراوە نە لای هێزەکانی سووریای دیموکرات و نە لای هاووڵاتییانیش.

کوردپرێس:

جومعە محەمەد چاودێری سیاسی و ڕۆژنامەنووسی کوردی سووریا لە لێدوانێکدا بۆ کوردپرێس ئاماژەی بە کەم بوونەوەی هەڕەشە میدیاییەکانی تورکیا دژی کورد و هێرش بۆ سەر باکووری سووریا کردووە و دەڵێت: هەڕەشەکانی تورکیا دژی باکوور و خۆرهەڵاتی سووریا بەردەوامە و بە ئاشکرا بێت و بە شاراوە بێت تورکیا هەمیشە کار لە سەر چاوچنۆکی و دەکات و چاوی بڕیوەتە سەر خاکی کوردستانی سووریا و ئەو مەترسییەش لە ئارادایە کە تورکیا لە ناکاو هێرش دژی ئەو ناوچەیە دەست پێبکات.

ناوبراو دەشڵێت تورکیا ئەگەر نەتوانێت هێرشێکی فراوانیش بکات بە شێوەی جۆربەجۆر هەوڵ دەدات شەڕ پەلکێشی ئەو ناوچەیە بکات و نائارامی و ناسەقامگیری پەرەپێبدات. تورکیا ناوبەناو لە دەوروبەری عەین عیسا لە ڕێگای گرووپە جیهادییەکانی ژێردەسەڵاتییەوە هێرش دەکات بەڵام هێرشەکان شکست دەهێنن. هەفتەی ڕابردوو هەوڵی داگیرکردنی گوندێکی ئەو ناوچەیەیان دا بەڵام هێزەکانی سووریای دیموکرات ناچاریان کردن پاشەکشێ بکەن. هەروەها ڕۆژی شەمبە لە منبەج بە هۆی تەقینەوە 4 هاووڵاتیی مەدەنی گیانیان لە دەست دا.

ناوبراو زیادیشی کرد: تورکیا بەو کارانەی دەیەوێت نائەمنی و ناسەقامگیری لەو ناوچەیە زۆر ببێت. هەڕەشەکان هەر بوون و ئێستا چۆتە قۆناغێکی نوێوە. تورکیا دەیەوێت بە هەر شێوازێک بووبێت ئەمن و ئاسایشی ناوچەکە تێک بدات بۆ ئەوەی هاووڵاتییان هەست بە نائەمنی دەروونی بکەن. دیار نیە ئایا تورکیا دەتوانێت مۆڵەتی هێرش کردن بۆ ئەو ناوچانە لە ئەمریکا و ڕووسیا وەربگرێت یان خەیر بەڵام هاووڵاتییانی ئەو ناوچانە هاوکات کە ژیانی ڕۆژانەی خۆیان بەسەر دەبەن بەردەوام نیگەرانن لە هێرشەکانی تورکیا.

ئەو چاودێرە سیاسییە ئاشگراشی کرد: هەموو کاتێک ئەگەری هێرشی تورکیا لە ئارادایە و هێزەکانی ئیدارەی خۆسەر خۆیان بۆ ڕووبەڕووبوونەوە ئامادە کردووە. ڕاستە ڕووسیا و ئەمریکا لە باکوور و خۆرهەڵاتی سووریا بوونیان هەیە بەڵام ئەوان کار بۆ بەرژەوەندیی خۆیان دەکەن و ئەوە هێزەکانی سووریای دیموکراتن کە لە ڕەگەزی هاووڵاتییانن و لە سەر بنەمای متمانەی هاووڵاتییان بەرگری لە خاکی خۆیان دەکەن.

جومعە محەمەد ئەوەشی بیر هێنایەوە کە دەوڵەتی تورکیا ئێستا ڕووبەڕووی قەیرانی قووڵی ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتی بۆتەوە و بۆ ئەوەی ڕای گشتی لەو قەیرانانە بە لاڕێدا بەرێت پێویستی بە شەڕێک هەیە. تورکیا وەک مەیدانی شەڕ دەڕوانێتە کوردستانی سووریا و هەرێمی کوردستان. بۆیە هەموو شتێک بەکار دەهێنێت بۆ ئەوەی هەڕەشە و گوشار لە سەر خەڵکی کورد بخات و ڕای گشتیی تورکیا بەلاڕێدا بەرێت.

ئەو ڕۆژنامەنووسە کوردە ئەوەشی بیر هێنایەوە کە ئەنجومەنی سووریای دیموکرات و هێزەکانی سووریای دیموکرات و ئیدارەی خۆسەری کوردستانی سووریا نیازیانە ڕێگاچارێک بدۆزنەوە بۆ ئەوەی لە ڕێگای گفتوگۆ و دانوستانەوە کێشەی سووریا چارەسەر بکرێت. هەفتەی ڕابردوو ئیلهام ئەحمەد، کارگێڕی ئەنجومەنی سووریای دیموکرات لە ڕووسیا لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە لە سەر وەزعی سووریا قسەی کردووە و دیداری بووە هەروەها لە هەمان چوارچێوەشدا بەرپرسانی ئیدارەی خۆسەر دیداریان لەگەڵ هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژەداعش کردووە.

ناوبراو لە کۆتاییدا گوتیشی: لە سووریا ئیرادەیێک هەیە کە دەیەوێت بابەتەکان لە ڕێگای سەربازییەوە چارەسەر بکرێت بەڵام ئەمە نە لای ئیدارەی خۆسەر قبووڵکراوە و نە لای هێزەکانی سووریای دیموکرات و نە لای هاووڵاتییانیش. دەیانەوێت بەو هەڕەشە و شەڕی میدیایییە هاووڵاتییان لەو ناوچانە بڕۆن بۆ ئەوەی ئەوان بتوانن پلانی خۆیان جێبەجێ بکەن و بگەن بە مەرامی خۆیان بەڵام هاووڵاتییان ئێستا ئاگا بوونەتەوە.

News Code 4276

Your Comment

You are replying to: .
captcha