کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکان: لە ئەمساڵدا ٢٨ ھەزار ھاوڵاتی لە ھەرێم کۆچیان کردووە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکانى ئەوروپا ڕایگەیاند، لە ساڵى ٢٠٢١ دا لە هەرێمى کوردستانەوە ٢٨ ھەزار ھاوڵاتی کۆچییان بۆ گەشتن بە وڵاتانى ئەوروپا کردووە و لەوانەش ٣٨ کەس گیانیان لەدەستداوە و ٦٧٠ کەسى دیکەش دەستگیر کراون.

کوردپرێس:

ناوەندی ئیدارەی راپەڕین کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکانی ئەورووپا کۆنگرەیێکی ڕۆژنامەوانیی ئەنجام دا و تێیدا ئامارەکانی کۆچکردنى لە ساڵی ٢٠٢١ دا ئاشکرا کرد.

لە کۆنگرەکەدا بەکر عەلی سەرۆکی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکانی ئەوروپا لە کوردستان ئاشکرایکرد: لەھەرێمی کوردستان، تاوەکو ئێستا ٢٨ ھەزار ھاوڵاتی لەسەرجەم ناوچەکانى کوردستانەوە بۆ گەشتن بە وڵاتانى ئەوروپا کۆچیان کردووە و لەو ژمارەیەش ٣٨ ھاوڵاتی گیانیان لەدەستداوە و ٦٧٠ ھاوڵاتی دیکەش دەستگیرکراون.

بەکر عەلی، سەبارەت بە ژمارەى ئەو کەسانەى لە سنوورى ئیدارەى ڕاپەڕین کۆچیان کردووە وتی: لە سنوورەکەمان حەوت هەزار و ٨٠٠ ھاوڵاتی کۆچیان کردووە لەو ژمارەش هەشت کەس بونەتە قورباینى.

لە بەشێکى دیکەى قسەکانیدا سەرۆکی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکانی ئەوروپا لە کوردستان ئەوەى خستەڕوو، کە ڕێژەی کۆچکردن لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ دەرەوەى وڵات لە ھەڵکشاندایە و ئەوەش بووەتە جێگەی مەترسی گەورە .

لە کۆتایی کۆنگرە ڕۆژنامەنووسییەکەدا بەکر عەلی داوایکرد، کە حکومەتى هەرێمى کوردستان کارنامە و بەرنامەی بەپەلەی ھەبێت بۆ ڕێگەگرتن لەو کۆچە و داواکاری خواستی ھاوڵاتیان جێبەجێ بکات .

لە هەفتەى ڕابردوودا ژمارەیەکى زۆر لە کۆچبەران، کە زۆرینەیان هاوڵاتى باشوورى کوردستان بوون لە وڵاتى بیلاڕووسیاوە کەوتنە ڕێ و پاش گەشتنیان بەسنوورەکانى وڵاتى پۆڵەندا هەوڵیاندا ئەو بەربەستانە تێپەڕێنن، بەڵام لەلایەن هێزەکانى پۆڵەنداوە ڕووبەڕووى ڕێگریى بوونەوە ئەوەش کاردانەوەى ناوخۆى و جیهانى لێکەوتەوە، چونکە ئەو کۆچبەرانە لە ئێستادا لە دۆخێکى خراپدا ژیان دەگوزەرێنن.

حکومەتی عێراقیش لە ڕێگەی وەزارەتی دەرەوە ڕایگەیاند، ڕۆژی ١٨ی ئەم مانگە یەکەم کاروانی گەشتی گەڕاندنەوەی ئارەزوومەندانەی کۆچبەران لە بیلاڕووسیاوە بۆ عێراق دەستپێدەکات و بۆ ئەو مەبەستەش تا ئێستا ١٧٠ کۆچبەر بەشێوەی ئارەزوومەندانە ناویان تۆمار کردووە بۆ ئەوەى بگەڕێنەوە.

News Code 4139

Your Comment

You are replying to: .
captcha