کوردپرێس:
مووسا کەنۆ ئەندامێکی سەرکردایەتیی پارتی یەکێتیی سووریای دیموکرات لە لێدوانێکدا بۆ کوردپرێس ئاماژەی بە ڕێککەوتنی ئیدارەی خۆسەر لەگەڵ دیمەشق کردووە و دەڵێت ڕێککەوتنی لەو چەشنە ئەگەر بکرێت هەڵگری ئەو پەیامە دەبێت کە قەیرانی سووریا چارەسەر بووە.
ناوبراو دەشڵێت هاووڵاتییانی سووریا لە باکوور و خۆرهەڵاتی ئەو وڵاتە لەو بڕوایەدان کە دەستەبەرکردنی ڕێککەوتنی نێوان دیمەشق و ئیدارەی خۆسەری کوردستانی سووریا کاریگەریی ئیجابیی دەبێت لە چارەسەری قەیرانی دارایی و ڕێگری کردن لە هەڕەشە هەرێمییەکانی سەر سووریا.
ئەو سیاسەتوانە کوردە زیادی کرد دانپێیدانانی دیمەشق بە ئیدارەی خۆسەر بابەتێکی زۆر گرینگە و ڕێککەوتنی نێوانیان یارمەتیدەر دەبێت لە چارەکردنی قەیرانەکان چوونکە هێزی مەشق پێکراو و ڕێکخراوی سووریای دیموکرات هێزێکە کە دیمەشق پێویستی پێیەتی.
بە وتەی ئەو ئەندامەی سەرۆکایەتیی پارتی یەکێتیی سووریای دیموکرات هاوکاریی نێوان دوو لایەنەکە کۆتایی بە هەڕەشەکانی تورکیا دەهێنێت و ناوچەکانی ژێردەسەڵاتی تورکیاش دەگێڕێتەوە بۆ دەسەڵاتی ناوەند.
شایانی باسە گیر بدرسن نێردراوی تایبەتی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ کاروباری سووریا ڕۆژی سێشەمە گوتبووی چارەسەری قەیرانی سووریا پێویستی بە یارمەتی و هاوکاریی جیدیی واشەنتن هەیە.
ناوبراو بە سکای نیوزی گوتبووی ئابووری سووریا لە داڕووخاندایە و سزا سەپێندراوەکانی سەر ئەو وڵاتە کاریگەریی خراپی کردۆتە سەر نۆژەنکردنەوە و ئاوەدانکردنەوەی سووریا و ئاگربڕی ناجێگیری ئیدلیب تەوەرێکی دیکەیە کە کۆی ئەو بابەتانەی وای کردووە وەزعی سووریا خراپتر بێت.
کنۆ ئاشکراشی کرد ئەو وڵاتانەی دەستوەردان لە کاروباری سووریا دەکەن بە بێ ئەوەی هیچ گوشارێک بخەنە سەر دەوڵەتی ناوەند کار بۆ بەرژەوەندی و قازانجی خۆیان دەکەن.
ناوبراو دەشڵێت: ئەگەر ڕووسیا بە دوای ڕێگاچارێکدا دەگەڕێت بۆ گەرەنتی کردنی مافی هاووڵاتییانی باکوور و خۆرهەڵاتی سووریا، دەتوانێت پێداگری بکات بۆ ڕێککەوتنی نێوان ئیدارەی خۆسەر و دەوڵەتی ناوەند.
بە گوێرەی ڕاپۆرتی میدیاکان لە هەڕەشەکانی ئەم دواییەی تورکیا دژی باکووری سووریا هاوشێوەی ئەو شتەی 2018 لەعەفرین ڕووی دا و 2019ش لە سەرێکانی دووپات بوویەوە مۆسکۆ گڵۆپی سەوزی بۆ ئەنقەرە هەڵنەکرد.
بەو حاڵەشەوە مووسا کەنۆ بڕوای وایە ڕووسیا تا ئەم کاتەش دەوری کارای نەبینیوە لە چارەسەری سیاسی بۆ سووریا و تاکە کارێک کە کردوویەتی دەرکردنی بەیاننامە بۆ هاندانی تورکیایە ئەوەش لە بەرژەوەندیی خۆی بووە.
ناوبراو دەشڵێت ڕووسیا تا ئەمڕۆکە هەر لایەنگریی دیمەشێ دەکات و بە شێوەی ئیجابی و بە دادگەری دەوری خۆی نەبینیوە بەڵام پێویستە ئاگادار بکرێت چوونکە سوورییەکان داوای لامەرکەزییەت و سیکۆلاریەت و سیستەمی پەرلەمانیی زۆرینەخواز دەکەن کە لەو سیستەمەدا مافی هاووڵاتی بوونیان پارێزراو بێت.
ڕۆژی سێشەمەش ئیلهام ئەحمەد سەرۆکی دامەزراوی جێبەجێکاری ئەنجومەنی سووریای دیموکرات گوتی بەرپرسانی باکووری خۆرهەڵاتی سووریا پێشنیارەکەی ڕووسیایان ڕەت کردۆتەوە کە داوای کردبوو 3 هەزار هێزی دەوڵەتی ناوەند بێتە نێو شاری کۆبانێ.
ناوبراو لە لێدوانەکەیدا کە کۆڕبەندێک لە ژێر ناوی "ڕۆشنبیری و دوورنواڕی چارەسەری سیاسیی سووریا" لە ڕەقە پێشکەشی کرد لەبارەی هۆکاری قبووڵ نەکردنی داواکارییەکەی ڕووسیاوە ڕوونکردنەوەی دا.
ناوبراو زیادی کرد: چارەسەری سیاسی بە گفتوگۆکردن لەگەڵ دەوڵەتی سووریا بە هیچ شێوەیێک هەڵگری ئەو مانایە نیە کە هیچ ناوچەیێکی سووریا ڕادەستی هێزی حکوومەتی ناوەند بکرێت.
Your Comment