کوردپرێس:
موهەندس حوسێن خۆش ئێقباڵ جێگری سیاسی و ئەمنیی پارێزگاری کوردستان شەوی دووشەمە 5ی گەڵاڕێزانی 1397 بەرانبەر بە 26ی تشرینی دووهەمی 2018 سەردانی نەخۆشخانەی کەوسەری کرد و لەبارەی سەردانە ڕانەگەیێندراوەکەیەوە بە هەواڵنێری کوردپرێسی وت: ئەمشەو بە بێ بەرنامەی پێشوەختە سەردانی نەخۆشخانەمان کرد بۆ ئەوەی ڕاستەوخۆ گوێ لە دەنگی هاووڵاتییان و کێشەکانیان لە بواری دەرمان و چارەسەری پزیشکی ببینین.
بەڕێز خۆش ئێقباڵ تیشکی خستە سەر کێشەی ئابووریی هاووڵاتییان و بە کوردپرێسی وت: هەوڵ دەدەین لەم دۆخە سەختە ئابوورییەدا هاووڵاتییانی کوردستانی کێشەی کەمتریان هەبێت بەو مەبەستەش هاتینە نەخۆشخانە بۆ ئەوەی گوێبیستی گرفتەکانی ئەو هاووڵاتییانە بین.
کەشی نەخۆشخانەکە کەشێکی ئاساییی تێدەپەڕاند و لە کاتی سەردانەکەی جێگری پارێزگاری کوردستاندا بەشە جیاجیاکان دەوامی ئاسایییان دەکرد. بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەکە قەرەباڵغ بوو. لەو سەردانەدا هاووڵاتییان گلەییان لە کەمبوونی پزیشکان کرد و بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی کەوسەر لەو بارەیەوە ڕوونی کردەوە کە چەندین دانیشتنیان لەگەڵ بەڕێز سەرۆکی زانکۆی پزیشکیی کوردستان کردووە و داوای پزیشکی گشتییان کردووە بەڵام تا ئێستا کێشەکە چارەسەر نەکراوە و ئەو گرفتەش تایبەت بە نەخۆشخانەی کەوسەر نییە بەڵکوو لە دیکەی نەخۆشخانەکانیشدا کێشەکە لە چەند کاتژمێرێکی شەو کە نەخۆش و سەردانکەری نەخۆشخانە زۆرن بەردەوامە.
هەر لە سەردانەکەی بەڕێز جێگری سیاسی و ئەمنیی پارێزگاری کوردستاندا لە نەخۆشخانەی کەوسەر ناوەندی فریاکەوتنی نەخۆشخانەکە بەسەر کرایەوە و تاکە پزیشکی ئەو بەشە سکاڵای خۆی دەربڕی و بە وتەی پزیشکەکە لە ماوەی 2 کاتژمێر و نیودا 97 نەخۆشی بینیوە و پشکینینی بۆ کردووە! بەپێی ئەو ئامارەش بێت پزیشکی ئەو بەشە کەمتر لە 2 خولەکی بۆ پشکنینی نەخۆشەکە تەرخان کردووە و ئەوەش پڕۆسەیێکی قبووڵکراوی ئاساییی نییە لە پەیڕەوی پزیشکی و دەرمانیدا.
جێگری پارێزگاری کوردستانیش و بەڕێوەبەری نەخۆشخانەکەش لە کۆتاییی سەردانەکەدا تەنها هیوای ئەوەیان خواست کە کێشەکان چارەسەر بکرێن و لە وەڵامی ئەو پرسیارەی کوردپرێسدا کە بڕیارە چی بۆ ئەو کێشەیەی نەخۆشخانە بکرێت هیچ هەنگاوێکی ڕوون و داهاتوویێکی گەشیان نەخستە بەردەست.
کێشەی قەرەباڵغی لە بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانە حوکمییەکان تەنها یەک لە هەزاران گرفتی ئەو هاووڵاتییانەیە کە سەردانی نەخۆشخانەکان و ناوەندەکانی فریاکەوتن یان خزمەتگوزاریی پزیشکی دەکەن. لە ئاستی شارەکەشدا کێشەی هاوشێوەی ئەو کێشەیەی نەخۆشخانەی کەوسەر فراوانن و سەنتەرەکانی ئەشیعە و ڕادیۆلۆژی و سۆنۆگرافی بەردەوام نۆبەی ئاسایییان نییە و بە ئارەزووی خۆیان نەخۆش وەردەگرن و زۆرینەشیان بەتایبەت بۆ "سۆنۆگرافی" تەنانەت دەفتەرچەی بیمەی نەخۆشانیش قبووڵ ناکەن و دەبێت نەخۆش بە پاڕانەوە و بە نرخی ئازاد خۆمەتگوزاری وەربگرێت.
Your Comment