سه‌رکۆماری عێراق له‌گه‌ڵ نێرده‌ی تایبه‌تی سه‌رۆکی ڕووسیا کۆ بوویه‌وه‌

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- سه‌رکۆماری عێراق له‌گه‌ڵ نێرده‌ی تایبه‌تی سه‌رۆکی ڕووسیا کۆ بوویه‌وه‌ و له‌ دیداره‌که‌دا به‌رهه‌م ساڵح پێویستی هه‌ماهه‌نگی و هاریکاریی نێوان عێراق و ڕووسیای له‌ بواره‌ جیاجیاکاندا به‌تایبه‌تی له‌ قه‌ڵاچۆکردنی تیرۆردا دووپات کرده‌وه‌.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ڕۆژی سێشه‌ممه‌ 20ی تشرینی دووهه‌می 2018 د. به‌رهه‌م ساڵح پێشوازی کرد له‌ میخاییل بۆگدانۆف نێرده‌ی تایبه‌تی سه‌رۆکی ڕووسیا بۆ خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و باکووری ئه‌فریقا و شاندێکی هاوڕێی.

له‌ سه‌ره‌تای دیداره‌که‌دا به‌رھه‌م ساڵح به‌خێرهاتنی شاندی میوانی کرد و ئاماژه‌ی کرد بۆ تێڕوانینه‌کانی عێراق سه‌باره‌ت به‌ گرنگیی ڕۆڵی ڕووسیا و په‌یوه‌ندییه‌ باشه‌کانی له‌ ناوچه‌که‌دا.

به‌رهه‌م ساڵح له‌ وته‌کانیدا پێویستی په‌ره‌پێدانی په‌یوه‌ندییه‌کانی عێراق و ڕووسیای دووپات کرده‌وه‌ به‌ ڕه‌چاوکردنی باری مێژوویی و نێوده‌وڵه‌تی و هاوکات ئاماژه‌ی کرد بۆ پێویستی گه‌شه‌پێدانی دانووستان و وتووێژه‌کانی نێوان هه‌ر دوو وڵات له‌ بواره‌کانی ئابووری، ئه‌منی، سه‌ربازی و ته‌کنه‌لۆژیا و بایه‌خی هه‌ماهه‌نگیی ئه‌منی و هه‌واڵگری خسته‌ڕوو به‌ ئامانجی له‌ناوبردنی تیرۆر.

سه‌رۆک کۆماری عێراق له‌ وته‌کانیدا به‌ گرنگی زانی لێکتێگه‌یشتنێکی هاوبه‌ش له‌ نێوان ھه‌ردوولا له‌ئارادا بێت سه‌باره‌ت به‌ دۆسیه‌ی سووریا و ئه‌و به‌رکه‌وتانه‌ی که‌ په‌یوه‌ندییان هه‌یه‌ به‌ سه‌قامگیریی و ئاسایشی عێراق و ناوچه‌که‌.

لای خۆیه‌وه میخاییل بۆگدانۆف نیازی وڵاته‌که‌ی دووپات کرده‌وه‌ له‌ گه‌شه‌پێدانی په‌یوه‌ندییه‌کانی له‌گه‌ڵ عێراق و کرانه‌وه‌ی ئابووری و هاریکاری کردنی بۆ بنبڕکردنی تیرۆر و له‌وباره‌یه‌شه‌وه‌ خوازیار بوو ڕۆڵی پێشه‌نگی عێراق له‌ ناوچه‌که‌دا بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ سه‌رده‌می پێشووی.

نێرده‌ی تایبه‌تی سه‌رۆکی ڕووسیا بایه‌خی هاوبه‌شی ستراتێژی له‌گه‌ڵ حکوومه‌تی عێراق له‌ کاراکردنه‌وه‌ی کاره‌کانی ئه‌نجومه‌نی هه‌ماهه‌نگ‌کاری نێوان هه‌ر دوو وڵات له‌ بواره‌ جیاجیاکانی خسته‌ڕوو.

هه‌ر له‌و دیداره‌دا نێرده‌ی تایبه‌تی سه‌رۆکی ڕووسیا بانگهێشتێکی فه‌رمی گه‌یانده‌ به‌رهه‌م ساڵح بۆ سه‌ردانی ڕووسیا به‌ مه‌به‌ستی به‌هێزکردنی په‌یوه‌ندی و هاریکاریی دووقوڵی هه‌ر دوو وڵات.

سه‌رچاوه‌: میدیاکانی هه‌رێمی کوردستان

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 39730

Your Comment

You are replying to: .
captcha