عارف ڕۆشدی: نێچیرڤان بارزانی کاندیدمانه‌/ پارتی حه‌فته‌ی دابێ كۆبوونه‌وه‌ی خۆی ده‌ست پێده‌کات

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- ڕاوێژكاری مه‌كته‌بی سیاسیی پارتی ڕایگه‌یاند که‌ حه‌فته‌ی دابێ پارتی دیموكراتی كوردستان كۆبوونه‌وه‌ و دانووستانه‌کانی ده‌ست پێده‌کات و شاندی پارتی كه‌ كاندیده‌كه‌ی بۆ سه‌رۆكی حكوومه‌ت نێچیرڤان بارزانییه‌ ھه‌ر خۆیشی سه‌ردانی لایه‌نه‌كان ده‌كات و ئه‌وه‌ی گرینگه‌ به‌رنامه‌ی حكوومه‌ته‌.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، عارف ڕۆشدی به‌ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگه‌یاند: "ھیچ ھۆكارێک نییه‌ بۆ ئه‌وه‌ی تا ئێستا گفتوگۆی پێكھێنانی حكوومه‌تی نوێ ده‌ستی پێ نه‌كردووه‌ بۆیه‌ حه‌فته‌ی دابێ پارتی كۆبوونه‌وه‌ی خۆی ئه‌نجام ده‌دات له‌به‌ر ئه‌وه‌ی بڕیار له ‌ناو پارتی ده‌سته‌جه‌معییه‌ و شاندی خۆی دیاری ده‌كات بۆ سه‌ردانی كردنی لایه‌نه‌كان و گفتوگۆی پێكھێنانی حكوومه‌تی نوێ ده‌ست پێده‌كات."

ڕۆشدی گوتیشی: "شاندی پارتی دیموكراتی كوردستان كه‌ كاندیده‌كه‌ی بۆ سه‌رۆكی حكوومه‌ت نێچیرڤان بارزانییه‌ ھه‌ر خۆیشی سه‌ردانی لایه‌نه‌كان ده‌كات و ئه‌وه‌ی گرینگه‌ به‌رنامه‌ی حكوومه‌ته‌ و له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كان له‌سه‌ر به‌رنامه‌كه‌ رێک بكه‌ون و ھه‌مووانیش پێكه‌وه‌ كار بۆ جێبه‌جێ كردنی به‌رنامه‌ی حكوومه‌ت بكه‌ن دوور له‌ مه‌رامی حیزبی و پێكه‌وه‌ بتوانن ئه‌و شتانه‌ی خه‌ڵک گله‌یییان لێ ھه‌یه ڕاستی بكه‌نه‌وه‌."

ڕاوێژكاری مه‌كته‌بی سیاسیی پارتی باسی له‌وه‌ش كرد پارتی سه‌ردانی ھه‌موو لایه‌نه‌كان ده‌كات و ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ به‌رنامه‌ی حكوومه‌ت بگونجێت ده‌توانێ به‌شداری بكات بۆیه‌ ئه‌وه‌ی به‌شداری ده‌كات پێویسته‌ پابه‌ندی جێبه‌جێ كردنی به‌رنامه‌ی حكوومه‌ت بێت.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 39591

Your Comment

You are replying to: .
captcha