شوێنه‌وارە مێژووییەکانی كه‌ركووک نۆژه‌ن دەکرێتەوە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- نێرده‌ی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ عێراق رایگه‌یاند كه‌ ھه‌ڵسه‌نگاندنی سه‌باره‌ت به‌ یارمه‌تیدان بۆ نۆژه‌ن كردنه‌وه‌ی دوو شوێنه‌واری كه‌ركووک كردووه‌.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، له‌ راگه‌یاندراوێكدا، یۆنامی ئاماژه‌ی به‌وه ‌داوه‌ قشڵه‌ و قه‌ڵای كه‌ركووک كه‌ دوو شوێنی كه‌له‌پووری رۆشنبیرین له‌ شاری كه‌ركووک له‌گه‌ڵ تێپه‌ڕبوونی كات و به‌ ھۆی ململانێیه‌كانه‌وه‌ كۆن بوون و بگره‌ به‌شێكیان ڕووخاوه‌، ئێستا ئه‌و دوو شوێنه‌واره‌ پێویستیان به‌نۆژه‌نكردنه‌وه‌ ھه‌یه‌ تا بۆ نه‌وه‌كانی داھاتوو پارێزگاریان لێبكرێت.

له‌ به‌یاننامه‌كه‌دا ھاتووه‌ ھاوكات له‌گه‌ڵ پشتیوانییه‌كانی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ پاراستنی شوێنه‌واره‌ مێژووییه‌كان له‌ عێراق كه‌ ئاماژه‌ن بۆ ئاشته‌وایی و پێكه‌وه‌ژیان، ئه‌لیس وۆڵپوڵ جێگری نێرده‌ی تایبه‌تی سكرتێری گشتی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ عێراق، به‌سه‌رۆكایه‌تی تیمێكی ھاوبه‌ش كه‌ له‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ عێراق و رێكخراوی یۆنسكۆ و نووسینگه‌ی ھه‌ماھه‌نگی و گه‌شه‌پێدانی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان پێكهاتبوو له‌ 5ی ئه‌م مانگه‌ به‌ ئامانجی ھه‌ڵسه‌نگاندن و چۆنیه‌تی یارمه‌تیدانی كاره‌كانی نۆژه‌ن كردنه‌وه‌یان سه‌ردانی قشڵه‌ و قه‌ڵای كه‌ركوكی كردووه‌.

یۆنامی روونی كردووه‌ته‌وه‌، قشڵه‌ی كه‌ركووک كه‌ له‌ ساڵی 1863 وه‌ک باره‌گایێكی زستانه‌ بۆ پاراستنی سوپای عوسمانی بنیات نراوه‌، ئه‌مڕۆ له‌ لێواری رووخاندن دایه‌، ئه‌گه‌ر به‌م زووانه‌ نۆژه‌ن نه‌كرێته‌وه‌، ئه‌وا به‌ ته‌واویی ده‌رووخێت، به‌ڵام قه‌ڵای كه‌ركووک كه‌ به‌ به‌شێكی كۆنی شاره‌كه‌ داده‌نرێت له‌ ساڵی 884 پێش زایین وه‌ک دیوارێكی به‌رگری كه‌ به‌رازییه‌كه‌ی 18 مه‌تره‌ بنیات نراوه‌ و به‌م دوایانه‌ چه‌ند تاوه‌رێكی لێ دروست كراوه‌ و وه‌ک قه‌ڵاییێک له‌ناو جه‌رگه‌ی شاره‌كه‌ په‌ره‌ی پێدراوه‌، ھه‌روه‌ھا قه‌ڵاكه‌ مناره‌ییێک كه‌ ته‌مه‌نی بۆ ھه‌زار ساڵ له‌مه‌وبه‌ر ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ له‌گه‌ڵ كڵێسای حه‌مرای تێدایه‌.

به‌پێی به‌یاننامه‌كه‌، مارتین دلھویزین سه‌رۆكی نووسینگه‌ی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ ھه‌ماھه‌نگی و گه‌شپێدان له‌ كه‌ركووک، رایگه‌یاندووه‌ كه‌ قه‌ڵای كه‌ركووک ئاماژه‌یه‌ بۆ كۆمه‌ڵگه‌ی فره‌ شارستانییه‌كان له‌ كه‌ركووک، به‌و پێیه‌ی شوێنه‌واره‌كانی كوردی، عه‌ره‌بی، مه‌سیحی، ئیسلامی، جووله‌كه‌، سلجوقی، توركی و توركمانی له‌خۆ ده‌گرێت.

دلھویزین ئاماژه‌ی به‌وه‌ش داوه‌ كه‌ قه‌ڵای كه‌ركووک ھاوشێوه‌ی مه‌یدانی رۆمانی له‌ رۆمایه‌، ده‌كرێت ببێته‌ سمبولێكی به‌ھا بۆ ئاشته‌وایی و پێكه‌وه‌ژیان له‌ شاری كه‌ركووک.

ناوبراو باسی له‌وه‌ش كرد كه‌ كاری نۆژه‌ن كردنه‌وه‌ی ئه‌و شوێنه‌واره‌ له‌ شاری كه‌ركووک، ده‌رفه‌تی كار بۆ دانیشتوانی شاره‌كه‌ ده‌رخسێنێت، ھه‌روه‌ھا ھاتنی گه‌شتیاران بۆ شاره‌كه‌ زیاتر ده‌كات.

پێش سه‌ردانی كردنی ئه‌و دوو شوێنه‌واره‌ له‌ لایه‌ن یۆنامییه‌وه‌، زه‌نجیره‌یێک كۆبوونه‌وه‌ له‌ نێوان جیوڤانی ڤونتانا ئه‌ندازیاری بیناسازی له‌ یۆنسكۆ، و سامی خوجه‌ به‌رپرسی پڕۆگرامی رۆشنبیری، كه‌ سه‌رپه‌رشتیی كاری نۆژه‌ن كردنه‌وه‌ی قه‌ڵای ھه‌ولێری كردبوو، سازكرابوو.

سەرچاوە: ڕادیۆ نەوا

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 39567

Your Comment

You are replying to: .
captcha