ژن و پیاوێكی داعش له‌ نزیک هه‌ولێر ده‌ستگیر كران

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- سه‌ركردایه‌تیی هێزه‌كانی پۆلیسی فیدراڵیی عێراق ئاشكرای كرد که‌ دوو ئه‌ندامی ڕێكخراوی داعشیان ده‌ستگیر كردوووه‌ كه‌ یه‌كێكیان له‌ خاڵی پشكنینی پردێ‌ بوووه‌ و ئه‌وی دیكه‌شیان ژنه‌ و كاری تیماركردنی برینداره‌كانی ڕێكخراوه‌كه‌ی كردوووه‌.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ڕائید شاكر جه‌وده‌ت فه‌رمانده‌ی هێزه‌كانی پۆلیسی فیدراڵی له ‌به‌یاننامه‌یێكدا ڕای‌گه‌یاندوووه‌ که‌ له‌ سه‌نته‌ری زانیارییه‌كانی خاڵی پشكنینی پردێ له‌ نێوان که‌رکووک و هه‌ولێر، ئه‌ندامێكی ڕێكخراوی داعش له‌لایه‌ن لیوای 18ه‌وه‌ ده‌ستگیر كراوه‌ كه‌ به‌ ماده‌ی تیرۆر داواكراو بوووه‌.

ناوبراو ده‌شڵێت: "هه‌ر له‌سه‌ر زانیاریی وردیی هه‌واڵگری ئه‌ندامێكی دیكه‌ی داعش ده‌ستگیر كراوه‌ كه‌ ژنه‌ و كاری پزیشكی بۆ چه‌كدارانی داعش كردوووه‌ و برینداره‌كانی چاره‌سه‌ر كردوووه‌".

ڕائید شاكر جه‌وده‌ت ڕوونیشی كردۆته‌وه‌: ئه‌و ژنه‌ پێشتر فه‌رمانی ده‌ستگیركردنی له‌لایه‌ن دادگای فیدراڵی كه‌ركووک بۆ ده‌ركراوه‌ و هه‌ر دوو داواكراویش ڕاده‌ستی لایه‌نی پێداچوونه‌وه‌ی په‌یوه‌ندیدار كراون.

ناوبراو ئه‌وه‌شی ئاشكرا كرد که‌ پرۆسه‌یێكی هه‌ڵمه‌ت و گه‌ڕان له‌ پارێزگای كه‌ركووک ئه‌نجام دراوه‌ و تێیدا چه‌ندین ماده‌ی ته‌قینه‌وه‌ و بۆمب و C4 ده‌ستیان به‌ سه‌ردا گیراوه‌ و له‌لایه‌ن تیمه‌ تایبه‌تمه‌ندییه‌كانه‌وه‌ ته‌قێنراونه‌ته‌وه‌، هه‌روه‌ها له‌ هه‌ڵمه‌ته‌كه‌دا 6 گومانلێكراویش ده‌ستگیر كراون.

سه‌رچاوه‌: ڕادیۆ نه‌وا

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 39325

Your Comment

You are replying to: .
captcha