تا ئێستا له‌ حکوومه‌تی هه‌رێمه‌وه‌ هیچ فه‌رمانێک له‌باره‌ی سزاکانی ئه‌مریکاوه‌ ده‌رنه‌کراوه‌

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- به‌رپرسێکی یه‌که‌ی په‌یوه‌ندییه‌کانی هه‌رێمی کوردستان له‌گه‌ڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران گفتوگۆیێکی له‌گه‌ڵ کوردپرێس کردوووه‌ و تێیدا تیشک ده‌خاته‌ سه‌ر گه‌مارۆ ئابوورییه‌کانی ئه‌مریکا دژ به‌ ئێران و کارتێکه‌ریی گه‌مارۆکان له‌سه‌ر ئاستی بازرگانیی نێوان هه‌رێم و ئێران و ده‌شڵێت: تا ئێستا له‌ حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستانه‌وه‌ هیچ شتێک له‌باره‌ی سزا ئابوورییه‌کانی ئه‌مریکاوه‌ ده‌رنه‌کراوه‌ و هیچ فه‌رمانێکیان پێ نه‌کراوه‌.

کوردپرێس: به‌ گوێره‌ی به‌یاننامه‌که‌ی وه‌زاره‌تی خه‌زێنه‌ی ئه‌مریکا بڕیاره‌ ئه‌و وڵاته‌ له‌ ڕۆژی 13ی گه‌لاڕێزان به‌رانبه‌ر به‌ 4ی تشرینی دووهه‌می 2018 قۆناغی دووهه‌می سزا ئابوورییه‌کانی دژ به‌ ئێران بسه‌پێنێت که‌ بریتییه‌ له‌ که‌رتی نه‌وت و سزای بانکی. لیستی ئه‌و سزا ئابوورییانه‌ گه‌شتۆته‌ 700 خاڵ که‌ 300 خاڵیان له‌ لیسته‌که‌ی ده‌وڵه‌تی باراک ئۆباما زیاتره‌. له‌م نێوانه‌دا عێراق و هه‌رێمی کوردستان په‌یوه‌ندیی بازرگانیی فراوانیان له‌گه‌ڵ ئێران هه‌یه‌ و به‌و سنووره‌ هاوبه‌شانه‌ پێش ده‌ست پێکردنی قۆناغی دووهه‌می گه‌مارۆکان چڕکردنه‌وه‌ی ئه‌و پێوه‌ندییانه‌ به‌ هه‌ند وه‌رده‌گیردرێت.

عه‌بدوڵڵا ئاکره‌یی به‌رپرسێکی یه‌که‌ی په‌یوه‌ندییه‌کانی هه‌رێمی کوردستان له‌گه‌ڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران له‌باره‌ی ڕێژه‌ی بازرگانیی نێوان ئێران و هه‌رێم پاش سزا ئابوورییه‌کانی ئه‌مریکا دژ به‌ ئێران به‌ هه‌واڵنێری کوردپرێسی وتوووه‌: پێشتر په‌یوه‌ندییه‌ بازرگانییه‌کانی هه‌رێم و ئێران له‌ ئاستێکی نزمدا بوو به‌ڵام پاش ئه‌وه‌ی کۆنفڕانسێکی بازرگانی له‌ هه‌ولێر کرا و له‌و کۆنفڕانسه‌دا وه‌زیری بازرگانی و کانگای ئێران و بازرگانه‌ گه‌وره‌کان و ژووره‌ بازرگانییه‌کانی تێدا به‌شدار بوون و کۆنفڕانسه‌که‌ ده‌وری ئیجابیی بینی بۆ کاراکردنه‌وه‌ی هه‌ر پێنج سنووری نێوان ئێران و هه‌رێم.

ئاکره‌یی زیادی کرد: پاش یه‌ک مانگ هه‌ستمان به‌وه‌ کرد له‌ سنووری ته‌مه‌رچین (حاجی ئۆمه‌ران) نه‌ختێک کوندی هه‌یه‌ له‌ ئیش و کاره‌کان بۆیه‌ پێویست بوو کۆبوونه‌وه‌یێک ئه‌نجام بدرێت هه‌ر به‌و پێیه‌ش به‌ ئاماده‌بوونی جێگری پارێزگاری هه‌ولێر و جێگری پارێزگاری ورمێ به‌ یاوه‌ریی به‌ڕێوه‌به‌ری گومرگه‌کان و کونسووڵخانه‌ی ئێران له‌ هه‌ولێر و فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم ئه‌نجام درا. ئه‌نجامی کۆبوونه‌وه‌که‌ش زۆر ئیجابی بوو چوونکه‌ ده‌ست خرایه‌ سه‌ر ئه‌و خاڵانه‌ی بوونه‌ته‌ هۆی ئه‌وه‌ی سنووره‌که‌ وه‌کوو پێویست فه‌عال نه‌بێت.

ناوبراو ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو: له‌و کۆبوونه‌وه‌یه‌دا به‌ ئاشکرا گفتوگۆ له‌سه‌ر هه‌موو بابه‌ته‌کانی پێوه‌ندیی نێوان ده‌روازه‌ سنوورییه‌کان کرا و له‌ باری بازرگانییه‌وه‌ ئێستا له‌ ئاستێکی باشداین و ڕێژه‌ی بازرگانی دووقات بوووه‌ته‌وه‌.

ئه‌و به‌رپرسه‌ی هه‌رێمی کوردستان سه‌باره‌ت به‌ ئاماری وردی ڕێژه‌ی بازرگانیی نێوان ئێران و هه‌رێم ڕای‌گه‌یاند: ئاماری وردیان لا نییه‌ به‌ڵام له‌ هه‌موو بابه‌تێکه‌وه‌ ئاڵوگۆڕی بازرگانی جووڵه‌ی تێکه‌وتوووه‌. ئێستا له‌ هه‌ر سێ سنووری فه‌رمی دۆخه‌که‌ جێگیر بوووه‌ و جێگای ڕه‌زامه‌ندییه‌.

عه‌بدوڵڵا ئاکره‌یی سه‌باره‌ت به‌ ده‌ست پێکردنی قۆناغی دووهه‌می سزا ئابوورییه‌کانی ئه‌مریکا دژ به‌ ئێران و کارتێکه‌ریی ئه‌و قۆناغه‌ له‌سه‌ر پێوه‌ندییه‌کانی هه‌رێم و ئێران و ئاستی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان دوو لایه‌ن به‌ کوردپرێسی وت: تا ئێستا له‌وباره‌یه‌وه‌ له‌ حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستانه‌وه‌ هیچ ده‌رنه‌چوووه‌ و تا ئێستا هه‌موو شتێک پڕۆسه‌ی ئاساییی خۆی تێپه‌ڕاندوووه‌ و هیچ فه‌رمانێک ڕانه‌گه‌یێندراوه‌.

ناوبراو سه‌باره‌ت به‌ دیداره‌که‌ی که‌ریم شنگالی وه‌زیری ناوخۆی هه‌رێم له‌گه‌ڵ کونسووڵی ئێران که‌ ئاکره‌یییش تێیدا به‌شدار بوو به‌ هه‌واڵنێری کوردپرێسی ڕاگه‌یاند: له‌ دیداره‌که‌دا باسی پێوه‌ندییه‌کانی کۆماری ئیسلامیی ئێران له‌گه‌ڵ حکوومه‌تی هه‌رێم و به‌دواداچوون بۆ کۆبوونه‌وه‌ ئه‌منییه‌کان و هه‌روه‌ها بڕیاره‌کانی ئه‌و کۆمیته‌یه‌ بۆ ده‌سته‌به‌ر کردنی ئه‌نجامی پێویست کرا.

ئاکره‌یی هێشتنه‌وه‌ی پێوه‌ندییه‌کانی نێوان ئێران و هه‌رێمی کوردستان زۆر به‌ پێویست زانی و گوتی: ئه‌وه‌ چاوه‌ڕوانیی به‌رپرسانی حکوومه‌تی هه‌رێمه‌ له‌ به‌رپرسانی ئێران که‌ هێشتنه‌وه‌ی پێوه‌ندییه‌کان به‌ هه‌ند وه‌ربگرن بۆیه‌ به‌ پێویستی زانی ئاسانکاری بکرێت بۆ ئاڵوگۆڕی بازرگانی و گه‌شتیاری و ئاسایش و دڵخۆشی بۆ هاتوچۆی هاووڵاتییانی هه‌ر دوو لایه‌ن له‌ سنووره‌کانیان. گوتیشی پێویسته‌ ئه‌و حاڵه‌ته‌ ئه‌منییه‌ له‌ سنووره‌کان ده‌بینرێت چیتر نه‌مێنێت.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 39316

Your Comment

You are replying to: .
captcha