مه‌ولوود چاووشئۆغڵۆ: به‌ دراوی نیشتیمانی بازرگانی له‌گه‌ڵ وڵاتان ده‌که‌ین

به‌شی تورکیا- وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا له‌ میانی پێشکه‌ش کردنی وتارێکدا له‌ لووتکه‌ی کۆنسه‌ی وه‌زیرانی ده‌ره‌وه‌ی D-8 ڕایگه‌یاند که‌ به‌ دراوی نیشتیمانی بازرگانی له‌گه‌ڵ چین، ڕووسیا، ئێران و ئۆكراین ده‌که‌ن.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ڕۆژی شه‌ممه‌ 3ی تشرینی دووهه‌می 2018 هه‌ژده‌هه‌مین لووتكه‌ی كۆنسه‌ی وه‌زیرانی ده‌ره‌وه‌ی D-8 به‌ میوانداریی مه‌ولوود چاووشئۆغڵۆ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا له‌ ئه‌نتاڵیا به‌ڕێوه‌چوو.

هه‌ریه‌ک له‌ محه‌مه‌د جه‌واد زه‌ریف وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران، محه‌ممه‌د ئه‌حمه‌د ئه‌زهه‌ر وه‌زیری حكوومه‌تی پاكستان بۆ كاروباری داهاته‌كان، خه‌دیجه‌ بوكار عه‌به‌ ئیبراهیم وه‌زیری حكوومه‌تی نێجیریا بۆ كاروباری ده‌ره‌وه، داتۆ مارزوكی بین یه‌حیا جێگری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی مالیزیا، سه‌عید هیندام جێگری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی میسر بۆ كاروباری ئابووری، مه‌حبوب ئوز زامان ڕاوێژكاری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی به‌نگلادش و موریا ویلیانا باڵیۆزی ئیندۆنیزیا له‌ توركیا به‌شدارییان له‌ لووتكه‌كه‌دا كرد.

له‌و لووتکه‌یه‌دا مه‌ولوود چاووشئۆغڵۆ به‌ ئاماژه‌دان به‌وه‌ی كه‌ له‌ ئاماده‌كاریدان بۆ ئه‌وه‌ی به‌ دراوی نیشتیمانی بازرگانی له‌گه‌ڵ چین، ڕووسیا، ئێران و ئۆكراین بكه‌ین ڕای‌گه‌یاند: "بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ له‌گه‌ڵ زۆر وڵات له‌ كۆبوونه‌وه‌داین. ده‌كرێت ئه‌مه‌ له‌ ناو بونیه‌ی D-8 ئه‌نجام بدرێت. له‌مباره‌یه‌وه‌ داواكارین له‌ ناو بونیه‌ی D-8 ژووری ئاڵوگۆڕی كاڵا و كه‌لوپه‌ل پێکبهێندرێت بۆ بازرگانی به‌ شێوه‌ی نانه‌ختینه‌یی."

بڕیاری مامه‌ڵه‌کردن به‌ دراوی نیشتیمانی له‌لایه‌ن به‌رپرسانی تورکیاوه‌ دوای ئه‌وه‌ هات که‌ ئه‌مه‌ریکا به‌هۆی کێشه‌ی قه‌شه‌ برۆنسنه‌وه‌ چه‌ند سزایێکی ئابووری به‌ سه‌ر تورکیادا سه‌پاند و ئه‌وه‌ش ڕاسته‌خۆ به‌های لیره‌ی تورکی به‌ شێوه‌یێکی به‌رچاو له ‌به‌رامبه‌ر دۆلار دابه‌زاند.

سه‌رچاوه‌: هه‌واڵده‌ریی ئه‌نادۆڵو

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 39286

Your Comment

You are replying to: .
captcha