له‌ عێراق له ‌ماوه‌ی 10 ساڵدا 1440 پێشێلکاری به‌رامبه‌ر ڕۆژنامه‌نووسان کراوه‌

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- سه‌ندیکای ڕۆژنامه‌نووسانی هه‌رێمی کوردستان ڕای‌گه‌یاند: له ‌ماوه‌ی 10 ساڵدا 1440 پێشێلکاری له‌ هه‌رێمی کوردستان و چه‌ند ناوچه‌یێکی عێراق به‌رامبه‌ر ڕۆژنامه‌نووسان کراوه‌.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، سه‌ندیکای ڕۆژنامه‌نووسانی هه‌رێمی کوردستان به‌ بۆنه‌ی ڕۆژی جیهانى ده‌ربازنه‌بوونى تاوانباران له‌ ڕاگه‌یێندراوێکدا ڕای‌گه‌یاند: "له‌ ماوه‌ى ساڵانی 2010 بۆ 2018دا (898) حاڵه‌تى پێشێلکارى له‌ گرتن و لێدان و ڕێگرى به‌رامبه‌ر (1440) ڕۆژنامه‌نووس که‌ (1328) ڕۆژنامه‌نووسی نێر و (64) ڕۆژنامه‌نووسی مێینه‌ ئه‌نجام دراوه‌".

به‌پێی ڕاگه‌یێندراوه‌که‌ (347) حاڵه‌تی پێشێلکارییه‌کان له‌ هه‌ولێر، (285) حاڵه‌ت له‌ سلێمانى، (107) حاڵه‌ت له‌ دهۆک، (59) حاڵه‌ت له‌ که‌رکووک، (18) حاڵه‌ت له‌ هه‌ڵه‌بجه‌، (18) حاڵه‌ت له‌ مووسڵ، (6) حاڵه‌ت له‌ کفرى، (6) حاڵه‌ت له‌ خانه‌قین، (5) حاڵه‌ت له‌ سه‌ڵاحه‌دین، (4) حاڵه‌ت له‌ به‌غدا و (4) حاڵه‌ت له‌ دیاله‌ ڕوویان داوه‌.

له‌ به‌شێکی دیکه‌ی ڕاگه‌یێندراوه‌که‌دا سه‌ندیکای ڕۆژنامه‌نووسان ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ کردوووه‌ که‌ حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان، دادگاکان و داموده‌زگا ئه‌منییه‌کانى، نه‌ک هه‌ر ئه‌رکیانه‌ بکوژانى ڕۆژنامه‌نووسان بدۆزنه‌وه‌ و به‌ سزایان بگه‌یێنن به‌ڵکوو ئه‌رکى گرنگتر له‌وه‌ و سه‌ره‌کییان ئه‌وه‌یه‌ که‌ پارێزگارى له‌ ڕۆژنامه‌نووسان بکه‌ن و پیشه‌که‌یان له‌ چوارچێوه‌ى یاسادا ڕێزى لێبگیرێت و کارى ڕۆژنامه‌نووسانى پرۆفیشناڵ به‌ فه‌رمی بناسرێت و ڕێزى لێبگرێت.

سه‌ندیکای ڕۆژنامه‌نووسان داوا ده‌کات که‌ یاساى ژماره‌ (35) ساڵى 2007 (یاساى کارى ڕۆژنامه‌نووسى) و یاساى ژماره‌ (11)ى ساڵى 2013 (یاساى مافى به‌ده‌ستهێنانى زانیارى) وه‌کوو دوو یاساى پارێزه‌رى مافه‌کانى ڕۆژنامه‌نووسان جێبه‌جێ بکرێن.

سه‌ندیکای ڕۆژنامه‌نووسانی کوردستان ده‌شڵێت: وه‌کوو ئه‌نجومه‌نى سه‌ندیکاى ڕۆژنامه‌نووسانى کوردستان گله‌ییمان هه‌یه‌ و نیگه‌رانین که‌ وه‌کوو پێویست ئه‌و ڕێوشوێنانه‌ نه‌گیراونه‌ته‌به‌ر و له‌ زۆر کاتدا وه‌کوو پێویست هاوکارى سه‌ندیکا نه‌کراوه‌ و مامه‌ڵه‌ى پێویست بۆ ڕاپۆرته‌کانى (لیژنه‌ى داکۆکى و ئازادى ڕۆژنامه‌نووسى و مافى ڕۆژنامه‌نووسان) نه‌کراوه‌ و مامه‌ڵه‌ى دروست و ته‌ندروست له‌گه‌ڵ هاوپیشه‌کانمان نه‌کراوه‌ که‌ له‌ ژێر چه‌ترى سه‌ندیکادا وه‌کوو مه‌رجه‌عى خۆیان سه‌یر ده‌که‌ن و چاوه‌ڕێى مافه‌کانیانن.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 39256

Your Comment

You are replying to: .
captcha