بەپێی هەواڵی کوردپرێس، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە راگەیێندراوێکدا بڵاوی کردەوە، مایک پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا شەوی رابردوو لەگەڵ عادل عەبدولمەهدی، سەرۆک وەزیرانی نوێی عێراق قسەی کردووە.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا پیرۆزبایی لە عادل عەبدولمەهدی کردووە بەبۆنەی متمانەپێبەخشینی وەک سەرۆک وەزیران و هەوڵە سەرکەوتووەکانی لە پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراق.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت: مایک پۆمپیۆ پابەندبوونی خۆی بۆ کارکردن لەگەڵ عادل عەبدولمەهدی دووپات کردەوە، ئەوەش بە ئامانجی یارمەتیدانی حکوومەتی عێراق بۆ دابین کردنی سەقامگیری و ئاسایش و خۆشگوزەرانی بۆ هەموو عێراقییەکان.
هەر لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا پاڵپشتیی خۆی بۆ هەوڵەکانی حکوومەتی عێراق بۆ دابین کردنی ئاسایش دووپات کردووەتەوە بۆ ئەوەی کریستیانەکان و پێکهاتەکانی دیکە بتوانن بگەڕێنەوە زێدی خۆیان، کە لەلایەن داعشەوە وێران کران.
شەوی چوارشەممە پەرلەمانی عێراق کۆ بووەوە و دوای گفتوگۆیێکی زۆر درەنگانی شەو 14 وەزیر لە کابینەکەی عادل عەبدولمەهدی دەنگی پەرلەمانتارانیان بەدەست هێنا و عادل عەبدولمەهدی وەک سەرۆک وەزیرانی نوێ سوێندی دەستووری خوارد.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment