بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئەمڕۆ چوارشەممە 24\10\2018 ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان لە سووریا DAD، ئاماژەی بە ڕفاندنی کەسێک لە عەفرین کردووە و ڕایگەیاندووە کە هەروەها هێزەکانی تورکیا داوای بڕێکی زۆر لە زەیتی زەیتوونیان لە جووتیاران کردووە لە ڕێگەی موختاری ناوچەکاندا.
ئەو رێکخراوە، لە بەیاننامەکەیدا، باسی لەوەش کردووە، کە لە ماوەی ڕابردوو خانەوادەیێکی سێ کەسی بوونە قوربانیی مین و هەرسێکیان بەهۆی مینەکانی کە ئەو هێزانە لە ناوچەکە چاندوویانە کوژراون، هەر ئەوەش نا بەڵکو ماوەیێکە شاڵاوێکی داربڕینیش دەستی پێکردووە و چەندین درەختی موڵکی خەڵک بێ هیچ پرس و ڕایێک بڕاون.
لەسەر ئەو تاوانە بەردەوامانە ڕێکخراوی DAD ئیدانەی ئەو تاوانانە دەکات و داوا لە وڵاتەکانی وەک ئەمریکا، نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوە نێو دەوڵەتییەکانی تایبەت بە مافی مرۆڤ و لایەنی بەرپرس دەکات کە سنوورێک بۆ ئەو دەستدرێژییانە دابنێن و عەفرین بکەنە ناوچەیێکی پارێزراو.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment