کوردپرێس:
سەرۆک هۆزەکان داوایان کرد، کێشەى خاڵە گومرگییەکانی نێوان کەرکووک و هەرێمی کوردستان چارەسەر بکرێت و ئەو خاڵانە لاببرێن، بەو پێیەى دواى دانانى ئەو خاڵە گومرگییانە نرخى کاڵا و خۆراک لە بازاڕەکانى کەرکووک ڕووى لە بەرزبوونەوە کردووە.
سەرۆک هۆزەکانی کەرکووک لیژنەیێکیان پێکهێناوە بۆ سەردانیکردنی سەرجەم لایەنە سیاسییەکان بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی ئەمنى و ئیداری کەرکوک و گەڕانەوەی لایەنەکان بۆ کۆبوونەوەکانی ئەنجومەن و دانانی سەرۆکی ئەنجومەن و پارێزگار.
سەرۆک هۆزێکی عەرەب دەڵێت، پێکەوە دەتوانن دۆخی کەرکووک ئاسایی بکەنەوە و نابێت جیاوازی لە نێوان پێکهاتەکاندا بکرێت.
سەرۆک هۆزەکان جگە لە داوای نەهێشتنی دەمارگیری و تایەفەگەری، کۆمەڵێک داواکاریی دیکەیان ئاراستەى لایەنە پەیوەندیدارەکان کردووە، لەوانە گەڕاندنەوەی پترۆدۆلار بۆ شارەکە و کردنەوەی دەرگای دامەزراندن بۆ دەرچووان.
داواکاریى سەرۆک هۆزەکانى کەرکووک لەکاتێکدایە، ماوەى ساڵێکە زۆربەى پۆستەکانى کەرکووک بە وەکالەت بەڕێوە دەبرێن و ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکووکیش پەکی کەوتووە، تا ئێستاش لایەنەکان لەسەر کاراکردنەوەى ئەنجومەن و دابەشکردنى پۆستەکان ڕێکنەکەوتوون.
*لە ئێن ئاڕ تی وەرگیراوە
Your Comment