به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه 23-10-2018 قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له میانی وتارێكیدا له دیداری ئاڵۆگۆڕی ڕوانگه‌كان بۆ سه‌قامگیریی خۆرھه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست كه ئینستیوتی میری له هه‌ولێر سازی دابوو ڕای‌گه‌یاند: توانیمان له چوار ساڵی ڕابردوودا عه‌قڵییه‌تی حوكمڕانی له كوردستان بگۆڕین و ده‌بێت حكوومه‌تی داھاتوو له چاكسازی به‌رده‌وام بێت.
قوباد تاڵه‌بانی وتیشی: خه‌ڵكی كوردستان ده‌وڵه‌تداری ده‌وێت و بێزاربوون له موزایه‌ده‌ی سیاسی و قسه‌ی زل و ڕه‌ق و ڕوخێنه‌ریش هیچ سوودێكی نه‌بوووه.
ناوبراو وتیشی: حكوومه‌تی ھه‌رێمی كوردستان چوار ساڵی سه‌ختی تیپه‌ڕاند به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا توانیمان به به‌رنامه‌یێكی تۆكمه‌ی چاكسازی كوردستان به‌ره‌و كه‌ناری ئارامی ببه‌ین.
ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو: سه‌ره‌ڕای ناكۆكییه سیاسییه‌كان توانیمان قه‌واره‌ی ھه‌رێم بپارێزین و حكوومه‌تی ھه‌رێم كێشه سیاسییه‌كانی وه‌لا نا و ئه‌ركه نیشتمانییه‌كانی جێبه‌جێ كرد.
له به‌شێكی دیكه‌ی وتاره‌كه‌یدا قوباد تاڵه‌بانی ئاماژه‌ی به‌وه کرد که ده‌بێت حكوومه‌تی داھاتووی كوردستان له چاكسازی به‌رده‌وام بێت، ھاوكات چوار ساڵی ڕابردوو و قه‌یرانه‌كان ناچاریان كردین بڕیاری سه‌خت بده‌ین.
جێگری سه‌رۆكی حكوومه‌تی ھه‌رێمی كوردستان له‌باره‌ی پڕۆژه‌ی خزمه‌تیشه‌وه ڕاشی‌گه‌یاند: پڕۆژه‌ی خزمه‌ت ڕۆتینات كه‌م ده‌كاته‌وه و پڕۆژه‌یێک بوووه بۆ له یه‌ک نزیكکردنه‌وه‌ی حكوومه‌ت و ھاووڵاتییان.
له‌باره‌ی به‌رده‌وامی چاكسازی له حكوومه‌تدا قوباد تاڵه‌بانی رایگه‌یاند: یه‌كڕیزی له نێو حكوومه‌تدا وای كرد زۆرترین چاكسازی ئه‌نجام بدرێت و پێویسته پڕۆسه‌ی چاكسازی له حكوومه‌تدا به‌رده‌وام بێت.
سه‌رچاوه: میدیاکانی هه‌رێمی کوردستان
کۆدی هه‌واڵنێر: 60103
Your Comment