هاوپەیمانیی چاکسازی و یەکێتی کێشەکانی هەرێمی کوردستان و عێراقیان تاوتوێ کرد

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- هاوپەیمانیی چاکسازی لەگەڵ مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کۆ بووەوە، بەپێی راگەیێندراوێکی کۆبوونەوەکە، هەردوولا کۆک بوون لەسەر ئامادە کردنی کارنامەی هەمەلایەنەی حکوومەتی نوێ بۆ چارەسەرکردنی بنەڕەتیی کێشەکان.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئەمڕۆ دووشەممە 15-10-2018، لە شاری سلێمانی و لە بارەگای مەکتەبی سیاسیی یەکێتی، شاندی هاوپەیمانی ئیسڵاح بە سەرۆکایەتیی عەممار حەکیم و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە سەرۆکایەتی کۆسرەت رەسول کۆبوونەوە.

بەپێی راگەیێندراوێکی یەکێتی، لە کۆبوونەوەکەدا هەردوولا گفتگۆی ورد و بەرپرسیارانەیان لەبارەی دۆخی عێراق و پرسی پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراق و بەشداری سەرجەم پێکهاتەکان و چارەسەری کێشەکان بەپێی دەستووری هەمیشەیی عێراق کرد و کۆک بوون لەسەر ئامادە کردنی کارنامەی هەمەلایەنەی حکوومەتی نوێ بۆ چارەسەر کردنی بنەڕەتیی کێشەکان و دەست پێکردنی قۆناخێکی نوێی حوکمڕانی و پرۆسەی سیاسی کە تێیدا عێراق بە سەرجەم پێکهاتەکانییەوە بەهێز دەبێت.

وەک لە راگەیێندراوەکەی یەکێتی دا هاتووە: "کێشە کەڵەکەبووەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ناوەند گفتوگۆیان لەبارەوە کرا، بەتایبەتی پرسی کەرکووک و ناوچە جێناکۆکەکان و جێبەجێ کردنی ماددەی 140ـی دەستوور و چارەسەکردنی کێشەی نەوت، گاز، بودجە و پێشمەرگە بەپێی دەستووری هەمیشەیی عێراق.

سەبارەت بە پرسی سەرۆک کۆماری عێراق و پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق هاتووە: "هەردوولا جەختیان کردەوە لە پشتیوانی کردنی سەرۆک کۆماری نوێی عێراق و سەرۆکی راسپێردراو بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێ و سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران بۆ تێپەڕاندنی قەیران و کێشەکان و دەست پێکردنی قۆناخێکی نوێ لە عێراق".

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 38805

Your Comment

You are replying to: .
captcha