کوردپرێس:
سێرگیی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی ڕووسیا حەفتەی ڕابردوو لە لێدوانێکدا وتوویەتی ئەمریکا پشتگیریی کورد دەکات بۆ ئەوەی نمچە دەوڵەتێکی کوردیی سەربەخۆ لە باکووری سووریا دابمەزرێنێت و بەو کارەی خۆی لە ئاوی لێڵ ماسی دەگرێت.
وەزیری دەرەوەی ڕووسیا هەروەهاش ئیدعای ئەوەی کردووە کە ئەمریکا هەوڵ دەدات تەبایی و یەکڕیزی لە نێوان کوردی هەرێمی کوردستان و کوردەکانی باکووری سووریا دەستەبەر بکات و تۆمەتی ئەوەی خستۆتە پاس ئەمریکا کە ئەو هەوڵانەی واشەنتۆن نایاسایین و یارمەتیدانی کوردە بۆ دامەزراندنی نیمچە دەوڵەتێکی سەربەخۆ لە باکووری سووریا.
ڕۆژنامەی دەیلی ئێکسپرێسی بەریتانی لە ڕاپۆرتەکەی خۆیدا وتوویەتی لێدوانەکەی وەزیری دەرەوەی ڕووسیا ڕاستە و ئەمریکا پاش سەرهەڵدانی داعش خۆی لەگەڵ کوردی سووریا و عێراق یەک خست و ئەگەرچی ئەمریکا پشتگیریی ڕیفراندۆمی سەربەخۆییی هەرێمی کوردستانی نەکرد بەڵام بیرۆکەی سەربەخۆیی لە نێو کورددا لە بەر پشتگیرییەکانی ئەمریکا لە کورد پەرەی سەند.
ئەو ڕۆژنامەیە هەروەهاش تیشکی خستۆتە سەر تووڕەبوونی ڕووسیا بەهۆی پشتگیریی ئەمریکا لە کوردی سووریا و شیمانەی دامەزراندنی نیمچە دەوڵەتی سەربەخۆی کوردی لە باکووری سووریا و هۆشداریشی داوە کە ئەگەری سەرهەڵدانی شەڕ لە ئیدلیبی سووریا زۆرە لە بەر ئەوەی پاش ڕێککەوتنی نێوان ڕووسیا و تورکیا هێشتاکە سەربزێوە توندڕەوەکان ئامادە نین پارێزگاکە چۆڵ بکەن ئەوەش دەتوانێت زەمینەخۆشکەر بێت بۆ شەڕێکی هەمەلایەنە و بەرفراوانی جیهانی کە دەکرێت شەڕی سێهەمی جیهانی ناوی لێ بنرێت.
Your Comment