بەپێی هەواڵی کوردپرێس، محەمەد حاجی مەحموود لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو باس لە شێوازی بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و دەرئەنجامی بەرایی ھەڵبژاردنەکە، ھەروەھا پێک ھێنانی حکوومەتی نوێی ھەرێمی کوردستان و دەسەڵاتی لایەنی براوەی یەکەم بۆ پێکھێنانی حکوومەتی زۆرینە دەکات.
محەمەد حاجی مەحموود سەرەتا لە بارەی چۆنیەتی بەڕێوەچوونی پڕۆسەکە دوا و گوتی: "لە ھەڵبژاردنی ئەمجارەدا ئومێدمان خواست کە ھەڵبژاردنێکی باشتر بکرێت لەژێر سایەی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردن و راپرسی ئەو ساختەکارییەی لە ھەڵبژاردنەکانی رابردوودا کراوە،نەکرێتەوە، بەڵام بەداخەوە لە ھەندێک شوێن لە سەدا ٢٥ تا سەدا ٣٥ دەنگ درابوو، لە دوای کاتژمێر دووی پاش نیوەڕۆوە رێژەکە کرایە لە سەدا ٥٦ و زیاتر، ئەوەش شتێکی خراپ بوو مانای وایە واز لە ئەنجامدانی ساختەکاری ناھێنن".
ناوبراو گوتی: "پڕۆسەی ھەڵبژاردن بۆ ئەوەیە ھاووڵاتیان بچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان و نوێنەری خۆیان ھەڵبژێرن بۆ پەرلەمان، ئێستا ماوەی دوو ھەفتەیە سەرقاڵی ئەوەن چۆن دەستکاری دەنگەکان بکەن و دەنگی ئەو لایەنانەی ناڕازین بۆیان زیاد بکەن و لایەنی تر کەم بکەنەوە".
سکرتێری حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات کە ئەنجامی بەرایی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەری دەخات کە نەخشەی سیاسی ھەرێمی کوردستان گۆڕانی بەسەردا ھاتووە، ئەو گوتی: "بەپێی ئەنجامە بەراییەکانی کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردن، نەخشەی سیاسی و قەبارەی لایەنەکان لە پەرلەمان تێکچووە و وەک پێشتر نەماوە، لایەنەکان بەشێکیان لە سەدا ٦٠ و بەشێکی دیکەیان سەدا ٥٠ دەنگەکانیان کەمی کردووە، پەرلەمانی ئەمجارە وەک پێشتر نابێت، بەڵام لە ھەموو حاڵەتێکدا پێویستە لایەنەکان پێکەوە کار بکەن بەتایبەت لە پێکھێنانی حکوومەتدا، چوونکە لەم وڵاتەدا ھەر لایێک بۆخۆی شوێنێکی ھەیە و ھێزی سەربازی و ئەمنی ھەیە و رەنگە ئەگەر لە حکوومەت ھەموو پێکەوە نەبن کارێکی ئاسان نەبێت بەتەنھا لایەنێک بەڕێوە بچێت".
ئەو ھەروەھا گوتیشی: "پەرلەمان دەکرێت ھەموو حزبەکانی تێدا بێت، بەڵام حکوومەت ئەرکی جێبەجێکردنی ھەیە و بەو عەقڵیەتە ناکرێت، ھەرکەس لە حکوومەت بێت پێویستە بە جددی لە حکوومەت بێت نەوەک پێیێکی لەناو حکوومەت و پێیەکی لەناو ئۆپۆزسیۆن بێت و پێش چەند مانگێک لە ھەڵبژاردن لە ترسی دەنگی ھاووڵاتیان حکوومەت بەجێ بھێڵیت، ناکرێت بۆ چەند ساڵ لە حکوومەت بیت و لە خێر و بێرەکەی بخۆیت بەڵام کە نزیکی ھەڵبژاردن بوویەوە بیکەیتە ھەرا و پاشەکشە بکەیت، ئەوکات خەڵک باوەڕ بەوە ناکەن".
محەمەد حاجی مەحموود کە پێشتر پەرلەمانتار و لە نێو حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیشدا پۆستی وەزیری ھەبووە، جەختی کردەوە لەوەی پێک ھێنانی حکوومەت تەنھا بە پارتی دیموکراتی کوردستان یان یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ناکرێت کە براوەی یەکەم و دووەمی ھەڵبژاردنەکەن، لەو بارەیەوە گوتی: "پێک ھێنانی حکوومەت بە تەنھا بە پارتی دیموکراتی کوردستان یان یەکێتیی نیشتمانی کوردستان ناکرێت، پێویستە پێکەوە بن بۆ پێکهێنانی حکوومەت و ئەوکات دەتوانن لایەنی دیکەش بەشداری پێبکەن لەگەڵ خۆیاندا".
محەمەد حاجی مەحموود باسی لەوەش کرد، لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا ئەزموونی حکوومەتی بنکە فراوان ئەزموونێکی سەرکەوتوو نەبووە لە ھەرێمی کوردستان و شکستی ھێناوە.
ناوبراو زیادی کرد: حکوومەت و پەرلەمانی کوردستان لە خولی چوارەمدا نەک نەیانتوانی خزمەتی خەڵک بکەن، بەڵکوو بوون بە کێشە بۆ خەڵکی، رەنگە ھاووڵاتیان زیاتر بەدەست ئەندامانی پەرلەمانەوە گیریان خواردبێت، چوونکە ئەوان لە بری دەرکردنی یاسا و رێکخستنی ھەرێمی کوردستان کێشەکانی پەرلەمانیان ھێنابووە سەر شەقام و ناو خەڵکەوە، ئەوان بۆ خۆیان باش بوون و ئاسودە بوون، بەڵام بۆ خەڵک بوونە کێشە".
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment