٨ تشرینی یەکەم ٢٠١٨ - ١٨:٢٧
چالاکیی ئەندامانی داعش لە ناحیەی گوێر

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- نزیكه‌ی 500 چه‌كداری داعش له ‌سنووری ناحیه‌ی گوێر ده‌ستیان به‌ چالاكی كردۆته‌وه ‌و به‌رپرسێكی یه‌كێتیش ورده‌كاریی سه‌رهه‌ڵدانه‌وه ‌و نه‌خشه‌ی بوونی داعش له‌عیراق ئاشكرا ده‌كات.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئه‌حمه‌د زاگه‌ لێپرسراوی كۆمیته‌ی گوێری یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، رایگه‌یاند: له‌ خوارووی ناحیه‌ی گوێر و به‌دووریی كه‌متر له‌ دوو كیلۆمه‌تر به‌ ئاڕاسته‌ی گه‌یاره‌، نزیكه‌ی 500 چه‌كداری داعش له‌ناو زه‌ل و دارستانه‌ چڕه‌كان خۆیان حه‌شار داوه‌.

ئه‌و به‌رپرسه‌ی یه‌كێتی زانیاریی زیاتر له‌باره‌ی ئه‌و شوێنه‌ی تیرۆریستانی داعش ئاشكرا ده‌كات و وتی: "كاتێک شاری مووسڵ ئازاد كرا چه‌كداره‌ هه‌ڵاتووه‌كانی داعش ئه‌و شوێنه‌یان كردووه‌ به ‌موڵگه‌ی خۆیان كه‌ ده‌كه‌وێته‌ نێوان هێزه‌كانی پێشمه‌رگه ‌و سوپای عێراق و ناوچه‌كانی زمماره‌ی عه‌بدوڵڵا، زمماره‌ی مه‌رجانه‌، زمماره‌ی سابیر، ساقێ، قوشافی كورد و قوشافی عه‌ره‌ب ده‌گرێته‌وه كه‌ درێژییه‌كه‌ی نزیكه‌ی‌ هه‌شت كیلۆمه‌تره‌".

به‌رپرسه‌كه‌ی یه‌كێتی ئاشكراشی كرد هه‌رچه‌نده‌ تا ئێستا چالاكیه‌كانی داعش ته‌نها سنووری گونده‌كانی ناحیه‌ی گه‌یاره‌ی گرتۆته‌وه‌، به‌ڵام بوونیان به‌و ژماره‌ زۆره‌، مه‌ترسی جددی له‌سه‌ر ئه‌منیه‌تی ناوچه‌كه‌ دروست كردووه‌.

سەرچاوە: میدیاکانی هەرێم

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 38627

Your Comment

You are replying to: .
captcha