کوردپرێس:
مەهدی جەمالی نەژاد سەردانی دەروازەی سنووری چیلاتی کردووە کە دەکەوێتە پارێزگای ئیلام و لە سەردانەکەیدا ڕایگەیاند لە ڕێگای دیپڵۆماسییانەوە لەگەڵ لایەنی عێراقی کار دەکەین بۆ ئەوەی دەروازەی سنووری چیلات لە نێوان ئێران و عێراقدا بکرێتەوە.
سنووری چیلات لە شاری دێلوڕانی ئیلامە و جێگری ئاوەدانکاری و بووژاندنەوەی مەدەنی لە وەزارەتی ناوخۆی ئێران لە سەردانەکەیدا ئەوەشی زیاد کرد ئەو دەروازە سنوورییە ئەگەر بکرێتەوە لە حەوزەی گەشتیاری و و هاتوچۆی زیارەتکارانی چلەی ماتەمیندا دەتوانێت شوێندانەر بێت لە بووژاندنەوەی ئابووری هەر دوو وڵاتی ئێران و عێراق.
ناوبراو گوتیشی هەردوو لایەنی عێراقی و ئێرانی کۆکن لە سەر ئەوەی بازاڕچەی سنووری چیلات بکرێتەوە و زیادیشی کرد: ئێران ئامادەیە لە باری ژێرخانەوە کار لە سەر ئەو دەروازە سنوورییە بکات و خزمەتگوزاریی سەرەتایی لەو دەروازەیە دابین بکات.
جەمالی نەژاد ئەوەشی ئاشکرا کرد کە پارێزگای ئیلام ساڵانە میوانداری زیاتر لە 4 ملوێن زیارەتکاری عاشوورا و چلەی ماتەمینی ئیمام حسێنە و 5 ڕێڕەوی سەرەکیی هەیە کە دەگاتە سنووری نێوان ئێران و عێراق.
Your Comment