فرسەت سۆفی: یەكپارچەییی خاكی هەرێم تێكەڵ بە هیچ ململانێیێكی سیاسی ناكەین

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- پەرلەمانتارێكی پارتی دەڵێت، ئەگەر پرسی زۆرینە و مامەڵەكردن بەپێی كورسی بۆ بەغدا راستە، دەبێت لایەنەكان بە سنگێكی فراوان وەریبگرن كە لە پێكهێنانی حكوومەتی داهاتووشدا لە هەرێم قەبارەی لایەنەكان بە بنەما بگیرێت و بەپێی خاڵبەندی پۆستەكان دابەش بكرێن. هاوكات جەختیش دەكاتەوە لەوەی یەكپارچەیی خاكی هەرێم تێكەڵ بە هیچ ململانێیەكی سیاسی ناكەن.

کوردپرێس:

لەمیانی بەرنامەی لەگەڵ رووداوەكانی نەوا، فرسەت سۆفی، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی پارتی بە ئاماژەدان بەوەی لە 1992 ەوە تا ئێستا بەردەوام زیاتر لە سەنگ و قەبارە و ژمارەی كورسیەكانیان مامەڵەیان لەگەڵ یەكێتی كردووە وتی: بەڵام چەند جارێكە ئێمە دەبینین، دووبارە و سێ بارە دەبێتەوە، كاتێك ژمارەیێک كورسیان بەردەكەوێت و دەنگیان لە شوێنێك بەرزدەبێتەوە و دەتوانن بە دەنگدان شتێك یەكلایی بكەنەوە، یەكسەر سازان و تەبایی كۆتایی پێدێت، بۆ نمونە لە 23 ی حوزەیران تەنها بە دوو تاكە دەنگ یاسای سەرۆكایەتی هەرێم خوێندنەوەی یەكەمی بۆكرا و رێژەی یاسایی لە پەرلەمان پێكهێنرا، هەرچەندە وتمان كە ئەو بابەتە پرسێكی نیشتمانیە و پێویستی بە سازان هەیە، بەڵام وتیان ئەمە دیموكراسیەوە دەبێت سنگتان فراوان بێت، وتمان بەسەر چاو، دیسان لە 19 ی ئاب هەمان كاریان كردەوە.

ناوبراو وتیشی: جارێكی تر لە پەرلەمانی عێراق هەمان كاریان كردووە و پۆستێك كە بەركەوتەی گەلی كوردستانە و ناكرێت بە دەنگدان لە ناو لایەنە عێراقیەكان یەكلایی بكرێتەوە و پێویستە بە تەوافوق یان دەنگدان لە ناو هێزە كوردستانیەكان یەكلایی بكرێتەوە، بەڵام دیسان جەختیان لە دیموكراسی و ئیرادەی زۆرینە كردوەتەوە، بۆیە وتی ئەگەر ئەو پێوەرە راست بێت بۆ بەغدا و بۆ 23 ی حوزەیران و 19 ی ئاب، دەبێت ئەو پێوەرە راستیش بێت بۆ ئەوەی ئێستا بە زمانێكی سادە، بە گیانێكی دیموكراسیانە و بە سنگێكی فراوان وەربگیرێت، كاتێك كە بڵێین پارتی ئەوەندە كورسیەی هەیە، گۆڕان ئەوەندەی هەیە و یەكێتیش ئەوەندە و ئەو هێزانەی لە حكوومەت بەشدار دەبن، بەپێی خاڵبەندی دەبێت.

دەربارەی ئەوەی كە ئایا گۆڕینی بنەمای كاركردنیان لەگەڵ یەكێتی لە حكوومەتی داهاتوو و هەروەها گرژیەكانیان لەگەڵ ئەو حزبە لە سەر پرسی چۆنێتی یەكلایی كردنەوەی پۆستی سەرۆك كۆمار كارناكاتە سەر یەكپارچەیی خاكی هەرێم، ئەو پەرلەمانتارەی پارتی وتی: سەروەری خاكی هەرێم، یەكپارچەیی هەرێم و سەقامگیری و بەرژەوەندییە باڵاكانی گەلی كوردستان تێكەڵ بە هیچ ململانێیێكی سیاسی ناكەین و خۆمان بە بەرپرسیار دەزانین لە پاریچزگاری كردن لە سەقامگیریی هەرێم و پەیوەندییێكی نزیك و دۆستانە لەگەڵ هێزە سیاسییەكانی كوردستان، بە تایبەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان.

News Code 38541

Your Comment

You are replying to: .
captcha