کوردپرێس:
بەپێی راگەیەندراوێكی نووسینگەكەی، بافڵ تاڵەبانی، ھاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە دەباشان پێشوازیکرد لە وەفدێکی پەرلەمانی بەریتانیا بە سەرۆکایەتی گاری کێنت.
لە دیدارێکدا گفتوگۆی ھەمەلایەنە کرا لەسەر پرسە سیاسی، ئەمنی، ئابورییەکان، کاری پەرلەمان و رۆڵی لە پێشخستنی کۆمەڵگا، چاودێریکردنی دەسەڵاتی جێبەجێکردن، دەرکردنی یاسا و رێکخستنی ژیانی خەڵک. هەروەها تەئکید لە ھەماھەنگی زیاتر و راوێژ لە نێوان ھەرێم و بەریتانیا کرایەوە بۆ پێشخستنی کاری پەرلەمانی.
بەپێی راگەندراوەكە، بافڵ تاڵەبانی "گرنگی بونی دەستوری لە ھەرێم رونکردەوە بۆ وەفدی میوان" و ئاماژەی بۆ ئەوە کرد "دەمانەوێت لە رێگای دەستورەوە بنەماکانی دەوڵەتداری و دیاریکردنی تایبەتمەندییەکانی دەسەڵاتەکان رێکبخەینەوەو لە روی سیاسی، ئابوری و کۆمەڵایەتییەوە ژیانی خەڵک باشتر کۆبکەینەوە و ھەموان لە چوارچێوەی دەستورێکی گەلپەسەند، ماف و ئەرکەکانیان یەکسان بکرێت."
ھاوسەرۆکی یەكیتی وتیشی"دەیەوێت دەستورێک لە ھەرێم بنیادبنرێت کە کۆدەنگی نیشتمانی و رای ھەمو لایەنەکان و خەڵکی لەسەر بێت و لەسەر بنەمای بەرژەوەندی و پێشخستنی ئەزمونی ھەرێم دابڕێژرێت و ھەموان لەسایەیدا وەک یەک بن و مافی ھاوڵاتیبون بەرجەستە بکات و لەگەڵ دەستوری عێراقیشدا یەکبگرێتەوەو بتوانرێت خزمەتی زیاتری کۆمەڵگەی پێبکرێت."
Your Comment