ئه‌مه‌ریكا داوای به‌په‌له‌ پێکهێنانی حکوومه‌تی نوێی هه‌رێمی كوردستان ده‌کات

به‌شی جیهان- وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریکا داوا ده‌کات حکوومه‌تی نوێی هه‌رێمی کوردستان به‌ زوویی پێکبهێنرێت.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، هێزه‌ر ناوێرت وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریکا له‌ کۆنگره‌یێکی ڕۆژنامه‌وانیدا له‌باره‌ی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان له‌ 30ی ئه‌یلوولی 2018دا ڕای‌گه‌یاند: "پیرۆزبایی له‌ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ین و هانیان ده‌ده‌ین به‌ خێرایی حكوومه‌تی نوێ پێكبهێنن."

وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریکا گوتیشی: "پیرۆزبایی له‌ گه‌لی هه‌رێمی كوردستانی عێراق ده‌كه‌ین كه‌ به‌شدارییان له‌ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان كرد و پڕۆسه‌ی ده‌نگدان خاڵێكی گرنگی هه‌موو كۆمه‌ڵگایێكی دیموكراسییانه‌یه‌ و ئێستاش چاوه‌ڕێی ڕاگه‌یاندنی فه‌رمی ئه‌نجامه‌كان ده‌كه‌ین و ئه‌وه‌ی ئاگادارم هێشتا ڕانه‌گه‌یاندراوه‌ و له‌نزیكه‌وه‌ چاودێری ئه‌و پرسه‌ ده‌كه‌ین و هانی پێكهێنانی حكوومه‌تێكی خێرا له‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌ده‌ین."

ناوێرت له‌باره‌ی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆک کۆماری عێراقه‌وه‌ ڕوونی کرده‌وه‌ که‌ ئه‌وان پشتگیری له‌ لایه‌نێک و کاندیدێکی دیاریکراو ناکه‌ن به‌ڵام پشتگیری له‌ پرۆسه‌یێکی ڕوون و دادپه‌روه‌رانه‌ ده‌که‌ن.

ڕۆژی یه‌کشه‌ممه‌ (٣٠ی ئه‌یلوولی ٢٠١٨) هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی کوردستان به‌ڕێوه‌ چوو و به‌ گوێره‌ی ئه‌نجامه‌ به‌رایییه‌ نافه‌رمییه‌كان له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا پارتی دیموكراتی كوردستان توانیویه‌تی زۆرینه‌ی ده‌نگه‌كان به‌ده‌ستبهێنێت و به‌رپرسی ده‌زگای هه‌ڵبژاردنی پارتیش ڕای‌گه‌یاندوووه‌ که‌ "چاوه‌ڕوان ده‌كه‌ن له‌ 42 تا 44 كورسی په‌رله‌مان به‌ده‌ست بهێنن."

سه‌رچاوه‌: میدیاکانی هه‌رێمی کوردستان

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 38485

Your Comment

You are replying to: .
captcha