به‌رهه‌م ساڵح په‌یڕه‌وی ڕێبازی مام جه‌لال ده‌کات و ده‌بێته‌هۆی سه‌قامگیریی عێراق و ناوچه‌که‌

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- نازم ده‌باغ نوێنه‌ری هه‌رێمی کوردستان له‌ ئێران گفتوگۆیێکی له‌گه‌ڵ کوردپرێس کردوووه‌ و تێیدا گوتوویه‌تی: به‌رهه‌م ساڵح قوتابییێکی مه‌کته‌بی مام جه‌لاله‌ و خاوه‌ن بڕیار و پڕۆژه‌ی خۆیه‌تی و ده‌توانێت ببێته‌هۆی سه‌قامگیریی عێراق و ناوچه‌که‌.

کوردپرێس: نازم ده‌باغ نوێنه‌ری حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان له‌ ئێران سه‌باره‌ت به‌ کارتێکه‌ریی هه‌ڵبژێردرانی به‌رهه‌م ساڵح بۆ سه‌رکۆماری عێراق له‌سه‌ر پێوه‌ندییه‌کانی نێوان به‌غدا و هه‌رێمی کورستان و ئه‌و کێشانه‌ی له‌ نێوان دوو لایه‌ندا هه‌یه‌ به‌ هه‌واڵنێری کوردپرێسی وت: یه‌که‌م ئه‌وه‌ی دوکتۆر به‌رهه‌م قوتابییێکی مام جه‌لاله‌ و په‌یڕه‌وی هه‌مان سیاسه‌تی تاڵه‌بانی ده‌کات ئه‌وه‌ش ده‌توانێت ئاشتی و ئارامی و چاره‌کردنی کێشه‌کانی ناوچه‌که‌ بێنێته‌دی.

ناوبراو زیادی کرد: شه‌خسی به‌رهه‌م ساڵحیش که‌سێک نییه‌ له‌ لایه‌نێکه‌وه‌ بۆ سه‌رۆک کۆمار دیاری کرابێت که‌ سبه‌ی ڕۆژ ببێته‌ داره‌ده‌ستی ئه‌وان به‌ڵکوو به‌رهه‌م ساڵح خاوه‌ن پرۆژه‌ و بڕیاری خۆیه‌تی و ئه‌وه‌ش وای کرد له‌ په‌رله‌مانی عێراق 219 ده‌نگ به‌ده‌ست بهێنێت به‌ڵام ڕکابه‌ره‌که‌ی 20 ده‌نگی به‌ده‌ست هێناوه‌.

نازم ده‌باغ گوتیشی: به‌ بڕوای من به‌رهه‌م ساڵح له‌ پۆستی سه‌رکۆماری عێراقدا ده‌توانێت ببێته‌ هۆکارێک بۆ ئارامی و سه‌قامگیریی زیاتر له‌ عێراق و پڕۆژه‌ و به‌رنامه‌ی چاککردنی بژێوی خه‌ڵکی عێراقیش په‌یڕه‌و بکات.

نوێنه‌ری حکوومه‌تی هه‌رێم له‌ ئێران تیشکی خسته‌ سه‌ر پێشینه‌ی سیاسیی دوکتۆر به‌رهه‌م و به‌ کوردپرێسی وت: کاتی خۆی به‌رهه‌م ساڵح سه‌رۆکی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و وه‌زیری پلاندانان بوووه‌ و خاوه‌ن به‌رنامه‌یێکی تێر و ته‌سه‌له‌ و به‌ بڕوای من ئه‌گه‌ر له‌ به‌غدا ڕێگه‌ی لێ نه‌گرن -هه‌روه‌ها که‌ ڕێگرییان لێ ده‌کرد ببێت به‌ سه‌رکۆمار- ده‌توانێت کاری باش بکات.

نازم ده‌باغ سه‌باره‌ت به‌ شوێندانه‌ریی هه‌ڵبژێردرانی به‌رهه‌م ساڵح وه‌کوو سه‌رۆک کۆمار له‌سه‌ر پێوه‌ندیی عێراق و کۆماری ئیسلامیی ئێران به‌ کوردپرێسی ڕاگه‌یاند: پێشتریش ئاماژه‌م کرد دوکتۆر به‌رهه‌م خوێندکارێکی ڕاستگۆی قوتابخانه‌ی مام جه‌لاله‌ هه‌ر به‌و هۆیه‌شه‌وه‌ بوو که‌ هه‌میشه‌ جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌و قوتابخانه‌یه‌ ده‌کرده‌وه‌ واتا بیر و بڕوای جه‌لال تاڵه‌بانی له‌ پێوه‌ندییه‌کانی له‌گه‌ڵ ئێران ئه‌وه‌ بوو هه‌میشه‌ جه‌ختی ده‌کرده‌وه‌ که‌ ئێمه‌ له‌گه‌ڵ ئێران جوگرافیایێکی سیاسیمان هه‌یه‌ بۆیه‌ ناتوانین ئه‌و جوگرافیایه‌ بگۆڕین واتا هه‌وڵدان بۆ باشتر کردنی پێوه‌ندییه‌کان به‌ دڵنیایییه‌وه‌ له‌ به‌رنامه‌کانی به‌رهه‌م ساڵحدا ده‌بێت چوونکه‌ کورد ئه‌مڕۆ له‌ عێراق له‌ هه‌لومه‌رجێکدا نییه‌ که‌ بتوانێت له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌و وڵاتانه‌ی له‌ ناوچه‌که‌ ململانێیان هه‌یه‌ خۆی بکاته‌ ته‌ره‌ف به‌ڵکوو ده‌کرێت ناوبژیڤان بێت و ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ بپارێزێت که‌ له‌گه‌ڵ هیچ که‌س یان لایه‌نێک دژایه‌تیی نه‌بێت.

شه‌وی 2ی تشرینی یه‌که‌م به‌ زۆرینه‌ی ده‌نگی په‌رله‌مانتاران به‌رهه‌م ساڵح نوێنه‌ری یه‌کێتی وه‌کوو نۆهه‌م سه‌رۆک کۆماری عێراق هه‌ڵبژێردرا و پاش ئه‌وه‌ی سوێندی یاسایی خوارد ڕای‌گه‌یاند له‌سه‌ر بنه‌مای نیشتیمانی ئه‌رکه‌کانم ڕاده‌په‌ڕێنم نه‌ک بنه‌مای حیزبی و گوتیشی: یه‌کپارچه‌یی و یه‌کڕیزیی عێراق ده‌پارێزم.

به‌رهه‌م ئه‌حمه‌د ساڵح سه‌رۆكى نوێى كۆمارى عێراق گوتی: يه‌كپارچه‌يیى عێراق ده‌پارێزم و ده‌بمه‌ پارێزه‌رى عێراق.

ناوبراو گوتيشى: سه‌رۆكى هه‌موو عێراق ده‌بم نه‌ک سه‌رۆكى پێكهاته‌يێک.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 38479

Your Comment

You are replying to: .
captcha