داوا ده‌کرێت ڕێکخه‌ری گشتی و ئه‌ندامانی خانه‌ى ڕاپه‌ڕاندن داوای لێبوردن بکه‌ن و ده‌ست له‌ کار بکشێنه‌وه‌

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- هه‌ڵسووڕاوى بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان هۆكارى پاشه‌كشه‌ى بزووتنه‌وه‌كه‌ ده‌خاته‌ ئه‌ستۆى ڕێكخه‌رى گشتى و خانه‌ى ڕاپه‌ڕاندن و گروپێكى‌ترى سه‌ر بزووتنه‌وه‌كه‌ و داواى ده‌ست له‌ كار كێشانه‌وه‌یان لێده‌كات.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، عه‌بدوڵڵا مه‌لا نوورى له ‌ئه‌كاونتى خۆی له‌ فه‌یسبووک بڵاوی كردۆته‌وه‌ که‌ دوو گرووپ به‌رپرسن له‌ پاشه‌كشه‌ی گۆڕان، ئه‌وانیش یه‌كه‌م ڕێكخه‌ری گشتی و خانه‌ی ڕاپه‌ڕاندن به‌هۆی لاوازی و خراپی سیاسه‌ت و هه‌ڵوێست و شێوازی به‌ڕێوه‌بردنیان، دووه‌م گروپێكی‌ترن كه‌ به‌شێكیان هیچ پۆستێكی ڕێكخراوه‌یییان نییه‌، ئه‌مانه‌ به‌هۆی لاوازی ڕێكخه‌ر و خانه‌ی ڕاپه‌راندنه‌وه له‌ ده‌ره‌وه‌ی ئۆرگانه‌ ڕه‌سمیه‌كانی گۆڕانه‌وه‌ پڕۆژه ‌و بڕیاریان ئاماده‌ ده‌كرد و ده‌یانسه‌پاند، هه‌ڵوێست و هه‌نگاوه‌كانی گرووپی دووه‌م به‌ جۆرێک بوو مه‌ترسی له‌سه‌ر ناسنامه‌ی بزووتنه‌وه‌كه‌ش دروست كرد.

ناوبراو ئاماژه‌ى به‌وه‌ش كردوووه‌ که‌ ئێستا كاتی ئه‌وه‌یه‌ ڕێكخه‌ری گشتی و خانه‌ی ڕاپه‌راندن داوای لێبوردن له ‌خه‌ڵكی كوردستان و گۆڕانخوازان بكه‌ن و ئیستیقاله‌ بكه‌ن، هاوكات ده‌بێت ڕۆڵی خراپی گرووپی دووه‌میش كۆتایی پێ بهێنرێت.

عه‌بدوڵڵا مه‌لا نوورى وتووشیه‌تی: "وه‌ک ئه‌ركێكی ڕێكخراوه‌یی و ئه‌خلاقی و گۆرانخوازانه‌ ئه‌وه‌ی پێمان كرا كردمان بۆ سه‌رخستنی گۆران له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان، ئێستا ئیدی ئه‌ركی سه‌رشانمانه‌ به‌ ده‌نگی به‌رز كار بۆ گۆرانكاری ڕیشه‌یی له‌ گۆڕاندا بكه‌ین، هه‌ر پاساو هێنانه‌وه‌یێک بۆ بێده‌نگی و دواخستنی گۆڕانكاری ڕیشه‌یی له‌ ناو گۆڕاندا هه‌وڵه‌ بۆ له‌ناوبردنی بزووتنه‌وه‌كه‌".

سه‌رچاوه‌: میدیاکانی هه‌رێمی کوردستان

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 38437

Your Comment

You are replying to: .
captcha