فوئاد حسێن: چ به‌ ده‌نگی فراکسیۆن بێت چ به‌ ده‌نگی په‌رله‌مان هه‌ر من ده‌بمه‌ سه‌رکۆمار

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- فوئاد حسێن کاندیدی پارتی بۆ پۆستی سه‌رکۆماری عێراق به‌ ڕادیۆ ده‌نگی ئه‌مریکای وتوووه‌ گومانی تێدا نه‌ماوه‌ که‌ ده‌بێته‌ سه‌رکۆمار چ به‌ ده‌نگی فراکسیۆن بێت و چ به‌ ده‌نگی په‌رله‌مان.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، فوئاد حسێن له‌ گفتوگۆ له‌گه‌ڵ به‌شی کوردیی ده‌نگی ئه‌مریکادا گوتی: "چ به‌ میکانیزمی ناو فراکسیۆنه‌ کوردییه‌کان بێت یاخود میکانیزمی ناو په‌رله‌مانی عێراق بێت ده‌نگدان له‌سه‌ر کاندیدی پۆستی سه‌رۆکایه‌تیی کۆماری عێراق بکرێت هه‌ر من سه‌ر ده‌که‌وم و ده‌نگی زۆرینه‌ ده‌هێنم."

ناوبراو له‌باره‌ی گفتوگۆیان له‌گه‌ڵ یه‌کێتیی نیشتمانیی کوردستان له‌سه‌ر یه‌ک کاندید بۆ پۆستی سه‌رکۆمار ده‌ڵێت: "ئه‌گه‌ری هه‌یه‌ خۆیان بکشێننه‌وه‌ هیوادارم خۆیان بکشێننه‌وه‌ ئه‌وکاته‌ واتای ده‌گه‌ینه‌ ڕێککه‌وتن له‌گه‌ڵ یه‌کێتی ئه‌وه‌ش واتای ئه‌وه‌یه‌ یه‌کێتی ده‌توانێت به‌شی خۆی هه‌بێت له‌ ناو حکوومه‌تی عێراقیدا."

فوئاد حوسێن وه‌ڵامی ئه‌و ڕه‌خنانه‌ش ده‌داته‌وه‌ که‌ ڕه‌خنه‌ له ‌پارتی ده‌گرن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ڕیفراندۆمی کردوووه‌ که‌چی ساڵێک دوای ئه‌وه‌ داوای پۆستی سه‌رۆک کۆماری عێراق ده‌کات و ده‌شڵێت: "ئه‌وانه‌شی ئێستا کاندیدن پێش هه‌موو که‌س له‌سه‌ر ته‌له‌فزیۆن په‌نجه‌یان ڕاوه‌شاند و وتیان ده‌نگمان داوه‌، ئێمه‌ وتمان هه‌موو شتێک له‌گه‌ڵ به‌غداد ده‌بێت."

د. فوئاد حسێن له ‌سه‌ره‌تای وتوێژه‌که‌ی له‌گه‌ڵ ده‌نگی ئه‌مریکا سه‌باره‌ت به‌ بڕیاری خۆکاندید کردنی وتی: "بڕیاری جه‌نابی مه‌سعوود بارزانی بوووه‌ و‌ دواتر به‌یانێکیشی پێده‌کرد که‌ پشتیوانی من ده‌کات."

ناوبراو سه‌باره‌ت به‌وه‌ی ئایا هیچ ڕاوێژيک به‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌ عێراقی و کوردییه‌کان کرا پيش کاندید بوونت وتیشی: "نه‌خێر لایه‌نه‌ عێراقییه‌کان پێویست ناکات چوونکه‌ ئه‌وه‌ پشکی کورده‌ و خه‌ڵکی‌تر خۆی کاندید کرد و‌ کاندیدی بێلایه‌نیش خۆیان کاندید کرد و ئێمه‌ دوای ئه‌وه‌ ده‌ستمان کرد به‌ گفتوگۆکردن له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ سیاسییه‌ عێراقی و کوردییه‌کان له‌وباره‌یه‌وه‌."

سه‌باره‌ت به‌وه‌ی ئه‌گه‌ر یه‌کێتی پۆستی پارێزگاری که‌رکووک بدات به‌ پارتی، پارتی ئاماده‌یه‌ واز له‌ پۆستی سه‌رۆک کۆمار بهێنێت؟ به‌ربژێره‌که‌ی پارتی بۆ پۆستی سه‌رکۆمار ڕه‌تی کرده‌وه‌ که‌ پارتی له ‌به‌رامبه‌ر پۆستی پارێزگاری که‌رکووک کاندیده‌که‌ی خۆی بکشێنێته‌وه‌ و وتی: "ئه‌وه‌ هیچ دروست نییه چوونکه‌ دانووستان کراوه‌ له ‌نێوان پارتی و یه‌کێتی له‌سه‌ر ئه‌و پۆستانه‌ی پشکی کوردن و له‌سه‌ر پۆستی سه‌رۆک کۆماریش دانووستانی دوور و درێژ کراوه‌، پێیان وتراوه‌ ئه‌گه‌ر ئێوه‌ کاندیدی خۆتان بکشێننه‌وه‌ ئه‌وا له ‌پۆسته‌کانی‌تر ده‌توانن مافی خۆتان وه‌ربگرنه‌وه‌ و به ‌ڕاشکاوی بڵێم بابه‌تی پۆستی پارێزگاری که‌رکووک هیچ په‌یوه‌ندی به‌ پۆستی سه‌رۆک کۆماره‌وه‌ نییه‌ چوونکه‌ پارێزگاری که‌رکووک ڕاسته‌وخۆ په‌یوه‌ندی به‌ ئه‌نجومه‌نی پارێزگای که‌رکووکه‌وه‌ هه‌یه‌ که‌ زۆربه‌ی ئه‌ندامه‌کانی پارتین واته‌ پارتی ده‌توانێت یارمه‌تی بدات بۆ دانانی پارێزگاری که‌رکووک و به ‌براده‌رانی یه‌كێتی وتراوه‌ ئه‌گه‌ر ئێـمه‌ بتوانین بگه‌ینه‌ ڕێککه‌وتن ئه‌وا بابه‌تی پارێزگاری که‌رکووکیش چاره‌سه‌ر ده‌بێت."

د. فوئاد حسێن په‌یامی بۆ لایه‌نگرانی هه‌بوو و وتی: "حه‌ز ده‌که‌م ئه‌وه‌ به‌ دڵسۆزان و دۆستان و لایه‌نگرانمان بڵێم ئه‌و چه‌ند ڕۆژه‌ی ده‌ستمان کردوووه‌ به ‌گفتوگۆ و ڕۆژ به‌ ڕۆژ پشتیوانیمان زیاتر ده‌بێت و ئێـمه‌ به‌ره‌و سه‌رکه‌وتن ده‌ڕۆین."

وابڕیاره‌ کاتژمێر(8)ی ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 1ی تشرینی یه‌که‌م به‌ کاتی به‌غدا له ‌ناو په‌رله‌مانی عێراق ده‌نگ له‌سه‌ر کاندیدی پۆستی سه‌رۆک کۆماری عێراق بدرێت.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 38428

Your Comment

You are replying to: .
captcha