ئیره‌ج مه‌سجدی: کونسووڵخانه‌ی‌ ئێران له‌ به‌سره‌ کرایه‌وه‌

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- باڵیۆزی ئێران له‌ عێراق ئاماژه‌ به‌ کردنه‌وه‌ی کونسووڵخانه‌ی ئێران له‌ به‌سره‌ ده‌کاته‌وه‌ و ڕای‌ده‌گه‌یێنێت: سووتاندنی كونسووڵخانه‌ی ئێران له‌ شاری به‌سره‌ كاریگه‌ری له‌سه‌ر په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان عێراق و ئێران نابێت.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ئیره‌ج مه‌سجدی باڵیۆزی ئێران له‌ عێراق له‌ میانی كۆنگره‌یێكی ڕۆژنامه‌وانیدا كه‌ له‌ باڵه‌خانه‌ی كونسووڵخانه‌ی وڵاته‌كه‌ی له‌ شاری به‌سره‌ له‌ دوای نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی سازی كرد ڕای‌گه‌یاند: "سووتاندنی كونسووڵخانه‌ پێچه‌وانه‌ی بنه‌ما ئه‌خلاقیی و نێوده‌وڵه‌تییه‌كانه‌ به‌ڵام په‌یوه‌ندییه‌كان به‌ برایانه‌ ده‌مێنێته‌وه‌ و سووتاندنی كونسوڵخانه‌كه‌مان كاریگه‌ری له‌سه‌ر په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ردوولا (عێراق و ئێران) نابێت".

باڵیۆزی ئێران له‌ عێراق له‌باره‌ی ئه‌و زیانانه‌ی به‌ر كونسووڵخانه‌ی وڵاته‌كه‌ی له‌ شاری به‌سره‌ كه‌وتوووه‌ وتی: "ته‌نها زیانی مادی به‌ر كونسووڵخانه‌ی ئێران كه‌وتوووه‌، به‌ر له‌وه‌ی خۆپیشانده‌ران ئاگری تێبه‌ربده‌ن توانیمان كارمه‌نده‌كانی ده‌ربهێنین" و ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد كه‌ وڵاته‌كه‌ی هه‌میشه‌ له ‌پاڵ عێراق و به‌تایبه‌ت له‌گه‌ڵ به‌سره‌ ده‌بێت.

ئیره‌ج مه‌سجدی وتیشی: "ساڵانه‌ نزیكه‌ی شه‌ش ملیۆن كه‌س له‌ ئێرانه‌وه‌ دێنه‌ عێراق و ئێران هامه‌هه‌نگیی سه‌ربازی و ئابووری و رۆشنبیری له‌گه‌ڵ عێراقدا هه‌یه‌".

شایانی باسه‌؛ ڕۆژی هه‌ینی ڕابردوو له‌ میانی خۆپیشاندانی ناڕه‌زاییی دانیشتوانی شاری به‌سره خۆپیشانده‌ران چوونه‌ سه‌ر كونسووڵخانه‌ی ئێران له‌و شاره‌ و ئاگریان له‌ باڵه‌خانه‌كه‌ی به‌ر دا كه‌ به‌هۆیه‌وه‌ زیانێكی زۆری ماددی پێگه‌یشت و بوووه‌ هۆی داخستنی كۆنسووڵخانه‌كه‌.

سه‌رچاوه‌: ڕادیۆ نه‌وا

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 38027

Your Comment

You are replying to: .
captcha