کوردپرێس:
مەحموود محەمەد وتەبێژی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان پاش کۆبوونەوەی پارتی لە پرێس کونفڕانسێکدا ڕایگەیاند دوو بابەتیان تاوتوێ کردووە یەکیان پڕۆسەی سیاسیی عێراق و پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراق دووهەمیشیان مەوزووعی هەڵبژاردنی پەڕلەمانی کوردستان کە 30ی ئەیلوول بەڕێوە دەچێت.
وتەبێژی پارتی لەبارەی پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراق ڕایگەیاند: دووری و نزیکیی پارتی لە لایەنێکی تایبەت بەستراوە بە قەدەری جێبەجێکرانی داواکاری و پڕۆژەکەی پارتییەوە و زیادی کرد: دووری و نزیکیەکەمان پەیوەستە بەو خاڵە هاوبەشانەی دەمانبێت، ئەویش ئەو پرۆژەیەیە، مەسەلەی شەراکەت، تەوافوق و تەوازونە لە عێراقدا. هەر لایەنێک ئەمانەی تێدابێت بە تەئکید لەگەڵ ئەوان نزیک دەبین و گفتوگۆی پێویست دەکەین بۆ ئەوەی حکومەتی ئاییندەی عێراقی پێک بهێندرێت".
ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد، داوایان لە هەردوو کوتلەکە کردووە بە شێوازی نووسین وەڵامی داواکارییەکان بدەنەوە.
سەبارەت بە گفتوگۆی پارتی و یەکێتی لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان، گوتەبێژی پارتی گوتی "شاندی بەغدا دوور لە چاوی میدیا لەم چەند رۆژی رابردوو بەردەوام هاتوون، ئەم بەیانییەش شاندێک لێرە بوون. دوێنێ، پێرێ و رۆژی هەینیش شاند لێرە بووە و گفتوگۆ لەسەر ئەو بابەتانە کراوە. هەر یەکە بەشێوازێک پڕۆژەی خۆی تەرح دەکات؛ لە هەردوو کوتلەکە هەم بەرەی مالیکی و فەتح هەم بەرەی سائیروون و نەسر لە هەردوولاوە شاند هاتووە قسە لەسەر ئەو بابەتە کراوە".
لەبارەی هەڵبژاردنی پەڕلەمانی کوردستانیشەوە مەحموود محەممەد گوتی "ئەوەی بەشداربووانی کۆبوونەوە تەئکیدیان لەسەر کردەوە ئەوەیە هەوڵ دەدەین هەڵمەتێکی هێمنانە و لەسەرخۆ و تەوازن بەڕێوە ببەین، هەروەکوو لە هەڵمەتی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا ئەنجاممان دا. خۆمان بە هەندێک بابەتی لاوەکی، کە خەڵکی دیکە دەیانەوێت خۆیان سەرقاڵبکەن، سەرقاڵ ناکەین. بەڵکوو چیمان کردووە و چیمان لە خەیاڵدایە بۆ خەڵکی کوردستان ئەوە بە خەڵک دەڵێین، راستگۆ دەبین لەگەڵ خەڵک بە چاکی و خراپییەکانەوە".
Your Comment