به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ئه‌مڕۆ شه‌ممه 8ی ئه‌یلوولی 2018 هیزه‌ر ناوێرت گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا له به‌یاننامه‌یێكدا رایگه‌یاند: "به‌گوێره‌ی ده‌ستووری عێراقی خۆپیشاندانی ئاشتییانه مافی هاووڵاتییانه به‌ڵام له‌سه‌ریان پێویسته پارێزگاری له دامه‌زراوه‌كانی كه‌رتی گشتی و تایبه‌ت بكه‌ن وه‌ک چۆن مافیانه خۆپیشاندان بكه‌ن له‌سه‌ریشیانه ئه‌و ئه‌ركه جێبه‌جێ بكه‌ن."
ناوبراو گوتیشی: "ویلایه‌ته یه‌كگرتوووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا به‌گشتی سه‌ركۆنه‌ی به‌كارهێنانی توندوتیژی دژی دیپلۆماتكاران ده‌كات، له نێویشیاندا ئه‌وه‌ی له به‌سره ڕووی داوه. داوا له سه‌رجه‌م لایه‌نه‌كان و هێزه ئه‌منییه‌كان و خۆپیشانده‌ران ده‌كه‌ین پاڵپشتیی خۆپیشاندانی ئاشتییانه بكه‌ن، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا دیپلۆماتكاران و دامه‌زراوه‌كانیان بپارێزن."
ماوه‌ی چه‌ند مانگێكه خه‌ڵكی پارێزگای به‌سره به شێوازی جۆراوجۆر ناڕه‌زایی دژی نه‌بوونی خزمه‌تگوزارییه بنه‌ڕه‌تییه‌كانی ژیان ده‌رده‌بڕێن و ده‌ڵێن: "ته‌نانه‌ت ئاوی خواردنه‌وه‌یان نییه و ئاوی سوێر ده‌خۆنه‌وه و به‌و هۆیه‌شه‌وه نه‌خۆشی و په‌تا له پارێزگاكه بڵاو بوووه‌ته‌وه" و نه‌بوونی كاره‌با و ده‌رفه‌تی كار به‌رۆكی خه‌ڵكی پارێزگای به‌سره‌ی گرتوووه و له ڕۆژی هه‌ینی 7ی ئهیلوول خۆپیشاندانه‌كان زیاتر و خۆپیشانده‌ران تووڕه‌تر بوون و به‌و هۆیه‌وه هێزه ئه‌منییه‌كان به توندی به‌ره‌نگاریان بوونه‌ته‌وه و چه‌ندین خۆپیشانده‌ر كوژراون و بریندار بوون.
سه‌رچاوه: K24
کۆدی هه‌واڵنێر: 60103
Your Comment