وته‌بێژی یه‌کێتی هۆکاره‌کانی به‌شداری نه‌کردنی کورد له‌ دوو کوتله‌ گه‌وره‌ شیعییه‌که‌ی عێراق ئاشکرا ده‌کات

به‌شی دیمانه‌/ عێراق و هه‌رێمی کوردستان- وته‌بێژی فه‌رمیی یه‌کێتی که‌ ئه‌ندامێکی باڵای شاندی دانووستانکاری کورد له‌ به‌غداش بوو گفتوگۆیێکی له‌گه‌ڵ کوردپرێس کردوووه‌ و تێیدا ئاماژه‌ به‌و خاڵانه‌ ده‌کات که‌ بوونه‌ هۆکار بۆ ئه‌وه‌ی پارتی و یه‌کێتی به‌پێی به‌رنامه‌ی داڕێژراو به‌شداریی هیچ لایه‌نێکی شیعییان نه‌کرد. هه‌روه‌هاش هه‌ڵوێستی یه‌کێتی له‌باره‌ی پۆستی سه‌رۆکایه‌تیی کۆماری عێراقیشه‌وه‌ ئاشکرا ده‌کات.

کوردپرێس: دوا کاتژمێره‌کانی شه‌وی یه‌کشه‌ممه‌ 11ی خه‌رمانان به‌رانبه‌ر به‌ 2ی ئه‌یلوول دوو لیست له‌لایه‌ن دوو هاوپه‌یمانیی گه‌وره‌ی شیعییه‌وه‌ بڵاو کرایه‌وه‌ که‌ یه‌کیان ناوی هاوپه‌یمانیی چاکسازی و بونیات‌نانه‌وه‌ بوو و بریتی بوو له‌ نه‌سر و سائیروون و حیکمه‌ و وه‌ته‌نییه‌ و هاوپه‌یمانی دیکه‌ش له‌ هاوپه‌یمانیی فه‌تح و ده‌وڵه‌تی یاسا پێکهاتبوو. هه‌ریه‌که‌ له‌و دوو لیسته‌ش خۆیان به‌ کوتله‌ی گه‌وره‌تری په‌رله‌مان ده‌زانن. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی لێکه‌وته‌ و کاردانه‌وه‌ به‌رانبه‌ر به‌و دوو لیسته‌ چه‌ند قووڵ بوو خاڵی جێی سه‌رنج ئه‌وه‌ بوو که‌ دوو حیزبی ده‌سه‌ڵاتداری هه‌رێمی کوردستان واتا پارتی و یه‌کێتی نه‌چوونه‌ هیچ یه‌ک له‌و هاوپه‌یمانێتییه‌ شیعییانه‌وه‌. ئه‌وه‌ش له‌ کاتێکدایه‌ پارتی و یه‌کێتی به‌ 43 کورسیی په‌رله‌مانه‌وه‌ شاندێکی باڵایان ناردۆته‌ به‌غدا و له‌ ماوه‌ی هه‌فته‌ی ڕابردوودا کۆمه‌ڵێک گفتوگۆ و کۆبوونه‌وه‌ی چڕیان له‌گه‌ڵ سه‌رکرده‌ی هاوپه‌یمانێتییه‌ گه‌وره‌ و بچووکه‌ عێراقییه‌کان و به‌ تایبه‌ت دوو لایه‌نی شیعی ده‌ست پێکردبوو و چاوه‌ڕوان ده‌کرا که‌ له‌ یه‌که‌م کۆبوونه‌وه‌ی په‌رله‌مان که‌ ڕۆژی دووشه‌ممه‌ 3ی ئه‌یلوول به‌ڕێوه‌چوو له‌ کوتله‌ گه‌وره‌که‌ی په‌رله‌مان به‌شداری بکه‌ن و له‌گه‌ڵ یه‌ک له‌و لایه‌نه‌ شیعییانه‌ خۆیان یه‌کلا بکه‌نه‌وه‌.

ئاژانسی هه‌واڵی کوردپرێس له‌باره‌ی ئه‌نجامی گفتوگۆکانی شاندی کورد له‌ به‌غدا و هه‌روه‌هاش هه‌ڵوێست و ستراتێژیی ئه‌وان له‌باره‌ی پێکهێنانی حکوومه‌تی نوێی عێراق و وه‌ڵامی لایه‌نی عێراقی بۆ داواکارییه‌کانی کورد و مه‌سه‌له‌ی پۆستی سه‌رۆکایه‌تی کۆمار گفتوگۆیێکی له‌گه‌ڵ سه‌عدی ئه‌حمه‌د پیره‌ وته‌بێژی فه‌رمیی یه‌کێتی کردووه‌ که‌ هاوکات ئه‌ندامێکی باڵای شاندی دانووستانکاری کورد بوو له‌ به‌غدا. ده‌قی دیمانه‌که‌ لێره‌ بخوێنه‌ره‌وه‌:

کوردپرێس: وه‌کوو ئه‌ندامێکی باڵای شاندی دانووستانکار گفتوگۆکانتان له‌ به‌غدا کۆبوونه‌وه‌کانتان به‌ کوێ گه‌یشت؟ ئایا ئه‌نجامێکی هه‌بوو یان نا؟

سه‌عدی ئه‌حمه‌د پیره‌: ئه‌نجامی کۆبوونه‌وه‌کان باش بوو. هه‌موو لایه‌نه‌ عێراقییه‌کان پڕۆژه‌کانی ئێمه‌یان وه‌رگرت. هه‌موو پڕۆژه‌کانیش زۆر جیاوازیی له‌گه‌ڵ پڕۆژه‌کانی لایه‌نه‌ عێراقییه‌کان نه‌بوو به‌ڵام ئێستاکه‌ سه‌ره‌تای گفتوگۆکانه‌ و جێبه‌جێ کردنی بابه‌تی پڕۆژه‌کان ده‌که‌وێته‌ پاش پێکهێنانی حکوومه‌ت و له‌ ڕاستیدا ئێمه‌ له‌و دوو گرووپه‌ شیعییه‌ هه‌بوون و ژماره‌یان ته‌قریبه‌ن وه‌کوو یه‌کن ئێمه‌ بێ‌لایه‌نیمان هه‌ڵبژارد له‌به‌ر ئه‌وه‌ی بۆ ئێمه‌ زه‌حمه‌ت بوو بکه‌وینه‌ به‌ره‌یێکی دژی شیعه‌ چوونکه‌ ئه‌وه‌ کێشه‌یێکی له‌ نێوان خۆیاندا. ڕاسته‌ ڕه‌نگه‌ بوعدێکی نێوده‌وڵه‌تی هه‌بێت به‌ڵام شیعه‌ شیعه‌ ده‌بینێت و به‌ گشتی سه‌دا 80 سه‌دا 90ی به‌رنامه‌کان به‌ بێ ته‌ئیدی مه‌رجه‌عییه‌ت جێبه‌جێ نابێت. یه‌ک له‌و پێشنیارانه‌ش که‌ ئێمه‌ کردمان و جێبه‌جێ بوو مه‌سه‌له‌ی سوێند خواردن و پاشان دواخستنی بارودۆخه‌کان له‌به‌ر ئه‌وه‌ی مه‌سه‌له‌ی کاندید بۆ په‌رله‌مان و بۆ پۆسته‌کانی‌تر یه‌کلا نه‌بۆته‌وه‌ ده‌بێت له‌ ئێستاوه‌ تا ڕۆژی شه‌ممه‌ فرسه‌ت بدرێت بۆ ئه‌وه‌ی ڕاوێژ بکرێت بۆ ده‌ستنیشان کردنی کاندیده‌کان چوونکه‌ سه‌رۆکی په‌رله‌مان کلیلی پڕۆسه‌که‌یه‌.

کوردپرێس: چاوه‌ڕوان ده‌کرێت ئێوه‌ وه‌کوو لایه‌نی کوردستانی که‌ بریتی له‌ یه‌کێتی و پارتی بوون و 43 کورسیی په‌رله‌مانتان پێیه‌ به‌شداری یه‌کێک له‌ دوو کوتله‌ گه‌وره‌که‌ی په‌رله‌مان بن که‌ هه‌ردووکیان شیعی بوون. هۆکار چی بوو که‌ نه‌چوونه‌ هیچ کام له‌و هاوپه‌یمانێتییانه‌وه‌؟ ئایا ئه‌وه‌ بۆ هه‌ڵوێستی تایبه‌تی ئێوه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ یان ڕازی نه‌بوونی لایه‌نه‌ عێراقییه‌کان له‌ پێش مه‌رجه‌کانی کورد؟

سه‌عدی ئه‌حمه‌د پیره‌: نه‌خێر وانییه‌. کاری به‌ پێشنیاره‌کانی ئێمه‌وه‌ نییه‌. به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ پێشنیاره‌کانی ئێمه‌ به‌ گشتی له‌ ڕووی مه‌بده‌ئیه‌وه‌ ڕازی بوون به‌ڵکوو کاری به‌ هه‌ڵوێستی ئێمه‌ هه‌یه‌. ئێمه‌ به‌ ساڵحمان نه‌زانی به‌شدار بین له‌ گه‌ڵاڵه‌ بوونی ئه‌م دوو به‌ره‌یه‌ و پێمان باش نه‌بوو بچینه‌ به‌ره‌یێکیان و له‌ به‌رانبه‌ر به‌ره‌یێکی دیکه‌یاندا بین بۆیه‌ بێ‌لایه‌نیمان هه‌ڵبژارد چوونکه‌ ئێمه‌ له‌ به‌غدا وه‌کوو یه‌کێتی و پارتی گفتوگۆ ناکه‌ین به‌ڵکوو وه‌کوو نوێنه‌ری خه‌ڵکی کوردستان گفتوگۆ ده‌که‌ین بۆیه‌ ئێمه‌ ناتوانین بچینه‌ ئۆپۆزیسیۆن به‌ڵکوو ده‌بێ بچینه‌ حکوومه‌ت. هه‌رچی له‌ عێراق بیه‌وێت حوکم بکات ده‌بێت له‌گه‌ڵ ئێمه‌ گفتوگۆ بکات له‌سه‌ر شه‌راکه‌ت.

کوردپرێس: چ ده‌سته‌به‌رێک هه‌یه‌ بۆ جێبه‌جێ کردنی داواکارییه‌کانی کورد پاش پێکهێنانی حکوومه‌ت؟ ئایا داوای نووسراو ده‌که‌ن؟

سه‌عدی ئه‌حمه‌د پیره‌: به‌ڵێ ئێمه‌ داوای زه‌مانه‌تی نووسراو له‌و فراکسیۆنانه‌ ده‌که‌ین که‌ حکوومه‌ت پێکده‌هێنن.

کوردپرێس: ئایا لایه‌نی عێراقی ئاماده‌ بوون بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و نووسراوه‌ بده‌ن به‌ کورد؟

سه‌عدی ئه‌حمه‌د پیره‌: به‌ڵێ ئاماده‌ بوون بۆ گفتوگۆ کردن له‌سه‌ر زه‌مانه‌تێکی نووسراو.

کوردپرێس: حه‌یده‌ر عه‌بادی له‌ دوایین کۆنفڕانسی ڕۆژنامه‌وانیی خۆیدا ڕایگه‌یاند ئێمه‌ له‌سه‌ر که‌رکووک له‌گه‌ڵ کورد قسه‌مان نه‌کردوووه‌ و حازر به‌ پاشه‌کشێ نیین له‌سه‌ر هه‌ڵوێستی خۆمان له‌باره‌ی که‌رکووکه‌وه‌. ئێوه‌ له‌وباره‌وه‌ چی ده‌ڵێین؟

سه‌عدی ئه‌حمه‌د پیره‌: ئه‌وه‌ هه‌واڵێک بوو که‌ له‌ میدیاکان بڵاو کرایه‌وه‌ به‌ڵام عه‌بادی پاشان جه‌ختی کرده‌وه‌ که‌ مه‌سه‌له‌که‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ خه‌ڵکی که‌رکووک بۆ ئه‌وه‌ی چاره‌نووسی که‌رکووک دیاری بکه‌ن.

کوردپرێس: پێشبینیتان بۆ پێکهێنانی حکوومه‌ت چییه‌؟

سه‌عدی ئه‌حمه‌د پیره‌: ئێمه‌ پێمانوایه‌ حکوومه‌تی عێراق ده‌بێت حکوومه‌تێک بێت که‌ له‌ حکوومه‌ته‌کانی پێشوو جیاواز بێت. ئه‌گه‌ر سیاسه‌ته‌که‌ی هه‌مان سیاسه‌ت و هه‌مان پێکهاته‌ بێت ئه‌وا بینیمان که‌ سه‌رکه‌وتوو نه‌بوو. پاش هه‌ڵبژاردنی 12ی ئایار بینیمان سه‌دا 70ی خه‌ڵک له‌ ناوه‌ڕاست و خوارووی عێراق به‌شداریی ده‌نگدانی نه‌کرد. دیاره‌ ئه‌وه‌ هه‌ڵوێسته‌ و مه‌ترسییه‌ له‌سه‌ر پڕۆسه‌ی سیاسی له‌ عێراق. هۆکاریشی ئه‌وه‌یه‌ که‌ له‌ نێو شه‌قامی عێراق کێشه‌یێکی گه‌وره‌ له‌گه‌ڵ کلاسی سیاسی له‌ عێراق بۆیه‌ پێش له‌وه‌ی بیر له‌ پایه‌ و پۆست بکرێته‌وه‌ پێویسته‌ ئاشته‌واییێکی چاک بکرێت له‌ نێوان شه‌قامی عێراق و لایه‌نی سیاسی ئه‌گه‌رنا ئه‌مه‌ به‌ره‌و خراپتر ده‌ڕوات.

کوردپرێس: ئێوه‌ وه‌کوو لایه‌نی کوردی چه‌ند خولی دانووستانتان له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌کانی عێراق بوووه‌. ئێوه‌ وه‌کوو کورد به‌ کامه‌ لایه‌ن نزیکترن؟

سه‌عدی ئه‌حمه‌د پیره‌: ئه‌وه‌ی که‌ ئێمه‌ به‌ کامه‌ لایه‌نی عێراقی نزیکترین له‌ چه‌ند ڕۆژی داهاتوودا مه‌علووم ده‌بێت چوونکه‌ نزیکتر ئه‌وه‌یه‌ که‌ زۆرترین تێگه‌یشتنی هه‌بێت بۆ داخوازییه‌کان. ئێمه‌ وتوومانه‌ ڤیتۆمان له‌سه‌ر هیچ که‌سێک نییه‌ و نامانه‌وێت هیچ لایێک په‌راوێز بخه‌ین بۆیه‌ هه‌ڵوێستی ئه‌وان به‌رانبه‌ر به‌ کێشه‌کانی هه‌رێمی کوردستان و چاره‌کردنی کێشه‌ هه‌ڵواسراوه‌کان ده‌بێته‌ به‌هێزترکردنی پردی پێوه‌ندی و متمانه‌ی زیاتر.

کوردپرێس: پۆستی سه‌رۆک کۆماری هێشتا له‌لایه‌ن پارتی و یه‌کێتی یه‌کلا نه‌بۆته‌وه‌ و ڕه‌خنه‌ له‌ ئێوه‌ ده‌گیرێت که‌ نه‌تانتوانیوه‌ له‌سه‌ر پرسێکی وه‌ها بگه‌نه‌ ڕێککه‌وتن. له‌وباره‌یه‌وه‌ چی ده‌ڵێن؟

سه‌عدی ئه‌حمه‌د پیره‌: بڕوا ناکه‌م له‌وباره‌یه‌وه‌ کێشه‌ له‌ نێوان پارتی و یه‌کێتیدا ببێت چوونکه‌ ئه‌و پۆسته‌ پۆستی یه‌کێتییه‌. له‌ ئه‌سڵدا به‌ر پایه‌ی ڕێککه‌وتننامه‌یێک له‌ نێوان یه‌کێتی و پارتی سه‌رۆکی هه‌رێم دراوه‌ به‌ پارتی و سه‌رۆک کۆماریش دراوه‌ به‌ یه‌کێتی. ڕاسته‌ سه‌رۆکی هه‌رێم ده‌ستی له‌کار کشاوه‌ته‌وه‌ به‌ڵام به‌رپرسیارێتییه‌کانی سه‌رۆکی هه‌رێم دراوه‌ به‌ سه‌رۆکی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران که‌ له‌ ئه‌سڵدا ئه‌ویش جێگری سه‌رۆکی پارتییه و ئێمه‌ باسی پۆستی سه‌رۆک کۆمار و سه‌رۆکی هه‌رێم ده‌که‌ین دیاره‌ باسی دابه‌ش کردنی ده‌سه‌ڵات ده‌که‌ین. دیاره‌ ده‌سه‌ڵات ته‌نها له‌ عینواندا گۆڕاوه‌ بۆیه‌ وه‌کوو پێشوو ڕێککه‌وتنه‌که‌ گۆڕانی به‌ سه‌ردا نه‌هاتوووه‌ و پۆستی سه‌رۆک کۆمار بۆ یه‌کێتییه‌.

کوردپرێس: ئایا یه‌کێتی ناوی که‌سێکی وه‌کوو پاڵێوراو داوه‌؟ باسی دوکتۆر به‌رهه‌م ده‌کرێت که‌ ئه‌ویش له‌گه‌ڵ یه‌کێتیدا نییه‌.

سه‌عدی ئه‌حمه‌د پیره‌: نه‌خێر. ئێمه‌ تا ئێستا که‌سێکمان ده‌ستنیشان نه‌کردوووه‌ بۆ پۆستی سه‌رۆک کۆمار. سه‌رۆکایه‌تیی کۆمار وه‌کوو پۆسته‌کانی‌تره‌ و ئێمه‌ پێمان باشه‌ هه‌ر که‌س بێت ده‌بێ ئه‌ندامێکی یه‌کێتی بێت.

دیمانه‌: حه‌سه‌ن ساڵحی

داگرتن و داڕشتنه‌وه‌: به‌شی کوردیی هه‌واڵده‌ریی کوردپرێس

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 37877

Your Comment

You are replying to: .
captcha