کوردپرێس:
دانیشتنی فەرمیی ئەمڕۆی پەڕلەمان 8ی سەرلەبەیانی دەستی پێکرد و پڕۆژیاسای ناوچەی ئازادی بازرگانیی مەریوان و بانە لەلایەن پەڕلەمانتارانەوە خرایە دەنگدان و بە کۆی 141 دەنگی بەڵی و 75 دەنگی نەخێر و 7 دەنگی بێ لایەن پەسەند کرا. ئەوەش پەسەندکرانی کۆتایی بوو.
پاش پەسەندکرانی ڕەشنووسی پڕۆژەیاساکە کە حەفتەی ڕابردوو ئەنجام درا ئەمڕۆ دیسان بۆ دوا پەسەندکرانی خرایەوە دەنگدان و بە زۆرینەی دەنگ پەسەند کرا بۆ ئەوەی بکرێتە یاسا.
شیاوی ئاماژەیە پاش ئەم پەسەندکرانە، پڕۆژەیاساکە دەچێتە شۆرای نیگابان و پاش پەسەندکرانی لە شورای نیگابان ڕێگە بە پڕۆژەیاساکە دەدرێت بخرێتە قۆناغی جێبەجێکردنەوە.
پەسەندکرانی ئەو پڕۆژەیاسایە لە کاتێکدایە کە خەڵکی ناوچەکە دەمێکە ئارەزوومەندن بە دەرچوونی ئەو یاسایە لە پەڕلەمان بەڵام بێگومان یاساکە بۆ جێبەجێکرانی کۆمەڵێک گرفتی جدیی دەبێت کە گرینگرتینان بریتین لە نەبوونی جادەوبانی باش و نەبوونی فڕۆکەخانە و گێچەڵی زەویی پڕۆژەکە و دوور بوونی ناوچەکە لە شار و کۆمەڵێک گرفتی دیکە کە لە شاری مەریوان پێویستە کاریان لە سەر بکرێت.
Your Comment